لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 12:21-46

مه‌تته‌ی 12:21-46 PNTZS

ئیشۆع چووه‌ نێو په‌رستگای خودا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ركرد كه‌ كڕین و فرۆشتنیان له‌ په‌رستگادا ده‌كرد، مێزی پاره‌گۆڕه‌وان و ته‌ختی كۆترفرۆشانی وه‌رگێڕا. پێی فه‌رموون: “نووسراوه‌، {ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌بردرێت} ، به‌ڵام ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان!} نابینا و شه‌له‌كان له‌ په‌رستگا هاتنه‌ لای و ئه‌ویش چاكیكردنه‌وه‌. به‌ڵام كاتێ كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ئه‌م كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌یان بینی كه‌ ئه‌و كردی و منداڵانیش له‌ په‌رستگا هاواریان ده‌كرد: “هۆشانا بۆ ڕۆڵه‌ی داوید”، ڕقیان هه‌ستا و پێیان وت: “گوێت لێیه‌ ئه‌وانه‌ چی ده‌ڵێن؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “به‌ڵێ! ئه‌ی قه‌ت نه‌تانخوێندۆته‌وه‌: {له‌ زاری منداڵان و شیره‌خۆرانه‌وه‌ ستایشت بۆ خۆت داڕشتووه‌؟} ” ئه‌وسا به‌جێیهێشتن و به‌ره‌و بتعه‌نیا چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، شه‌و له‌وێ مایه‌وه‌. به‌یانی كه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ شار، برسیی بوو. دارهه‌نجیرێكی له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ بینی و هاته‌ لای، له‌ گه‌ڵا زیاتر هیچی پێوه‌ نه‌بینی، ئینجا پێی فه‌رموو: “ئیتر تاهه‌تایه‌ به‌ر نه‌گریت!”. یه‌كسه‌ر دارهه‌نجیره‌كه‌ وشک بوو. كاتێ قوتابییه‌كان ئه‌وه‌یان بینی، سه‌رسام بوون و وتیان: “چۆن یه‌كسه‌ر دارهه‌نجیره‌كه‌ وشک بوو؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان هه‌بێت و گومان نه‌كه‌ن، نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ی دارهه‌نجیره‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌م كێوه‌ش بڵێن، هه‌ڵبكه‌ندرێ و بكه‌وه‌ نێو ده‌ریاوه‌، وا ده‌بێت. جا هه‌رچی له‌ نوێژدا به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ داوای بكه‌ن، وه‌ریده‌گرن”. كه‌ هاته‌ په‌رستگا و خه‌ڵكه‌كه‌ی فێرده‌كرد، كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌ل هاتنه‌ لای و وتیان: “ئه‌مانه‌ به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی پێت داوه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش پرسێكتان لێ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامتان دامه‌وه‌، منیش پێتان ده‌ڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م. عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن، له‌كوێوه‌ بوو؟ له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟” ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌، وتیان: “ئه‌گه‌ر بڵێین له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو، پێمان ده‌ڵێت بۆچی باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا؟ ئه‌گه‌ریش بڵێین له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو، له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ترسین، چونكه‌ هه‌موو یوخه‌ننه‌ن به‌ پێغه‌مبه‌ر داده‌نێن”. ئینجا وه‌ڵامی ئیشۆعیان دایه‌وه‌ و وتیان: “نازانین”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م”. “ڕاتان چییه‌؟ پیاوێک دوو كوڕی هه‌بوو. هاته‌ لای یه‌كه‌میان و وتی: ڕۆڵه‌، ئه‌مڕۆ بڕۆ له‌ ڕه‌زه‌كه‌مدا كار بكه‌. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: ناڕۆم. پاشان په‌شیمان بووه‌وه‌ و ڕۆیشت. هاته‌ لای دووه‌م و هه‌مان قسه‌ی كرد. وه‌ڵامی دایه‌وه‌: به‌سه‌رچاو، گه‌وره‌م! به‌ڵام نه‌ڕۆیشت. ئایا كام له‌م دووانه‌ به‌ خواستی باوكیان كرد؟” وتیان: “یه‌كه‌میان”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: باجگران و داوێنپیسان له‌ چوونه‌ نێو پاشایه‌تیی خودا پێشتان ده‌كه‌ون. چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن به‌ ڕێگای ڕه‌وا بۆ لاتان هات و باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا، به‌ڵام باجگران و داوێنپیسان باوه‌ڕیان پێی هێنا. دواتر كه‌ بینیشتان، هه‌ر تۆبه‌تان نه‌كرد و باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا”. “گوێ له‌ په‌ندێكی دیكه‌ بگرن: گه‌وره‌ی ماڵێک هه‌بوو ڕه‌زێكی چاند، ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی په‌رژین كرد، گوشێنه‌رێكی ترێی تێدا هه‌ڵكۆڵی و قوللـه‌یه‌كی بنیاد نا. به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد و گه‌شتی كرد. كاتێ وه‌رزی به‌رهه‌م نزیک بووه‌وه‌، كۆیله‌كانی نارده‌ لای ڕه‌زه‌وانه‌كان تاكو به‌رهه‌مه‌كه‌ی وه‌ربگرن. ڕه‌زه‌وانه‌كان كۆیله‌كانیان گرت، له‌ هه‌ندێكیان دا و هه‌ندێكیان كوشت و هه‌ندێكیشیان به‌ردباران كرد. دیسان كۆیله‌ی زیاتری له‌وانه‌ی پێشوو نارد، هه‌مان شتیان له‌وانیش كرد. له‌ كۆتاییدا كوڕه‌كه‌ی بۆ لایان نارد، وتی: ڕێزی كوڕه‌كه‌م ده‌گرن! به‌ڵام ڕه‌زه‌وانه‌كان كه‌ كوڕه‌كه‌یان بینی له‌نێو خۆیاندا وتیان: ئه‌مه‌تا میراتگر!، با بیكوژین، تاكو میراته‌كه‌ی ببه‌ین! ئینجا گرتییان و بردیانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌ و كوشتیان. كاتێ خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ دێت، چی له‌و ڕه‌زه‌وانانه‌ ده‌كات؟” پێیان وت: “ئه‌و به‌دكارانه‌ به‌ خراپی له‌ناوده‌بات و ڕه‌زه‌كه‌ش ده‌داته‌ ده‌ست ڕه‌زه‌وانانی دیكه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ وه‌رزی خۆی به‌رهه‌می ده‌ده‌نێ”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “قه‌ت له‌ په‌رتووكه‌كاندا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌ بووه‌ به‌ردی قولینچک؟ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بوو، له‌به‌رچاومان سه‌یره‌؟} بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: پاشایه‌تیی خودا لێتان ده‌سه‌نرێته‌وه‌ و ده‌درێته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک كه‌ به‌رهه‌م ده‌دات. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م به‌رده‌دا بكه‌وێت تێكده‌شكێت، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌سه‌ریدا بكه‌وێت پانی ده‌كاته‌وه‌!”. كاتێ كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان په‌نده‌كانیان بیست، زانییان باسی ئه‌وان ده‌كات. بۆیه‌ ده‌یانویست بیگرن، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ ترسان، چونكه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ریان داده‌نا.