لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 1:12-37

مه‌تته‌ی 1:12-37 PNTZS

له‌و كاته‌، له‌ شه‌ممه‌دا ئیشۆع به‌نێو ده‌غڵاندا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی برسییان بوو، ده‌ستیانكرد به‌ گوڵه‌گه‌نم پڕواندن و خواردنی. كه‌ په‌ڕیشییه‌كان بینییان، پێیان وت: “ئه‌وه‌تا، قوتابییه‌كانت ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دروست نییه‌ له‌ شه‌ممه‌دا بكرێت!”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌ی نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داوید چی كرد، كاتێ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون برسییان بوو؟ چۆن چووه‌ نێو ماڵی خودا و نانی قوربانیی خوارد، كه‌ بۆ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون دروست نه‌بوو بیخۆن، ته‌نها بۆ كاهینان نه‌بێ؟ یان له‌ ته‌وراتدا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ كه‌ كاهینان، شه‌ممان له‌ په‌رستگادا، شه‌ممه‌ گڵاو ده‌كه‌ن و بێتاوانیشن؟ به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم، مه‌زنتر له‌ په‌رستگا لێره‌یه‌! ئه‌گه‌ر واتای ئه‌وه‌تان بزانایه‌: من میهره‌بانیم ده‌وێ نه‌ک قوربانی، ئه‌وا بێتاوانانتان تاوانبار نه‌ده‌كرد! چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، په‌روه‌ردگاری ڕۆژی شه‌ممه‌یه‌”. له‌وێ ڕۆیشت و هاته‌ كه‌نیشته‌كه‌یان، ئه‌وه‌بوو پیاوێک ده‌ستێكی وشكبوو، لێیان پرسی: “ئایا له‌ شه‌مماندا چاككردنه‌وه‌ دروسته‌؟” تاكو سكاڵای لێبكه‌ن. پێی فه‌رموون: “كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر كاوڕێكی هه‌بێت و له‌ شه‌ممه‌دا بكه‌وێته‌ چاڵێک، ئایا نایگرێت و ده‌ریبهێنێت؟ مرۆڤ چه‌ند له‌ كاوڕ نرخدارتره‌! كه‌واته‌ له‌ شه‌مماندا چاكه‌كردن دروسته‌!” ئینجا به‌ پیاوه‌كه‌ی فه‌رموو: “ده‌ستت درێژ بكه‌”. ئه‌ویش درێژی كرد و چاكبووه‌وه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی دیكه‌. په‌ڕیشییه‌كانیش كه‌ ده‌رچوون، ڕاوێژیان كرد چۆن له‌ناوی ببه‌ن. ئیشۆعیش به‌مه‌ی زانی و له‌وێ ڕۆیشت. جا كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وتن، ئه‌ویش هه‌موویانی چاككرده‌وه‌ و ڕایسپاردن كه‌ ئاشكرای نه‌كه‌ن، تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر‌ ئێشه‌عیا وترابوو بێته‌ دی كه‌ ده‌ڵێت: {ئه‌وه‌تا ڕۆڵه‌كه‌م كه‌ هه‌ڵمبژاردووه‌، خۆشه‌ویستم كه‌ پێی دڵشادم، ڕووحی خۆمی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر، جا هه‌واڵی ڕه‌وا به‌ نه‌ته‌وه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. شه‌ڕ ناكات و هاوار ناكات، كه‌سیش له‌ شه‌قامه‌كاندا ده‌نگی نابیستێت. قامیشێكی كوتراو ناشكێنێت، پڵیته‌یه‌كی دووكه‌ڵكرده‌ ناكوژێنێته‌وه‌، تاكو ڕه‌وا به‌ سه‌ركه‌وتن ده‌گه‌یێنێت. نه‌ته‌وه‌كان هیوایان به‌ ناوی ئه‌و ده‌بێت} . ئینجا شێتێكی كوێر و لاڵیان بۆ هێنا، چاكیكرده‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد و بینی. كۆمه‌ڵانه‌كه‌ هه‌موو سه‌رسام بوون و وتیان: “ده‌بێ ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی داوید بێت؟” به‌ڵام په‌ڕیشییه‌كان كه‌ ئه‌مه‌یان بیست، وتیان: “ئه‌مه‌ شه‌یتانه‌كان ده‌رناكات، مه‌گه‌ر به‌ به‌عله‌زبولی سه‌رۆكی شه‌یتانه‌كان نه‌بێت”. به‌ڵام ئیشۆع ئه‌ندێشه‌یانی زانی و پێی فه‌رموون: “هه‌ر پاشایه‌تیه‌ک دووبه‌ره‌كیی تێدا بێت، وێران ده‌بێت، هه‌ر شارێک یان ماڵێک دووبه‌ره‌كیی تێدا بێت، خۆی ڕاناگرێت. ئه‌گه‌ر شه‌یتان، شه‌یتان ده‌ربكات، ئه‌وا دووبه‌ره‌كییان تێدایه‌، ئیتر چۆن پاشایه‌تییه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌گرێت؟ ئه‌گه‌ر من به‌ به‌عله‌زبول شه‌یتان ده‌ربكه‌م، ئه‌ی ڕۆڵه‌كانتان به‌ كێ ده‌ریان ده‌كه‌ن؟ بۆیه‌ ئه‌وان ده‌بنه‌ دادوه‌رتان! به‌ڵام ئه‌گه‌ر من به‌ ڕووحی خودا شه‌یتانه‌كان ده‌ربكه‌م، ئه‌وا پاشایه‌تی خودا هاتۆته‌ سه‌رتان! یان چۆن یه‌كێک ده‌توانێ بچێته‌ ماڵی به‌هێزێک و شته‌كانی تاڵان بكات، ئه‌گه‌ر یه‌كه‌مجار به‌هێزه‌كه‌ نه‌به‌ستێته‌وه‌، ئینجا ماڵه‌كه‌ی تاڵان بكات؟ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من نییه‌ دژمه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من كۆ ناكاته‌وه‌، بڵاوی ده‌كاته‌وه‌. بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: هه‌موو گوناه‌ و كفرێک ده‌به‌خشرێت، به‌ڵام كفر دژ به‌ ڕووح نابه‌خشرێت. ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ بڵێت، ده‌به‌خشرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ ڕووحی پارسا بڵێت، نابه‌خشرێت، نه‌ له‌م جیهانه‌ و نه‌ له‌وه‌ی دێت. وابكه‌ن دره‌خت باش بێت، به‌رهه‌می باش ده‌بێت. یان وابكه‌ن دره‌خت خراپ بێت، به‌رهه‌می خراپ ده‌بێت، چونكه‌ به‌ به‌رهه‌م دره‌خت ده‌ناسرێت. ئه‌ی بێچوی ماران! كه‌ ئێوه‌ خراپ بن، چۆن ده‌توانن به‌ چاكه‌ بدوێن؟ ده‌م ئه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ له‌ دڵ ده‌ڕژێته‌وه. مرۆڤی چاک له‌ گه‌نجینه‌ی چاک شتی چاک ده‌رده‌هێنێت، مرۆڤی خراپیش، له‌ گه‌نجینه‌ی خراپ، شتی خراپ ده‌رده‌هێنێت. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: هه‌ر وشه‌یه‌كی ناڕه‌وا كه‌ خه‌ڵک پێی ده‌دوێ، له‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا هه‌ژماردی خۆی هه‌یه‌. چونكه‌ به‌ قسه‌كانی خۆت بێتاوان ده‌كرێیت، به‌ قسه‌كانی خۆشت تاوانبار ده‌كرێیت”.