لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 1:15-20

مه‌تته‌ی 1:15-20 PNTZS

ئینجا په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كان له‌ یروشلایمه‌وه‌ هاتنه‌ لای ئیشۆع و وتیان: “بۆچی قوتابییه‌كانت نه‌ریتی پیران ده‌شكێنن؟ پێش نانخواردن ده‌ستیان ناشۆن؟” ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “بۆچی ئێوه‌ش‌ له‌به‌ر نه‌ریتی خۆتان ڕاسپارده‌ی خودا ده‌شكێنن؟ چونكه‌ خودا ڕایسپاردووه‌ و فه‌رموویه‌تی: {ڕێز له‌ باوک و دایكت بگره‌، ئه‌وه‌ی جنێو به‌ باوكی یان دایكی بدات، ده‌بێ بكوژرێت} . به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن: ئه‌وه‌ی به‌ باوكی یان دایكی بڵێت، ئه‌وه‌ی له‌ منی وه‌رده‌گرن، قوربانییه‌، با ڕێز له‌ باوكی یان دایكی نه‌گرێت. جا له‌به‌ر نه‌ریتی خۆتان وشه‌ی خودا پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌! ئه‌ی ڕووپامایان! سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ ئێشه‌عیا پێشبینی باشی كردووه‌ و ده‌ڵێت: {ئه‌م گه‌له‌ به‌ ده‌م لێم نزیک ده‌بێته‌وه‌، به‌سه‌ر لێوان ڕێزم لێ ده‌گرێت، به‌ڵام دڵیان لێم دووره‌. به‌خۆڕایی ده‌مپه‌رستن، فێركردنێک فێرده‌كه‌ن كه‌ ڕاسپارده‌ی خه‌ڵكه‌} ”. ئینجا كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “گوێ بگرن و تێبگه‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ نێو ده‌م، مرۆڤ گڵاو ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ ده‌م دێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات”. ئینجا قوتابییه‌كان هاتنه‌ پێش و پێیان وت: “ده‌زانی كاتێ په‌ڕیشییه‌كان فه‌رمووده‌كه‌یان بیست پێیان ناخۆش بوو؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “هه‌ر ڕووه‌كێک باوكی ئاسمانیم نه‌یچاندبێت، هه‌ڵده‌كه‌ندرێت. لێیانگه‌ڕێن، ئه‌وانه‌ كوێرن ڕابه‌رایه‌تی كوێره‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر كوێر ڕابه‌رایه‌تی كوێر بكات، هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه‌ چاڵه‌وه‌”. په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ وپێی وت: “ئه‌م په‌نده‌مان بۆ ڕاڤه‌ بكه‌”. ئیشۆع فه‌رمووی: “ئێوه‌ش هێشتا تێناگه‌ن؟ نازانن هه‌رچی ده‌چێته‌ نێو ده‌م ده‌ڕواته‌ نێو سک، دوایی فڕێ ده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ده‌م دێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ دڵه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌مه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات. چونكه‌ بیری خراپ له‌ دڵه‌وه‌ ده‌رده‌چێت: كوشتن، داوێنپیسی، به‌دڕه‌وشتی، دزی، گه‌واهیدانی درۆ، كفركردن. ئه‌مانه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كه‌ن. به‌ڵام خواردن به‌بێ ده‌ست شوشتن مرۆڤ گڵاو ناكات”.