لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 27:14-72

مه‌رقوس 27:14-72 PNTZS

ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌مشه‌و هه‌مووتان گومانم لێ ده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، كاوڕه‌كان په‌رت ده‌بن} . به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ گلیلا”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌گه‌ر هه‌موو گومان بكه‌ن، من گومان ناكه‌م!”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: تۆ ئه‌مڕۆ، هه‌ر ئه‌مشه‌و، پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. به‌ڵام زیاتر پێی داگرت و وتی: “ئه‌گه‌ر ناچار بم له‌گه‌ڵیشت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م!”. هه‌مووشیان وایان وت. هاتنه‌ شوێنێک پێی ده‌ووترا گێتسیمه‌ن، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “لێره‌ دانیشن تاكو نوێژ ده‌كه‌م”. ئینجا په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی له‌گه‌ڵ خۆی برد، ده‌ستی به‌ دڵگرانی و دڵته‌نگی كرد. پێی فه‌رموون: “زۆر دڵته‌نگم، خه‌ریكه‌ بمرم! لێره‌ بمێننه‌وه‌ و بێداربن”. كه‌مێک دووركه‌وته‌وه‌ و خۆی خسته‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی كرد تاكو ئه‌گه‌ر ببێت كاته‌كه‌ی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت. فه‌رمووی: “بابه‌! باوكه‌، هه‌موو شتێک بۆ تۆ ده‌بێت، ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لاببه‌. به‌ڵام نه‌ک ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت”. ئینجا گه‌ڕایه‌وه‌ بینی نووستوون، به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “شیمعون نووستوویت؟ نه‌تتوانی كاژێرێک بێداربیت؟ بێداربن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ک تاقی بكرێنه‌وه‌. ڕووح چاڵاكه‌ به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌”. دیسان ڕۆیشت و نوێژی كرد، هه‌مان وته‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌. دیسان گه‌ڕایه‌وه‌ بینی نووستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو، نه‌یانزانی چۆن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌. سێیه‌م جار گه‌ڕایه‌وه‌، پێی فه‌رموون: “ئێستا بنوون و پشوو بده‌ن! به‌سه‌! كاته‌كه‌ هاتووه‌! ئه‌وه‌تا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی گوناهباران ده‌كرێت. هه‌ستن با بڕۆین! ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات نزیكبووه‌وه‌!”. یه‌كسه‌ر، كاتێ هێشتا قسه‌ی ده‌كرد، ئیهوودا یه‌كێک بوو له‌ دوازده‌كه‌، گه‌یشت. كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان و پیرانه‌وه‌ نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو. ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات، نیشانه‌یه‌كی پێدابوون، وتبووی: “ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م، خۆیه‌تی، بیگرن و به‌ پاسه‌وانییه‌وه‌ بیبه‌ن”. كاته‌كه‌ هات و ئیهوودا هاته‌ لای وتی: “گه‌وره‌م، گه‌وره‌م!” و ماچی كرد. ئیتر قۆڵبه‌ستیان كرد و گرتییان. یه‌كێک له‌ ئاماده‌بووان، شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵا دا و گوێی بڕی. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “وه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و كوته‌كه‌وه‌‌ هاتوون بمگرن؟ هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگادا له‌گه‌ڵتان بووم ئامۆژگاریم ده‌كرد، نه‌تانگرتم! به‌ڵام بۆ هاتنه‌دیی سیپاره‌كانه‌”. ئینجا هه‌موو به‌جێیان هێشت و هه‌ڵاتن. گه‌نجێک دوای ئیشۆع كه‌وت پارچه‌ كه‌تانێكی له‌به‌ر بوو ڕووتییه‌كه‌ی داپۆشیبوو، جا گه‌نجان گرتییان. ئه‌ویش كه‌تانه‌كه‌ی به‌جێهێشت و به‌ ڕووتی هه‌ڵات. ئیشۆعیان برده‌ لای كاهینی باڵا، هه‌موو كاهینی باڵا و پیران و ته‌وراتزانه‌كان كۆبوونه‌وه‌. په‌تڕۆسیش دووربه‌دوور تا نێو حه‌وشه‌ی كاهینی باڵا دوای كه‌وت، له‌گه‌ڵ ڕاژه‌وانان له‌به‌رده‌م ئاگر دانیشتبوو خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌. كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌دریم به‌دوای گه‌واهییه‌ک ده‌گه‌ڕان له‌سه‌ر ئیشۆع تاكو بیكوژن، به‌ڵام ده‌ستیان نه‌كه‌وت. چونكه‌ كه‌سانێكی زۆر به‌ درۆ گه‌واهییان له‌سه‌ری دا و گه‌واهییه‌كانیان كۆک نه‌بوو. هه‌ندێک هه‌ستان و به‌ درۆ گه‌واهییان له‌سه‌ری دا و وتیان: “ئێمه‌ گوێمان لێیبوو ده‌یووت: من ئه‌م په‌رستگایه‌ی ده‌ستكرده‌ ده‌یڕوخێنم، به‌ سێ ڕۆژ یه‌كێكی دیكه‌ بنیاد ده‌نێم كه‌ ده‌ستكرد نه‌بێت”. له‌مه‌شدا گه‌واهییه‌كه‌یان كۆک نه‌بوو. كاهینی باڵاش له‌ناوه‌ڕاست ڕاوه‌ستا و له‌ ئیشۆعی پرسی: “هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌وانه‌ گه‌واهیی چی له‌ دژت ده‌ده‌ن؟” به‌ڵام ئیشۆع بێده‌نگ مایه‌وه‌ و هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. دیسان كاهینی باڵا لێی پرسی و پێی وت: “ئایا تۆ مه‌سیحه‌كه‌ی، ڕۆڵه‌ی داڕشتكراوه‌كه‌ی؟” ئیشۆع فه‌رمووی: “من ئه‌وم. وا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن له‌ ده‌سته‌ڕاستی هێزدار داده‌نیشێت وله‌گه‌ڵ هه‌وری ئاسماندا دێته‌وه‌”. كاهینی باڵا جله‌كانی خۆی دادڕی و وتی: “ئیتر چ پێویستیه‌كمان به‌ گه‌واهیده‌ران هه‌یه‌؟ خۆ گوێتان له‌ كفره‌كانی بوو! ڕاتان چییه‌؟” هه‌موو بڕیاریان دا كه‌ شایانی مه‌رگه‌. هه‌ندێک تفیان لێ كرد و ڕوویان داپۆشی و مستیان لێ دا و پێیان ده‌ووت: “پێشبینی بكه‌”. ڕاژه‌وانانیش زیللـه‌یان لێ ده‌دا. په‌تڕۆس له‌ خواره‌وه‌ له‌ حه‌وشه‌ بوو، یه‌كێک له‌ كه‌نیزه‌كانی كاهینی باڵا هات. كاتێ په‌تڕۆسی بینی خۆی گه‌رم ده‌كاته‌وه‌، تێیڕووانی و وتی: “تۆش له‌گه‌ڵ ئیشۆعی ناسڕه‌تیی بوویت!”. نكۆڵی كرد و وتی: “نازانم، تێناگه‌م چی ده‌ڵێی!” ده‌رچووه‌ داڵانه‌كه‌. ئینجا كه‌ڵه‌شێر قوولاندی. كه‌نیزه‌كه‌ بینییه‌وه‌، به‌ ئاماده‌بووانی وت: “ئه‌مه‌ش له‌وانه‌!” دیسان نكۆڵی كرد. پاش كه‌مێک ئاماده‌بووان، به‌ په‌تڕۆسیان وت: “به‌ ڕاستی تۆ له‌وانیت، چونكه‌ تۆش گلیلاییت و زاراوه‌كه‌ت وه‌ک زاراوه‌ی ئه‌وانه‌!”. ده‌ستیكرد به‌ نه‌فره‌تكردن و سوێندخواردن: “ئه‌م پیاوه‌ی باسی ده‌كه‌ن نایناسم!”. كه‌ڵه‌شێر بۆ دووه‌م جار قوولاندی، په‌تڕۆس فه‌رمووده‌ی ئیشۆعی بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ پێی فه‌رمووبوو: “پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. كاتێ بیری لێ كرده‌وه‌ گریا.