لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 5:10-25

مه‌تته‌ی 5:10-25 PNTZS

ئیشۆع ئه‌م دوازده‌یه‌ی نارد، پێیان ڕاسپارد، فه‌رمووی: “به‌ ڕێگای نه‌ته‌وه‌كاندا مه‌ڕۆن، مه‌چنه‌ شاری شمرنیه‌كان. به‌ڵكو له‌جیاتی ئه‌وه‌ بڕۆنه‌ لای كاوڕه‌ ونبووه‌كانی ماڵی ئیسڕائیل. كاتێ ده‌چن، موژده‌ بده‌ن و بڵێن: پاشایه‌تی ئاسمانان نزیک بووه‌ته‌وه‌. نه‌خۆشان چاكبكه‌نه‌وه‌، گوله‌كان پێگه‌ردبكه‌نه‌وه‌، مردووان زیندووبكه‌نه‌وه‌، شه‌یتانه‌كان ده‌ربكه‌ن. به‌خۆڕایی وه‌رتانگرتووه‌، به‌خۆڕاییش بیده‌ن. زێڕ و زیو و مس له‌ پشتێنتان هه‌ڵمه‌گرن، نه‌ توره‌گه‌ بۆ ڕێگا، نه‌ دوو جل و نه‌ پێڵاو و نه‌ گۆچانیش، چونكه‌ كارگه‌ر شایانی خۆراكی خۆیه‌تی. چوونه‌ هه‌ر شار و گوندێک، به‌ شوێن كه‌سێكی شایسته‌دا بگه‌ڕێن، له‌وێ بمێننه‌وه تا ده‌ڕۆن‌. كه‌ چوونه‌ ماڵێک ئاشتیی لێ بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ماڵه‌كه‌ شایسته‌ بوون، با ئاشتیتان بۆی بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شایسته‌ نه‌بوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی نه‌كردن و گوێی له‌ قسه‌تان نه‌گرت، له‌و ماڵه‌ یان له‌و شاره‌ بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و تۆزی پێتان بته‌كێنن. ڕواتان پێ ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی حوكمداندا، دۆخی زه‌ویی سه‌دوم و عامووڕه‌ له‌و شاره‌ سوكتر ده‌بێت. ئه‌وه‌تا من وه‌ک كاوڕ به‌ نێو گورگاندا ده‌تاننێرم. جا دانا بن وه‌ک مار و ساكار بن وه‌ک كۆتر. به‌ڵام له‌ خه‌ڵكی به‌ئاگابن، چونكه‌ ڕاده‌ستی ئه‌نجومه‌نتان ده‌كه‌ن و له‌ كه‌نیشته‌كانیان به‌ قامچی لێتان ده‌ده‌ن، له‌پێناوی من ده‌بردرێنه‌ به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وایان و پاشایان، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆ ئه‌وان و بۆ نه‌ته‌وه‌كانیش. كاتێكیش ڕاده‌ستتان ده‌كه‌ن، گوێ مه‌ده‌نه‌ ئه‌وه‌ی چۆن یان چی بڵێن، له‌و كاته‌دا پێتان ده‌درێت چی بڵێن، چونكه‌ ئێوه‌ قسه‌كه‌ر نین، به‌ڵكو ڕووحی باوكتانه‌ له‌ ئێوه‌دا قسه‌ده‌كات. برا برای خۆی ڕاده‌ستی مه‌رگ ده‌كات، باوک ڕۆڵه‌ی خۆی. ڕۆڵه‌كان له‌ دایبابیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌یانكوژن! هه‌مووان له‌پێناوی ناوی من ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تاپایان دانبه‌خۆدا بگرێت، ڕزگاری ده‌بێت. كه‌ له‌م شاره‌ قاوتان ده‌ده‌ن، هه‌ڵبێن بۆ یه‌كێكی دیكه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: شاره‌كانی ئیسڕائیل ته‌واو ناكه‌ن پێش هاتنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ. قوتابی له‌ ڕابیه‌كه‌ی باشتر نییه‌ و كۆیله‌ش له‌ گه‌وره‌كه‌ی باشتر نییه‌. به‌سه‌ قوتابی وه‌ک ڕابیه‌كه‌ی بێت و كۆیله‌ش وه‌ک گه‌وره‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ به‌ به‌عله‌زبول ناو ببردرێت، چه‌ند زیاتر خانه‌واده‌كه‌ی؟

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان