لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 32:24-51

مه‌تته‌ی 32:24-51 PNTZS

له‌ دارهه‌نجیره‌وه‌ په‌ند وه‌رگرن: كاتێ لقه‌كانی نه‌رم بوون و گه‌ڵایان كرد، ده‌زانن هاوین نزیكه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌، ئێوه‌ش كه‌ هه‌موو ئه‌م شتانه‌تان بینی، بزانن نزیكه‌ و له‌به‌رده‌رگایه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌رناچێت تاكو ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌بێت. ئاسمان و زه‌وی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم به‌سه‌رناچن. ئه‌و ڕۆژ و كاته‌ كه‌س نایزانێت، ته‌نانه‌ت فریشته‌كانی ئاسمانانیش، ته‌نها باوكم نه‌بێ. ڕۆژانی نووخ چۆن بوو، هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. چونكه‌ وه‌ک له‌ ڕۆژانی پێش لافاوه‌كه‌ ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌، ژنیان ده‌هێنا و مێردیان ده‌كرد، هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی نووخ چووه‌ نێو كه‌شتییه‌كه‌، نه‌یانزانی تاكو لافاوه‌كه‌ هات و هه‌مووی برد. هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. له‌و كاته‌دا دوو كه‌س له‌ كێڵگه‌ ده‌بن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ. دوو ژن ده‌ستاڕ ده‌گێڕن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ. كه‌واته‌ بێدار بن، چونكه‌ نازانن له‌ چ كاتێكدا په‌روه‌ردگارتان دێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش بزانن: ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ بزانێت له‌ چ به‌تڵێكدا دز دێته‌ سه‌ری، بێدار ده‌بێت و نایه‌ڵێت ماڵه‌كه‌ی ببڕدرێت. بۆیه‌ ئێوه‌ش ئاماده‌ بن، چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ بیری لێ ناكه‌نه‌وه‌. كه‌واته‌ كێیه‌ ئه‌و كۆیله‌ ده‌ستپاک و دانایه‌ی گه‌وره‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕاژه‌وانانی خۆی دایناوه‌، تاكو له‌ كاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟ به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیله‌یه‌ كاتێ گه‌وره‌كه‌ی دێته‌وه‌ ده‌بینێت ئاوا ده‌كات! ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه‌كه‌یدا دایده‌نێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆیله‌ خراپه‌ له‌ دڵی خۆیدا بڵێ: گه‌وره‌كه‌م دواده‌كه‌وێت، ئینجا ده‌ستبكات به‌ لێدانی كۆیله‌ هاوكاره‌كانی و له‌گه‌ڵ سه‌رخۆشان بخوات و بخواته‌وه‌. ئه‌وسا گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ له‌ ڕۆژێكدا دێته‌وه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ی ناكات و له‌ كاژێرێک كه‌ نایزانێت. ئینجا پارچه‌ پارچه‌ی ده‌كات و به‌شی له‌گه‌ڵ ڕووپاماكاندا داده‌نێت، گریان و جیڕه‌ی ددانیش له‌وێدا ده‌بێت.