لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 26:26-44

مه‌تته‌ی 26:26-44 PNTZS

كه‌ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع نانێكی هه‌ڵگرت، داڕشتیكرد و له‌تیكرد، دایه‌ قوتابییه‌كان و فه‌رمووی: “بگرن، بخۆن، ئه‌مه‌ له‌شی منه‌”. ئینجا جامه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و داڕشتیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “هه‌موو لێی بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ خوێنی منه‌، كه‌ بۆ په‌یمانی نوێ له‌پێناوی زۆر كه‌سدا بۆ گوناهبه‌خشین ده‌ڕژێت. پێشتان ده‌ڵێم: له‌مه‌ودوا من له‌م به‌رهه‌مه‌ی مێو ناخۆمه‌وه‌، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ پاشایه‌تیی باوكم به‌ نوێتی له‌گه‌ڵتان ده‌یخۆمه‌وه‌”. ئینجا ستایشیان كرد و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون. ئینجا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌مشه‌و هه‌مووتان گومانم لێده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، مێگه‌له‌كه‌ په‌رت ده‌بێت} . به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ گلیلا”. په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ئه‌گه‌ر هه‌موو گومانت لێ بكه‌ن، من هه‌رگیز گومانت لێ ناكه‌م”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌مشه‌و پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌گه‌ر ناچاریش بووم له‌‌گه‌ڵت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م!” قوتابییه‌كانیش هه‌موو وایان وت. دوای ئه‌وه‌ ئیشۆع له‌گه‌ڵیان بۆ گوندێک هات پێی ده‌ووترا، گێتسیمه‌ن، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “لێره‌ دانیشن، تاكو ده‌چمه‌ ئه‌وێ نوێژ ده‌كه‌م”. په‌تڕۆس و دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی برد، په‌ژاره‌ و خه‌م دایده‌گرت. پێی فه‌رموون: “زۆر دڵته‌نگم خه‌ریكه‌ بمرم، لێره‌ بمێننه‌وه‌ و بێداربن له‌گه‌ڵم”. كه‌مێک چووه‌ پێش و به‌ ڕوودا چووه‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی ده‌كرد و ده‌یفه‌رموو: “باوكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌كرێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر تێپه‌ڕێت. به‌ڵام نه‌ک وه‌ک من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو تۆ”. ئینجا هاته‌وه‌ لای قوتابییه‌كان، بینی نووستوون، به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “وه‌ها نه‌تانتوانی كاژێرێ بێداربن له‌گه‌ڵم؟ بێداربن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ک بچنه‌ نێو تاقیكردنه‌وه‌. چونكه‌ ڕووح چالاكه‌، به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌”. دیسان ڕۆیشته‌وه‌ نوێژی كرد و فه‌رمووی: “باوكه‌! ئه‌گه‌ر ناكرێت ئه‌م جامه‌ له‌سه‌رم تێپه‌ڕێت و هه‌ر ده‌بێت بیخۆمه‌وه‌، با خواستی تۆ بێت. ئینجا هاته‌وه‌ دیسان بینی نووستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو. ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیه‌م نوێژی كرد و هه‌مان شتی وته‌وه‌.