لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 12:14-21

مه‌تته‌ی 12:14-21 PNTZS

قوتابییه‌كانی هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و ناشتییان. ئینجا هاتن هه‌واڵیان دایه‌ ئیشۆع. كه‌ ئیشۆع ئه‌مه‌ی بیست، به‌ ته‌نها به‌ره‌و شوێنێكی چۆڵ، به‌ كه‌شتیه‌ک ئه‌وێی به‌جێهێشت. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كان بیستیان، له‌ شاره‌كانه‌وه‌ به‌ پیاده‌ دوای كه‌وتن. كاتێ ده‌رچوو، كۆمه‌ڵانێكی زۆری بینی، دڵی پێیان سووتا و نه‌خۆشه‌كانیانی چاككرده‌وه‌. كاتێ ئێواره‌ داهات، قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای و وتیان: “شوێنه‌كه‌ چۆڵه‌ و كاتیش دره‌نگه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێكه‌ با بڕۆنه‌ گونده‌كان، خواردن بۆ خۆیان بكڕن”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێویست ناكات بڕۆن. خۆتان شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. ئه‌وانیش پێیان وت: “لێره‌ له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌”. ئه‌ویش فه‌رمووی: “بۆمی بهێننه‌ ئێره‌”. فه‌رمانی به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ دا له‌سه‌ر گیاكه‌ دانیشن. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبڕیه‌ ئاسمان، داڕشتی كرد و له‌تی كردن، ئینجا نانه‌كانی دایه‌ قوتابییه‌كان، قوتابیه‌كانیش دایانه‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌. هه‌موو خواردیان و تێر بوون. پاشان له‌و له‌ته‌نانه‌ی مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ی پڕیان هه‌ڵگرته‌وه‌. نانخۆران نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو بوون، بێجگه‌ له‌ ژن و منداڵ.