لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 1:11-18

مه‌رقوس 1:11-18 PNTZS

كاتێ له‌ یروشلایم نزیک بوونه‌وه‌، له‌ بتپاگی و بتعه‌نیا له‌لای كێوی زه‌یتوون، دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، هه‌ركه‌ ده‌چنه‌ نێوی، ده‌بینن جاشێک به‌ستراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا كه‌س سواری نه‌بووه‌، بیكه‌نه‌وه‌ و بیهێنن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک پێی وتن: بۆ ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟ بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی، ئینجا یه‌كسه‌ر بۆ ئێره‌ی ده‌نێرێت”. چوون و له‌ شه‌قامه‌كه‌ بینییان جاشێک له‌ ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش كردیانه‌وه‌. هه‌ندێ كه‌س له‌وێ ڕاوه‌ستابوون، پێیان وتن: “چی ده‌كه‌ن، جاشه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟” وه‌ک ئیشۆع پێی ڕایسپاردبوون وه‌ڵامیان دایه‌وه‌، ئیتر ڕێگایان دان. جاشه‌كه‌یان بۆ ئیشۆع هێنا و كراسه‌كانیان خسته‌ سه‌ری، ئه‌ویش سواری بوو. زۆر كه‌سیش كراسه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕاخست، هه‌ندێكیش له‌ دره‌خته‌كان لقه‌داریان بڕیه‌وه‌ و له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕایانخست. ئه‌وانه‌ی پێشیه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌دوایه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتن، هاواریان ده‌كرد: “هۆسانا! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هاتووه‌! پیرۆزه‌ پاشایه‌تیی داویدی باوكمان كه‌ به‌ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هاتووه‌! هۆسانا له‌ به‌رزایی!” ئیشۆع چووه‌ نێو یروشلایم و په‌رستگاكه‌، كاتێ ته‌ماشای هه‌موو شتێكی ده‌وروبه‌ری كرد، كاته‌كه‌ دره‌نگ داهات و له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ بۆ بتعه‌نیا ده‌رچوون. بۆ به‌یانی كه‌ له‌ بتعه‌نیا ده‌رچوون، برسیی بوو. له‌ دووره‌وه‌ دارهه‌نجیرێكی بینی گه‌ڵای كردبوو، هاته‌ لای تاكو شتێكی پێوه‌ ببینێت. كاتێ هاته‌ لای، له‌ گه‌ڵا زیاتر هیچی پێوه‌ نه‌بینی، چونكه‌ وه‌رزی هه‌نجیر نه‌بوو. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئیتر تاهه‌تایه‌ كه‌س له‌ به‌رت ناخوات!”. قوتابییه‌كانیشی گوێیان لێبوو. هاتنه‌وه‌ یروشلایم، كاتێ ئیشۆع چووه‌ نێو په‌رستگاكه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ركرد كه‌ فرۆشتن و كڕینیان له‌ په‌رستگادا ده‌كرد، مێزی پاره‌گۆڕه‌وان و ته‌ختی كۆترفرۆشانی وه‌رگێڕا. نه‌یهێشت كه‌س به‌ شتومه‌كه‌وه‌ به‌ نێو په‌رستگادا تێپه‌ڕێت. ئامۆژگاریی ده‌كردن و ده‌یفه‌رموو: “ئایا نه‌نووسراوه‌: {ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌بردرێت بۆ هه‌موو گه‌لان؟} به‌ڵام ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان} !” ته‌وراتزان و كاهینانی باڵا گوێیان لێبوو، بیریان ده‌كرده‌وه‌ چۆن له‌ناوی ببه‌ن، چونكه‌ لێی ده‌ترسان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ ئامۆژگاریه‌كانی سه‌رسام ببوون.