ده‌رفه‌تێک ڕێككه‌وت، كاتێ هیڕوودس له جه‌ژنی له‌دایكبوونی بۆ گه‌وره فه‌رمانده‌كانی و پیاو ماقوڵانی گلیلا خوانی سازكرد. كچی هیرۆدیا هاته ژووره‌وه و سه‌مای كرد. جا هیڕوودس و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی پاڵیاندابووه‌وه دڵخۆشیكردن. پاشا به كچه‌كه‌ی وت: “هه‌رچیه‌كت ده‌وێ له منی داوا بكه، ده‌تده‌مێ”. سوێندیشی بۆ خوارد: “هه‌رچیم لێ داوا بكه‌یت ده‌تده‌مێ، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی پاشایه‌تیه‌كه‌شم بێت”. ئه‌ویش ده‌رچوو و به دایكی وت: “داوای چی بكه‌م؟” وتی: “سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار”. یه‌كسه‌ر و به په‌له هاته ژووره‌وه بۆ لای پاشا، داوای كرد و وتی: “ده‌مه‌وێت هه‌رئێستا سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكارم له‌سه‌ر سینییه‌ک بده‌یتێ”. پاشا زۆر دڵگران بوو. به‌ڵام له‌به‌ر سوێنده‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی له‌سه‌ر خوان بوون، نه‌یویست ڕه‌تی بكاته‌وه. پاشا یه‌كسه‌ر پیاوكوژی نارد و فه‌رمانی دا سه‌ری بهێنن. ئه‌ویش چوو و له زیندان سه‌ری بڕی، له‌سه‌ر سینییه‌ک سه‌ری هێنا و دایه كچه‌كه، كچه‌ش دایه دایكی. كاتێ قوتابییه‌كانی بیستیان، هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و له گۆڕێكدا ناشتیان. په‌یامبه‌ران له ئیشۆع كۆبوونه‌وه، هه‌موو ئه‌وه‌ی كردبوویان و فێریان كردبوو بۆیان گێڕایه‌وه. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “هه‌ر خۆتان به‌ته‌نێ وه‌رنه شوێنێكی چۆڵ كه‌مێک پشوو بده‌ن”. چونكه ئه‌وانه‌ی ده‌هاتن و ده‌چوون زۆر بوون، ده‌رفه‌تی نان خواردنیان نه‌بوو. ئیتر هه‌ر خۆیان به كه‌شتی چوونه شوێنێكی چۆڵ. به‌ڵام زۆر خه‌ڵک بینیانن و ناسیانن، له هه‌موو شاره‌كانه‌وه پێكه‌وه به پێیان به‌ره‌و ئه‌وێ ڕایان ده‌كرد و پێشیان كه‌وتن. كاتێ ئیشۆع دابه‌زی، كۆمه‌ڵێكی زۆری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونكه وه‌ک كاوڕی بێ شوان بوون. ده‌ستی پێكرد زۆر شتی فێركردن. دوای چه‌ند كاژێرێكی زۆر، قوتابییه‌كانی لێی هاتنه پێش، وتیان: “ئه‌م شوێنه چۆڵه و كاتیش دره‌نگه. به‌ڕێیان بكه، تاكو بچنه ئه‌م لادێ و گوندانه‌ی ده‌وروبه‌ر نان بۆ خۆیان بكڕن، چونكه هیچیان نیه بیخۆن”. وه‌ڵامی دایه‌وه و فه‌رمووی: “ئێوه شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. پێیان وت: “ئایا بچین بایی دوو سه‌د دینار نانیان بۆ بكڕین و بیانده‌ینێ، تاكو بیخۆن؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “چه‌ند نانتان پێیه؟ بڕۆن ببینن”. كه زانییان وتیان: “پێنج له‌گه‌ڵ دوو ماسی”. ئینجا فه‌رمانی پێدان خه‌ڵكه‌كه كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر سه‌وزه گیا دابنیشێنن. ئه‌وانیش ڕیز ڕیز دانیشتن، سه‌د سه‌د و په‌نجا په‌نجا. ئینجا پێنج نانه‌كه و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبڕیه ئاسمان، داڕشتی كرد و نانه‌كانی له‌تكرد و دایه قوتابییه‌كانی تاكو له‌به‌رده‌میان دایبنێن، دوو ماسیه‌كه‌شی به‌سه‌ر هه‌موویان دابه‌شكرد. جا هه‌موو خواردیان و تێربوون. پاشان دوازده سه‌به‌ته‌ی پڕ له له‌ته‌نان و ماسییان هه‌ڵگرته‌وه. ئه‌وانه‌ی له نانه‌كه‌یان خوارد نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو بوون.
مه‌رقوس 6 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مه‌رقوس 6
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مه‌رقوس 21:6-44
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان