لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 49:9-62

لۆقا 49:9-62 PNTZS

یوخه‌ننه‌ن وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “ڕابی، یه‌كێكمان بینی به‌ ناوی تۆوه‌ شه‌یتانی ده‌رده‌كرد، نه‌مانهێشت چونكه‌ له‌گه‌ڵمان دوات ناكه‌وێت”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “قه‌ده‌غه‌ی لێ مه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی دژمان نه‌بێت، له‌گه‌ڵمانه‌”. كه‌ ڕۆژانی به‌رزكردنه‌وه‌ی نزیكبووه‌وه‌، ڕووی خۆی چه‌سپاند تا به‌ره‌و یروشلایم بڕوات. په‌یامبه‌ری له‌پێش خۆی نارد، ئه‌وانیش ڕۆیشتن و چوونه‌ گوندێكی شمرنیه‌كان تاكو شوێنی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن، به‌ڵام پێشوازییان لێ نه‌كرد، چونكه‌ به‌ره‌و یروشلایم ده‌چوو. كاتێ یاقوو و یوخه‌ننه‌نی قوتابییانی ئه‌وه‌یان بینی، وتیان: “په‌روه‌ردگار، ده‌ته‌وێ داوا بكه‌ین له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاگر بێته‌ خواره‌وه‌ و له‌ناویان ببات، وه‌كو ئیلییا وای كرد؟” ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كردن و فه‌رمووی: “ئێوه‌ نازانن له‌ چ ڕووحێكن!”. چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نه‌هاتووه‌ تاكو گیانی خه‌ڵكی له‌ناوببات، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی ڕزگاری بكات” ئینجا چوونه‌ گوندێكی دیكه‌. كاتێ به‌ ڕێگادا ده‌ڕۆیشتن، یه‌كێک پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆ كوێ بڕۆیت دوات ده‌كه‌وم”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕێوی كونی هه‌یه‌ و باڵنده‌ی ئاسمانیش هێلانه‌، به‌ڵام ڕۆڵه‌ی مرۆڤ جێیه‌كی نییه‌ سه‌ری لێ دابنێت”. به‌ یه‌كێكی دیكه‌ی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. ئه‌مه‌یان وتی: “گه‌وره‌م، ڕێگام بده‌ یه‌كه‌مجار بچم باوكم بنێژم”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “با مردووان مردووه‌كانیان بنێژن، به‌ڵام تۆ بڕۆ بانگه‌وازی پاشایه‌تی خودا بكه‌”. یه‌كێكی دیكه‌ش وتی: “گه‌وره‌م، دوات ده‌كه‌وم، به‌ڵام جارێ لێم گه‌ڕێ با ماڵئاوایی له‌ خانه‌واده‌كه‌م بكه‌م”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “كه‌سێک ده‌ست له‌سه‌ر گاسن دابنێت و ئاوڕ له‌ دواوه‌ بداته‌وه‌، به‌كه‌ڵكی پاشایه‌تیی خودا نایه‌ت”.