لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 17:5-32

مه‌تته‌ی 17:5-32 PNTZS

وا بیر نه‌كه‌نه‌وه‌ من هاتووم ته‌ورات یان پێغه‌مبه‌ران پووچه‌ڵ بكه‌مه‌وه‌، نه‌هاتووم بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌، به‌ڵكو بۆ ته‌واوكردن. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: تا زه‌وی و ئاسمان له‌ناوده‌چن، پیتێک یان خاڵێكی ته‌ورات له‌ناوناچێت، تاكو هه‌مووی دێته‌ دی. بۆیه‌ هه‌ركه‌سێک بچووكترینی ئه‌م ڕاسپاردانه‌ بشكێنێت و ئاواش فێر بكات، له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندا به‌ بچووكترین ناوده‌بردرێت. به‌ڵام هه‌ركه‌سێک په‌یڕه‌وی بكات و فێر بكات، له ‌پاشایه‌تیی ئاسماناندا به‌ مه‌زن ناوده‌بردرێت. من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر خوداناسیتان له‌ ته‌وراتزانان و په‌ڕیشییه‌كان زیاتر نه‌بێت، هه‌رگیز ناچنه‌ نێو پاشایه‌تیی ئاسمانانه‌وه‌. بیستووتانه‌ به‌ پێشینان وتراوه‌: {مه‌كوژه‌} ، ئه‌وه‌ی بكوژێت شایانی حوكم به‌سه‌ردانه‌. به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: هه‌ركه‌سێ به‌بێ هۆ له‌ براكه‌ی تووڕه‌ بێت، شایانی حوكم به‌سه‌ردانه‌. ئه‌وه‌ی به‌ براكه‌ی ده‌ڵێ “بێ مێشک”، شایانی سه‌نهه‌دریمه‌، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت “گێله”، شایانی ئاگری دۆزه‌خه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر قوربانیت بۆ سه‌ربڕگه‌ هێنا و له‌وێ بیرت كه‌وته‌وه‌ كه‌ براكه‌ت شتێكی له‌سه‌رته‌وه‌ هه‌یه‌، له‌وێ له‌به‌رده‌م سه‌ربڕگه‌دا قوربانییه‌كه‌ت به‌جێ بهێڵه‌ و بڕۆ یه‌كه‌مجار براكه‌ت ئاشت بكه‌وه‌، ئینجا وه‌ره‌ و قوربانییه‌كه‌ت بكه‌. خێرا له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كه‌ت ئاشتبه‌وه‌ له‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵته‌ و به‌ڕێگاوه‌ن، نه‌وه‌ک نه‌یاره‌كه‌ت بتداته‌ ده‌ست دادوه‌ر و دادوه‌ریش بتداته‌ ده‌ست پۆلیس و فڕێ بدرێیته‌ زیندان. ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: له‌وێ ده‌رناچیت تا دوایین فلس نه‌ده‌یته‌وه‌. بیستووتانه‌ به‌ پێشینان وتراوه‌: {داوێنپیسی مه‌كه‌} . به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی به‌ هه‌وه‌سه‌وه‌ بڕوانێته‌ ژنێک، ئه‌وا له‌ دڵی خۆیدا داوێنپیسیی له‌گه‌ڵ كردووه‌. ئه‌گه‌ر چاوی ڕاستت بۆت بووه‌ كۆسپ، ده‌ریبهێنه‌ و فڕێی بده‌. چونكه‌ باشتره‌ بۆت ئه‌ندامێكت له‌ناوبچێت، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بخرێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ده‌ستی ڕاستت بۆت بووه‌ كۆسپ، بیبڕه‌وه‌ و فڕێی بده‌، چونكه‌ باشتره‌ بۆت ئه‌ندامێكت له‌ناوبچێت، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بخرێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌. دیسان وتراوه‌: {ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات، با ته‌ڵاقنامه‌یی بداته‌ ده‌ست} . به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی بێ هۆی داوێنپیسی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات، وای لێده‌كات داوێنپیسی بكات. ئه‌وه‌ش ته‌ڵاقدراوێک بهێنێت، ئه‌وا داوێنپیسی ده‌كات.