لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پیلیۆس 1:1-13

پیلیۆس 1:1-13 PNTZS

پۆڵۆس و تیماتیئوسی به‌نده‌كانی ئیشۆعی مه‌سیح، بۆ هه‌موو پارساكان له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا له‌ پیلیۆس، له‌گه‌ڵ چاودێران و ڕاژه‌وانان: به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ ئێوه‌. سوپاسی خوداوه‌ندم ده‌كه‌م هه‌ر كاتێ یادتان بكه‌م، هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو نزاكانم به‌ خۆشییه‌وه‌ بۆ هه‌مووتان داوا ده‌كه‌م، چونكه‌ له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ تا ئێستا به‌شداریتان له‌ ئینجیل كردووه‌. له‌مه‌شدا دڵنیام، ئه‌وه‌ی له‌ ئێوه‌دا ئه‌م ئیشه‌ چاكه‌ی ده‌ستپێكردووه‌، تاكو ڕۆژی ئیشۆعی مه‌سیح ته‌واوی ده‌كات. هه‌روه‌ک ئه‌مه‌ ڕاسته‌ كه‌وا سه‌باره‌ت به‌ هه‌مووتان هه‌ست بكه‌م، چونكه‌ ئێوه‌ له‌ دڵی مندان. ئه‌گه‌ر به‌م كۆت و زنجیره‌م بێ، یاخود كاتی به‌رگریم له‌ ئینجیل و چه‌سپاندنی، هه‌مووتان له‌گه‌ڵم به‌شداری له‌ به‌خشش ده‌كه‌ن. خودا گه‌واهیده‌رمه‌ چه‌نده‌ په‌رۆشی هه‌مووتانم، به‌ سۆزی ئیشۆعی مه‌سیح. ئه‌م نوێژه‌ ده‌كه‌م: كه‌ خۆشویستنتان زیاتر و زیاتر بێت، له‌ زانین و هه‌موو تێگه‌یشتنێک، تاكو باشترین شت جیا بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژی مه‌سیح دڵسۆز و بێ كۆسپ بن، پڕبووبن له‌ به‌رهه‌می خوداناسی به‌ ئیشۆعی مه‌سیح بۆ شكۆ و ستایشی خودا. برایان، ده‌مه‌وێ بزانن ئه‌وه‌ی به‌سه‌رم هات ئینجیلی زیاتر به‌ره‌و پێش برد، ته‌نانه‌ت كۆته‌كانم له‌ پێناوی مه‌سیح له‌لای هه‌موو پاسه‌وانانی ئیمپراتۆر و هه‌موو شوێنێک ده‌ركه‌وت.