لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 1:24-30

مه‌تته‌ی 1:24-30 PNTZS

ئیشۆع له‌ په‌رستگا ده‌رچوو و ڕۆیشت، قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای تاكو ته‌لاره‌كانی په‌رستگای پیشان بده‌ن. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بینن؟ ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: لێره‌ به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێت كه‌ نه‌ڕوخێت!”. كاتێ له‌سه‌ر كێوی زه‌یتوون دانیشتبوو، قوتابییه‌كان به‌ته‌نها هاتنه‌ لای و وتیان: “پێمان بفه‌رموو كه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌بێت؟ نیشانه‌ی هاتنه‌وه‌ت و به‌سه‌رچوونی ڕۆژگار چییه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئاگاداربن! كه‌س گومڕاتان نه‌كات. چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن: من مه‌سیحم! زۆر كه‌سیش گومڕا ده‌كه‌ن. جه‌نگ و هه‌واڵی جه‌نگیش ده‌بیستن، وریابن، مه‌تۆقن. چونكه‌ ده‌بێت هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕووبده‌ن، به‌ڵام هێشتا پایان نییه‌. چونكه‌ نه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و پاشایه‌تی له‌ پاشایه‌تی، برسیێتی و بوومه‌له‌رزه‌ش له‌ شوێنی جیاجیا ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی سه‌ره‌تای ژانه‌كانن‌. ئینجا بۆ چه‌وسانه‌وه‌ ڕاده‌ستتان ده‌كه‌ن و ده‌تانكوژن، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌پێناوی ناوی من ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و كاته‌ زۆركه‌س ساتمه‌ده‌كه‌ن و یه‌كتری ڕاده‌ست ده‌كه‌ن و ڕقیان له‌ یه‌كتر ده‌بێته‌وه‌. زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، زۆركه‌س گومڕا ده‌كه‌ن. له‌به‌ر زۆربوونی تاوان، خۆشویستنی زۆركه‌س سارد ده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا پایان دانبه‌خۆیدا بگرێت، ڕزگاری ده‌بێت. ئه‌م ئینجیلی پاشایه‌تییه‌ش له‌ هه‌موو جیهاندا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، ئینجا پایانه‌كه‌ دێت. بۆیه‌ كاتێ ده‌بینن گڵاویی وێرانی له‌ شوێنی پارسادا ڕاوه‌ستاوه‌، ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر دانیئیل باسی كردووه‌ ـ با خوێنه‌ر تێبگات ـ ئینجا با ئه‌وانه‌ی له‌ ئیهووددان بۆ چیاكان هه‌ڵبێن، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ربانه‌ با نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شتێک له‌ ماڵه‌وه‌ ببات. ئه‌وه‌ش له‌ كێڵگه‌دایه‌ با نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌ بۆئه‌وه‌ی جله‌كه‌ی ببات. له‌و ڕۆژانه‌دا وه‌ی به‌حاڵی دووگیان و شیرده‌ران! نوێژ بكه‌ن با هه‌ڵاتنتان له‌ زستان یان له‌ شه‌ممه‌دا نه‌بێت. چونكه‌ له‌وكاتدا ته‌نگانه‌یه‌كی مه‌زن ڕووده‌دات، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای جیهانه‌وه‌ تا ئێستا ئاوا نه‌بووه‌ و نابێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ كورت نه‌كرابوونایه‌وه‌، كه‌س ڕزگاری نه‌ده‌بوو. به‌ڵام له‌ پێناوی بژارده‌كان، ئه‌و ڕۆژانه‌ كورت ده‌كرێنه‌وه‌. ئه‌وسا ئه‌گه‌ر یه‌كێک پێی وتن: ئه‌وه‌تا مه‌سیح لێره‌یه‌! یان: ئه‌وه‌تا له‌وێیه‌! باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. چونكه‌ مه‌سیحانی درۆزن و پێغه‌مبه‌رانی درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، نیشانه‌ی مه‌زن و په‌رجو ده‌كه‌ن، تا ئه‌گه‌ر بكرێ ته‌نانه‌ت بژارده‌كانیش گومڕا ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌تا پێشوه‌خت پێم وتن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پێیان وتن: ئه‌وه‌تا له‌ چۆڵه‌وانییه‌! ده‌رنه‌چن، ئه‌وه‌تا له‌ ژووره‌كانی ناوه‌وه‌یه‌! باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. چونكه‌ چۆن بروسكه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌رده‌چێت و تاكو خۆرئاوا ده‌دره‌وشێته‌وه‌، هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. لاک له‌كوێ بێت، داڵ له‌وێ كۆده‌بێته‌وه‌. یه‌كسه‌ر دوای ته‌نگانه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌، خۆر تاریک ده‌بێت، مانگ ڕووناكییه‌كه‌ی نادات، ئه‌ستێره‌كان له‌ ئاسمان ده‌كه‌ون، هێزه‌كانی ئاسمانان ده‌هه‌ژێن. له‌و كاته‌ نیشانه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ ئاسماندا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وسا هه‌موو هۆزه‌كانی زه‌وی شیوه‌ن ده‌گێڕن، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن به‌سه‌ر هه‌وری ئاسماندا به‌ هێز و شكۆیه‌كی مه‌زنه‌وه‌ دێت.

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە مه‌تته‌ی 1:24-30