لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 24:13-46

مه‌تته‌ی 24:13-46 PNTZS

په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌ فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ مرۆڤێک ده‌چێت، تۆوی چاک له‌ كێڵگه‌كه‌ی بچێنێت. به‌ڵام كاتێ خه‌ڵک نووستبوون، دوژمنه‌كه‌ی هات و له‌نێو گه‌نمه‌كه‌دا زیوانی چاند و ڕۆیشت. كاتێ ڕوه‌كه‌كه‌ ڕوا و به‌ری گرت، زیوانه‌كه‌ش ده‌ركه‌وت. كۆیله‌ی خاوه‌ن ماڵ هاتن و پێیان وت: گه‌وره‌م، ئایا له‌ كێڵگه‌كه‌تدا تۆوی چاكت تۆو نه‌كرد؟ ئیتر ئه‌م زیوانه‌ له‌كوێوه‌ هات؟ ئه‌ویش پێی وتن: دوژمن ئه‌مه‌ی كردووه‌. كۆیله‌كانیش پێیان وت: ده‌ته‌وێ بچین كۆیان بكه‌ینه‌وه‌؟ وتی: نه‌خێر! نه‌وه‌ک له‌گه‌ڵ كۆكردنه‌وه‌ی زیوان، گه‌نمیش هه‌ڵبكێشن. تاكو كاتی دروێنه‌ لێگه‌ڕێن با به‌یه‌كه‌وه‌ پێبگه‌ن، جا له‌ كاتی دروێنه‌دا به‌ سه‌پانه‌كان ده‌ڵێم، یه‌كه‌مجار زیوانه‌كه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ و به‌كۆمه‌ڵ بیانبه‌ستنه‌وه‌ تاكو بسووتێندرێن، به‌ڵام گه‌نمه‌كه‌ له‌ عه‌مباره‌كه‌م كۆبكه‌نه‌وه‌”. په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی ئاسمانان وه‌ک ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌ وایه‌، كه‌ یه‌كێک بیبات و له‌ كێڵگه‌كه‌یدا بیچێنێ، كه‌ بچووكترین تۆوه‌، به‌ڵام كاتێ گه‌شه‌ ده‌كات، گه‌وره‌ترین ڕووه‌كه‌ و ده‌بێته‌ دره‌خت، ته‌نانه‌ت باڵنده‌ی ئاسمانیش دێن و له‌سه‌ر لقه‌كانیدا هێلانه‌ ده‌كه‌ن”. په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ فه‌رموون: “پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ هه‌وێنێک ده‌چێت، ژنێک بردی و خستییه‌ نێو سێ پێوانه‌ ئارده‌وه‌، تاكو هه‌مووی هه‌ڵهات”. ئیشۆع هه‌موو ئه‌مانه‌ی به‌ په‌ند بۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌ فه‌رموو، به‌بێ په‌ند فه‌رمووده‌ی بۆ نه‌ده‌كردن، تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌رێک وتراوه‌ بێته‌ دی، كه‌ ده‌فه‌رمووێ: “ {به‌ په‌ند زارم ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ شاراوه‌یه‌ ده‌ریده‌بڕم} ”. ئینجا كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی به‌ڕێكرد و هات بۆ ماڵ. قوتابییه‌كانی لێ هاتنه‌ پێش و وتیان: “په‌ندی زیوانی نێو كێڵگه‌كه‌مان بۆ ڕاڤه‌ بكه‌”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “تۆوده‌ری تۆوه‌ چاكه‌كه‌، ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌. كێڵگه‌كه‌ش جیهانه‌، تۆوه‌ چاكه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی پاشایه‌تین، زیوانه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی به‌دكاره‌كه‌ن، دوژمنه‌كه‌ش كه‌ تۆوی كردن ئیبلیسه‌، دروێنه‌كه‌ش پایانی جیهانه‌، سه‌پانه‌كانیش فریشته‌كانن. وه‌ک زیوانه‌كه‌ كۆ ده‌كرێته‌وه‌ و به‌ ئاگر ده‌سووتێندرێ، له‌ پایانی جیهانیشدا وا ده‌بێت. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ فریشته‌كانی ده‌نێرێت، هه‌موو كۆسپه‌كان و به‌دكاران له‌ پاشایه‌تیییه‌كه‌ی كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و فڕێیان ده‌ده‌نه‌ نێو كووره‌ی ئاگره‌وه‌، جا له‌وێ ده‌بێته‌ گریان و جیڕه‌ی ددان. ئه‌وسا خوداناسان له‌ پاشایه‌تیی باوكیاندا وه‌ک خۆر ده‌دره‌وشێنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن، با ببیستێت! پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ گه‌نجینه‌یه‌ک ده‌چێت له‌ كێڵگه‌یه‌كدا شاردرابێته‌وه‌. یه‌كێک دۆزییه‌وه‌ و شاردییه‌وه‌، له‌ خۆشیان ده‌ڕوات و چیی هه‌یه‌ ده‌یفرۆشێت و ئه‌و كێڵگه‌یه‌ی پێ ده‌كڕێت. هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ بازرگانێک ده‌چێت به‌ شوێن مرواریی نایابدا ده‌گه‌ڕا. كاتێ مروارییه‌كی گرانبه‌های بینی، چوو هه‌رچی هه‌یبوو فرۆشتی و مروارییه‌كه‌ی كڕی.