لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 10:14-46

مه‌رقوس 10:14-46 PNTZS

ئینجا ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی یه‌كێک بوو له‌ دوازده‌كه‌، چووه‌ لای كاهینانی باڵا تاكو ئیشۆعیان ڕاده‌ست بكات. كاتێ گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و به‌ڵێنیان پێیدا زیوی بده‌نێ. جا له‌ هه‌لێک ده‌گه‌ڕا تاكو ڕاده‌ستی بكات. له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی فه‌تیره‌دا، كه‌ قوربانیی په‌سخه‌یان ده‌كرد، قوتابییه‌كانی پێیان وت: “ده‌ته‌وێ بچینه‌ كوێ ئاماده‌كاری بكه‌ین، تاكو په‌سخه‌ بخۆیت؟” ئه‌ویش دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ نێو شار، كابرایه‌ک تووشتان ده‌بێت گۆزه‌یه‌ک ئاوی هه‌ڵگرتووه‌، دوای بكه‌ون. له‌كوێ چووه‌ ژووره‌وه‌، به‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ بڵێن: ڕابی ده‌ڵێ: كوا ژووره‌كه‌ تاكو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم په‌سخه‌ی تێدا بخۆم؟ ئه‌ویش له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ ژوورێكی گه‌وره‌تان پیشان ده‌دات، ڕاخراوه‌ و ئاماده‌ كراوه‌، له‌وێ بۆمانی ئاماده‌ بكه‌ن”. قوتابییه‌كان ده‌رچوون و هاتنه‌ شار، وه‌ک پێی فه‌رمووبوون بینییان و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد. كه‌ ئێواره‌ داهات، له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ هات. پاڵیاندابووه‌وه‌ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم، یه‌كێكتان وا له‌گه‌ڵم ده‌خوات، ڕاده‌ستم ده‌كات!” خه‌م دایگرتن و یه‌ک یه‌ک وتیان: “خۆ من نیم؟”، “خۆ من نیم؟” پێی فه‌رموون: “یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ستی له‌نێو قاپه‌كه‌دایه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت وه‌كو نووسراوه‌ بڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵی ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كات! باشتر بوو بۆ ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر له‌دایک نه‌بووایه!”. كاتێ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع نانێكی هه‌ڵگرت و داڕشتیكرد و له‌تیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “بگرن بخۆن، ئه‌مه‌ له‌شی منه‌”. ئینجا جامێكی هه‌ڵگرت و سوپاسی كرد و پێیدان، هه‌موو لێیان خوارده‌وه‌. پێی فه‌رموون: “ئه‌مه‌ خوێنی منه‌ كه‌ بۆ په‌یمانی نوێی، له‌پێناوی زۆر كه‌س ده‌ڕژێت. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئیتر له‌ به‌رهه‌می مێو ناخۆمه‌وه‌ تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ پاشایه‌تیی خودا به‌ نوێی ده‌یخۆمه‌وه‌”. ئینجا ستایشیان كرد و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌مشه‌و هه‌مووتان گومانم لێ ده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، كاوڕه‌كان په‌رت ده‌بن} . به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ گلیلا”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌گه‌ر هه‌موو گومان بكه‌ن، من گومان ناكه‌م!”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: تۆ ئه‌مڕۆ، هه‌ر ئه‌مشه‌و، پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. به‌ڵام زیاتر پێی داگرت و وتی: “ئه‌گه‌ر ناچار بم له‌گه‌ڵیشت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م!”. هه‌مووشیان وایان وت. هاتنه‌ شوێنێک پێی ده‌ووترا گێتسیمه‌ن، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “لێره‌ دانیشن تاكو نوێژ ده‌كه‌م”. ئینجا په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی له‌گه‌ڵ خۆی برد، ده‌ستی به‌ دڵگرانی و دڵته‌نگی كرد. پێی فه‌رموون: “زۆر دڵته‌نگم، خه‌ریكه‌ بمرم! لێره‌ بمێننه‌وه‌ و بێداربن”. كه‌مێک دووركه‌وته‌وه‌ و خۆی خسته‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی كرد تاكو ئه‌گه‌ر ببێت كاته‌كه‌ی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت. فه‌رمووی: “بابه‌! باوكه‌، هه‌موو شتێک بۆ تۆ ده‌بێت، ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لاببه‌. به‌ڵام نه‌ک ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت”. ئینجا گه‌ڕایه‌وه‌ بینی نووستوون، به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “شیمعون نووستوویت؟ نه‌تتوانی كاژێرێک بێداربیت؟ بێداربن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ک تاقی بكرێنه‌وه‌. ڕووح چاڵاكه‌ به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌”. دیسان ڕۆیشت و نوێژی كرد، هه‌مان وته‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌. دیسان گه‌ڕایه‌وه‌ بینی نووستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو، نه‌یانزانی چۆن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌. سێیه‌م جار گه‌ڕایه‌وه‌، پێی فه‌رموون: “ئێستا بنوون و پشوو بده‌ن! به‌سه‌! كاته‌كه‌ هاتووه‌! ئه‌وه‌تا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی گوناهباران ده‌كرێت. هه‌ستن با بڕۆین! ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات نزیكبووه‌وه‌!”. یه‌كسه‌ر، كاتێ هێشتا قسه‌ی ده‌كرد، ئیهوودا یه‌كێک بوو له‌ دوازده‌كه‌، گه‌یشت. كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان و پیرانه‌وه‌ نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو. ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات، نیشانه‌یه‌كی پێدابوون، وتبووی: “ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م، خۆیه‌تی، بیگرن و به‌ پاسه‌وانییه‌وه‌ بیبه‌ن”. كاته‌كه‌ هات و ئیهوودا هاته‌ لای وتی: “گه‌وره‌م، گه‌وره‌م!” و ماچی كرد. ئیتر قۆڵبه‌ستیان كرد و گرتییان.