لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 1:26-30

مه‌تته‌ی 1:26-30 PNTZS

كاتێ ئیشۆع هه‌موو ئه‌م فه‌رموودانه‌ی ته‌واو كرد، به‌ قوتابییه‌كانی خۆی فه‌رموو: “ده‌زانن په‌سخه‌ دوو ڕۆژی ماوه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ڕاده‌ست ده‌كرێت تاكو له‌خاچ بدرێت”. ئینجا كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانان و پیرانی گه‌ل له‌ كۆشكی كاهینی باڵا كه‌ ناوی قه‌یاپا بوو كۆببوونه‌وه‌، ڕاوێژیان كرد، بۆئه‌وه‌ی به‌ فێڵێک ئیشۆع بگرن و بیكوژن. به‌ڵام وتیان: “نه‌ک له‌ جه‌ژندا، نه‌وه‌ک ئاژاوه‌ بكه‌وێته‌ نێو گه‌ل”. كاتێ ئیشۆع له‌ بتعه‌نیا له‌ ماڵی شیمعونی گول بوو، ژنێک به‌ شووشه‌یه‌كی بۆنی گرانبه‌هاوه‌ بۆ لای هات و بۆنه‌كه‌ی به‌سه‌ریدا ڕژاند كه‌ له‌سه‌ر خوان بوو. كاتێ قوتابییه‌كانی ئه‌مه‌یان بینی، تووڕه‌ بوون و وتیان: “ئه‌م ده‌ست بڵاوییه‌ی بۆ چییه‌؟ ده‌توانرا به‌ نرخێكی گران بفرۆشرایه‌ و بدرایه‌ته‌ هه‌ژاران”. ئیشۆع زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی ژنه‌كه‌ هه‌راسان ده‌كه‌ن؟ ئه‌م شتێكی چاكی بۆ من كرد. هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌لاتانن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم. كاتێ ئه‌و ئه‌م بۆنه‌ی به‌سه‌ر له‌شمدا ڕژاند، بۆ كفنكردنم ئه‌مه‌ی كرد. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ هه‌موو جیهاندا له‌ هه‌ر كوێ ئه‌م ئینجیله‌ ڕابگه‌یندرێت، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردوویه‌تی، بۆ یادكردنه‌وه‌ی”. ئینجا یه‌كێک له‌ دوازده‌كه‌ كه‌ ناوی ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی بوو، بۆ لای كاهینانی باڵا ڕۆیشت، وتی: “چیم ده‌ده‌نێ تاكو ڕاده‌ستی ئێوه‌ی بكه‌م؟” ئه‌وانیش سی دراوی زیویان بۆ كێشا. ئیتر له‌و كاته‌وه‌ بۆ هه‌لێک ده‌گه‌ڕا تاكو ڕاده‌ستی بكات. له‌ یه‌كه‌می جه‌ژنی فه‌تیره‌دا، قوتابییه‌كان هاتنه‌ لای ئیشۆع و پێیان وت: “ده‌ته‌وێ له‌كوێ خواردنی په‌سخه‌ت بۆ ئاماده‌بكه‌ین؟” فه‌رمووی: “بڕۆنه‌ نێو شار، بۆ لای فڵانه‌ كه‌س، پێی بڵێن: ڕابی ده‌فه‌رمووێ، كاتم نزیک بووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم له‌لای تۆ په‌سخه‌ ده‌كه‌م”. قوتابییه‌كانیش فه‌رمانی ئیشۆعیان جێبه‌جێ كرد و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد. كه‌ ئێواره‌ داهات، له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ پاڵیدایه‌وه‌. كاتێ نانیان ده‌خوارد، فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان ڕاده‌ستم ده‌كات”. ئه‌وانیش زۆر خه‌مبار بوون، هه‌ریه‌كه‌ پێیان وت: “په‌روه‌ردگار، ئه‌و كه‌سه‌ منم؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ست ده‌خاته‌ نێو قاپه‌كه‌، ئه‌و ڕاده‌ستم ده‌كات! ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت وه‌كو له‌سه‌ری نووسراوه‌ بڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كرێت! باشتر بوو بۆ ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر له‌دایک نه‌بووایه‌!”. ئینجا ئیهوودا، ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات، وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “گه‌وره‌م، ئه‌و كه‌سه‌ منم؟” پێی فه‌رموو: “خۆت وتت”. كه‌ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع نانێكی هه‌ڵگرت، داڕشتیكرد و له‌تیكرد، دایه‌ قوتابییه‌كان و فه‌رمووی: “بگرن، بخۆن، ئه‌مه‌ له‌شی منه‌”. ئینجا جامه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و داڕشتیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “هه‌موو لێی بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ خوێنی منه‌، كه‌ بۆ په‌یمانی نوێ له‌پێناوی زۆر كه‌سدا بۆ گوناهبه‌خشین ده‌ڕژێت. پێشتان ده‌ڵێم: له‌مه‌ودوا من له‌م به‌رهه‌مه‌ی مێو ناخۆمه‌وه‌، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ پاشایه‌تیی باوكم به‌ نوێتی له‌گه‌ڵتان ده‌یخۆمه‌وه‌”. ئینجا ستایشیان كرد و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون.