لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 1:22-33

مه‌تته‌ی 1:22-33 PNTZS

ئیشۆع دیسان به‌ په‌ند قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن و فه‌رمووی: “پاشایه‌تی ئاسمانان له‌ پاشایه‌ک ده‌چێت كه‌ زه‌ماوه‌ندی بۆ كوڕه‌كه‌ی گێڕا. كۆیله‌كانی نارد تاكو بانگكراوان بۆ زه‌ماوه‌نده‌كه‌ بانگهێشت بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانویست بێن. دیسان كۆیله‌ی دیكه‌ی نارد و وتی: به‌ بانگكراوان بڵێن، ئه‌وه‌تا شێوم ئاماده‌ كردووه‌، گا و دابه‌ستییه‌كانیشم سه‌ربڕیوه‌ و هه‌موو شتێک ئاماده‌یه‌. وه‌رنه‌ زه‌ماوه‌نده‌كه‌! به‌ڵام گوێیان پێ نه‌دا و ڕۆیشتن، یه‌كێک بۆ كێڵگه‌كه‌ی و ئه‌وی دیكه‌ بۆ بازرگانییه‌كه‌ی. ئه‌وانی دیكه‌ كۆیله‌كانیان گرت و جنێویان پێ دان و كوشتیانن. كاتێ پاشا ئه‌وه‌ی بیست تووڕه‌ بوو، سه‌ربازه‌كانی نارد و ئه‌و بكوژانه‌ی له‌ناوبرد و شاره‌كه‌ی سووتاندن. ئینجا به‌ كۆیله‌كانی وت: زه‌ماوه‌ند ئاماده‌یه‌، به‌ڵام بانگكراوه‌كان شایسته‌ نه‌بوون، كه‌واته‌ بڕۆنه‌ سه‌ر ڕێگاكان و ئه‌وه‌ی بینیتان بۆ زه‌ماوه‌نده‌كه‌ بانگی بكه‌ن. ئه‌و كۆیلانه‌ش ده‌رچوونه‌ سه‌ر ڕێگاكان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ چاک و ناچاک بینییان كۆیان كردنه‌وه‌، تاكو زه‌ماوه‌نده‌كه‌ پڕ بوو له‌ میوان. كاتێ پاشا هاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی میوانه‌كان ببینێت، له‌وێ یه‌كێكی بینی جلی زه‌ماوه‌ندی نه‌پۆشابوو. پێی وت: كاكه‌، چۆن بێ جلی زه‌ماوه‌ند هاتیته‌ ژووره‌وه‌؟ ئه‌و بێده‌نگ بوو. ئینجا پاشا به‌ ڕاژه‌وانانی وت: ده‌ست و قاچی ببه‌ستنه‌وه‌ و بیبه‌ن، فڕێیبده‌نه‌ تاریكی ده‌ره‌وه‌، جا گریان و جیڕه‌ی ددان له‌وێ ده‌بێت. چونكه‌ بانگكراو زۆرن، به‌ڵام بژارده‌ كه‌من”. ئینجا په‌ڕیشییه‌كان ڕۆیشتن و ڕاوێژیانكرد تاكو به‌ وشه‌یه‌ک تووشی بكه‌ن. قوتابییه‌كانی خۆیان و هیڕوودسییه‌كانیان نارده‌ لای و وتیان: “ڕابی، ده‌زانین تۆ ڕاستگۆیت و ڕێگای خودا به‌ ڕه‌وا فێرده‌كه‌یت و گوێ به‌ كه‌س ناده‌یت، چونكه‌ ته‌ماشای ڕواڵه‌تی خه‌ڵک ناكه‌یت. كه‌واته‌ پێمان بفه‌رموو ڕات چییه‌: دروسته‌ سه‌رانه‌ بده‌ینه‌ قه‌یسه‌ڕ یان نا؟” ئیشۆع به‌ نیازی خراپیانی زانی و فه‌رمووی: “ئه‌ی ڕووپاماكان، بۆچی تاقیم ده‌كه‌نه‌وه‌؟ پاره‌ی سه‌رانه‌م پیشان بده‌ن”. ئه‌وانیش دینارێكیان بۆ هێنا. پێی فه‌رموون: “ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟” پێیان وت: “قه‌یسه‌ڕ”. ئینجا پێی فه‌رموون: “هی قه‌یسه‌ڕ بده‌نه‌ قه‌یسه‌ڕ، هی خوداش بده‌نه‌ خودا”. كه‌ گوێیان لێبوو سه‌رسام بوون و به‌جێیان هێشت و ڕۆیشتن. له‌ هه‌مان ڕۆژدا زادوقییه‌كان هاتنه‌ لای، كه‌ ده‌ڵێن هه‌ستانه‌وه‌ نییه‌، پرسیان لێكرد: وتیان: “ڕابی، مووشێ فه‌رمووی، ئه‌گه‌ر پیاوێكی وجاخكوێر مرد، ئه‌وا براكه‌ی براژنه‌كه‌ی ده‌خوازێته‌وه‌ و وه‌چه‌ بۆ براكه‌ی ده‌خاته‌وه‌. جا له‌لای ئێمه‌ حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێنا و به‌ وجاخكوێری مرد و ژنه‌كه‌ی بۆ براكه‌ی به‌جێهێشت، به‌ هه‌مان شێوه‌ دووه‌م و سێیه‌م تاكو حه‌وته‌م. له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد. ئایا له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا ده‌بێته‌ ژنی كام له‌و حه‌وته‌؟ چونكه‌ هی هه‌موویان بووه‌!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ گومڕا ده‌بن كه‌ نه‌ له‌ په‌رتووكه‌كان ده‌زانن و نه‌ هێزی خودا. چونكه‌ له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا خه‌ڵكی نه‌ ژن ده‌هێنن و نه‌ مێرد ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌ ئاسماندا وه‌ک فریشته‌ی خودا ده‌بن. ده‌رباره‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش، ئایا ئه‌وه‌تان نه‌خوێندۆته‌وه‌ كه‌ له‌ خوداوه‌ به‌ ئێوه‌ وتراوه‌ و ده‌فه‌رمووێ: {منم خوداوه‌ندی ئه‌وڕاهه‌م و خوداوه‌ندی ئسخه‌ق و خوداوه‌ندی یاقوو؟} خودا خوداوه‌ندی مردووان نییه‌، به‌ڵكو خوداوه‌ندی زیندووانه‌”. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ گوێیان لێیبوو، له‌ ئامۆژگارییه‌كه‌ی سه‌رسام بوون.