لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 121:119-176

په‌سنییه‌كان 121:119-176 PNTZS

حوكم و دادپه‌روه‌ریم كردووه‌. ڕاده‌ستی سته‌مكارم مه‌كه‌. به‌ڵێن بده‌ چاكه‌ له‌گه‌ڵ به‌نده‌ی خۆت بكه‌یت، با لووتبه‌رزه‌كان نه‌مچه‌وسێننه‌وه‌. چاوم كز بوو له‌ په‌رۆشیم بۆ ڕزگارییه‌كه‌ت. بۆ وشه‌ی باشخوازیت. به‌پێی میهره‌بانیه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ به‌نده‌كه‌ت ڕه‌فتار بكه‌. فێری فه‌رزه‌كانی خۆتم بكه‌. من به‌نده‌ی تۆم. تێم بگه‌یێنه‌‌. تا گه‌واهییه‌كانت بزانم. كاتی كاركردنه‌ بۆ په‌روه‌ردگار. چونكه‌ فێركردنه‌كانت شكێنراون. بۆیه‌ حه‌زم له‌ ڕاسپارده‌كانته‌، زیاتر له‌ ئاڵتوون و له‌ زێڕی پوخته‌كراو. بۆیه‌ هه‌موو ڕاسپارده‌كانت له‌ هه‌موو شتێک به‌ ڕاست ده‌زانم. ڕقم له‌ هه‌موو ڕێگایه‌كی چه‌وته‌. گه‌واهییه‌كانت سه‌رسوڕهێنه‌رن، بۆیه‌ گیانم ده‌یانپارێزێت. ده‌ركه‌وتنی فه‌رمووده‌كانت ڕووناكی ده‌به‌خشێت، تێگه‌یشتنیش به‌ نه‌زانه‌كان. ده‌مم كرده‌وه‌ و هه‌ناسه‌بڕكێمه‌. چونكه‌ په‌رۆشی ڕاسپارده‌كانتم. ئاوڕم لێ‌ بده‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌، وه‌ک ڕه‌وا بۆ ئه‌وانه‌ی ناوی تۆیان خۆش ده‌وێت. هه‌نگاوه‌كانم له‌ وشه‌كه‌ت جێگیر بكه‌. مه‌هێڵه‌ هیچ تاوانێک به‌سه‌رمدا زاڵ بێت. له‌ سته‌می مرۆڤ بمكڕه‌وه‌. تا ڕاسپارده‌كانت بپارێزم. ڕووت به‌سه‌ر به‌نده‌ی خۆتدا بدره‌وشێنه‌وه‌، فێری فه‌رزه‌كانی خۆتم بكه‌. جۆگه‌ی ئاو له‌ چاوه‌كانم داده‌ڕژێت. چونكه‌ فێركردنه‌كانی تۆیان په‌یڕه‌و نه‌كردووه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ باشخوازیت، حوكمه‌كانت ڕاستن. ئه‌و گه‌واهیانه‌ی فه‌رمانت پێ داوه‌ ڕه‌وان و جێی متمانه‌ن. دڵگه‌رمیم سووتاندمی، چونكه‌ دوژمنانم فه‌رمووده‌كانی تۆیان له‌بیركردووه‌. وشه‌ی تۆ زۆر بێگه‌رده‌، به‌نده‌كه‌ت حه‌زی لێیه‌تی. من بچووک و ڕه‌تكراوه‌م، به‌ڵام ڕاسپارده‌كانت له‌ یادناكه‌م. دادپه‌روه‌ریت تاهه‌تایه‌ دادپه‌روه‌ریه‌، فێركردنه‌كانت ڕه‌وان. ته‌نگانه‌ و ناخۆشیم تووش بووه‌. به‌ڵام فه‌رمانه‌كانت شادیی منن. گه‌واهییه‌كانت تاهه‌تایه‌ دادپه‌روه‌رن. تێم بگه‌یه‌نه‌ تا بژیم. پڕ به‌ دڵ هاوار ده‌كه‌م. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، وه‌ڵامم بده‌ره‌وه‌. فه‌رزه‌كانت ده‌پارێزم. هاوار بۆ تۆ ده‌كه‌م. ڕزگارم بكه‌، گه‌واهییه‌كانت ده‌پارێزم. هه‌ڵده‌ستم پێش به‌ره‌به‌یان هاوارت بۆ ده‌هێنم. چاوه‌ڕێی فه‌رمووده‌كانی تۆ ده‌كه‌م. به‌درێژایی شه‌و به‌ئاگام، تا له‌ فه‌رمووده‌كانت وردببمه‌وه‌. به‌گوێره‌ی میهره‌بانیه‌كه‌ت گوێ‌ له‌ ده‌نگم بگره‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانت بمژیێنه‌وه‌. پیلانگێڕان نزیک بوونه‌وه‌. له‌ فێركردنه‌كانت دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ زۆر نزیكیت، هه‌موو راسپارده‌كانت ڕه‌وان. له‌ مێژه‌وه‌ له‌ گه‌واهییه‌كانت ده‌زانم، كه‌ بۆ تاهه‌تایه‌ داتناون. سه‌یری زه‌لیلیم بكه‌ و ده‌ربازم بكه‌. چونكه‌ فێركردنه‌كانی تۆ له‌بیر ناكه‌م. پارێزه‌ری له‌ گرفته‌كه‌م بكه‌ و بمكڕه‌وه‌. به‌گوێره‌ی وشه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌. ڕزگاری له‌ به‌دكاران دووره‌. چونكه‌ فه‌رزه‌كانی تۆیان نه‌ویست. به‌زه‌ییت زۆره‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار. به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانت بمژیێنه‌وه‌. دوژمنانم و ئه‌وانه‌ی دوام ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌ زۆرن. به‌ڵام له‌ گه‌واهییه‌كانی تۆ لام نه‌داوه‌. ناپاكانم بینی بێزم هاته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی وشه‌ی تۆیان له‌به‌رچاو نه‌گرتووه‌. ببینه‌ كه‌ حه‌ز له‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌كه‌م. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌گوێره‌ی میهره‌بانیه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌. سه‌راپای وشه‌كانت ڕه‌وایه‌‌. هه‌موو حوكمه‌ دادپه‌روه‌رییه‌كانت تاهه‌تایین. سه‌رۆكه‌كان به‌بێ‌ هۆ ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌. به‌ڵام دڵم له‌ فه‌رمووده‌كه‌ی تۆ ده‌له‌رزێت. به فه‌رمووده‌كانت‌ دڵشاد ده‌بم، وه‌ک یه‌كێک ده‌ستكه‌وتێكی زۆری چنگ كه‌وتبێت. ڕق و قینم له‌ درۆیه‌، حه‌زم له‌ فێركردنه‌كانی تۆیه‌. ڕۆژی حه‌وت جار ستایشت ده‌كه‌م، بۆ دادپه‌روه‌ریی حوكمه‌كانت. ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌ فێركردنه‌كانت ده‌كه‌ن له‌وپه‌ڕی ئاشتیدان. ساتمه‌ له‌ هیچ شتێ‌ ناكه‌ن. هیوام به‌ ڕزگاریی تۆیه‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار. به‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم كرد. گیانم گه‌واهییه‌كانی تۆی پاراست. زۆر حه‌زم لێیانه‌. ڕاسپارده‌ و گه‌واهیه‌كانی تۆ ده‌پارێزم، چونكه‌ هه‌موو ڕێگاكانم له‌ به‌رده‌متدان. ئه‌ی په‌روه‌ردگار با هاوارم بگاته‌ لات. به‌گوێره‌ی فه‌رمووده‌كه‌ت تێم بگه‌یه‌نه‌. با پاڕانه‌وه‌م بچێته‌ ئاماده‌گیت. به‌گوێره‌ی وشه‌كه‌ت ده‌ربازم بكه‌. با لێوم ستایشی لێ‌ بڕژێت، چونكه‌ فێری فه‌رزه‌كانی خۆتم ده‌كه‌یت. با زمانم گۆرانی به‌سه‌ر فه‌رمووده‌كانت بڵێ، چونكه‌ هه‌موو ڕاسپارده‌كانت دادپه‌روه‌رین. با ده‌ستت ئاماده‌بێت بۆ یارمه‌تیم. چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم هه‌ڵبژاردووه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، من به‌ په‌رۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ، فێركردنه‌كانت شادیی منن. با گیانم بژیێته‌وه‌ تا ستایشت بكه‌م، حوكمه‌كانت یارمه‌تیم بدات. وه‌ک به‌رخی وێڵ گومڕا بووم. به‌ دوای به‌نده‌كه‌تدا بگه‌ڕێ‌، چونكه‌ ڕاسپارده‌كانتم له‌بیر نه‌كردووه‌.