لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 10:9-43

لۆقا 10:9-43 PNTZS

كاتێ په‌یامبه‌ران گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كردبوویان بۆ ئیشۆعیان گێڕایه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وانی برد و به‌ ته‌نیا بۆ شارێک چوو ناوی به‌یتسه‌یده‌ن بوو. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ زانییان، دوای كه‌وتن، ئه‌ویش پێشوازی لێكردن و باسی پاشایه‌تی خودای بۆ فه‌رموون، ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ چاكبوونه‌وه‌ بوو چاكیكردنه‌وه‌. كاتێ ڕۆژ به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چوو، دوازده‌كه‌ هاتن و پێیان وت: “كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌ڕێبكه‌ با بڕۆنه‌ گوند و دێیه‌كانی ده‌وروبه‌رمان، تاكو له‌وێ بمێننه‌وه‌ و خواردنیش په‌یدا بكه‌ن، چونكه‌ لێره‌ له‌ شوێنێكی چۆڵداین”. پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌، مه‌گه‌ر بڕۆین بۆ هه‌موو گه‌له‌كه‌ نان بكڕین”. چونكه‌ نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو ده‌بوون. ئینجا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “به‌ كۆمه‌ڵ دایاننیشێنن، هه‌ریه‌كه‌ په‌نجا په‌نجا”. جا وایان كرد و هه‌موویان دانیشاندن. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبریه‌ ئاسمان و داڕشتی كردن و له‌تیكردن، دایه‌ قوتابییه‌كان تاكو له‌به‌رده‌می خه‌ڵكه‌كه‌ی دابنێن. هه‌موو خواردیان و تێربوون. له‌و له‌ته‌نانه‌ی لێیان مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ هه‌ڵگیرایه‌وه‌. كاتێ ئیشۆع به‌ ته‌نیا نوێژی ده‌كرد، قوتابییه‌كان له‌گه‌ڵی بوون، لێی پرسین و فه‌رمووی: “خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ڵێن من كێم؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار، هه‌ندێكیش ئیلییا، خه‌ڵكی دیكه‌ش پێغه‌مبه‌رێكی كۆنه‌كانه‌ هه‌ستاوه‌ته‌وه‌”. پێی فه‌رموون: “ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟” په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “مه‌سیحی خودا!”. ئه‌ویش ئاگاداری كردنه‌وه‌ و ڕایسپاردن ئه‌مه‌ به‌ كه‌س نه‌ڵێن. هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستێته‌وه‌”. ئینجا به‌ هه‌مووانی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و ڕۆژانه‌ خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات. چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت یان له‌ ده‌ستی بدات؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ی شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش شه‌رمی پێی ده‌بێت، كاتێ به‌ شكۆی خۆی و باوک و فریشته‌ پارسا‌كانه‌وه‌ دێته‌وه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ندێک له‌وانه‌ی لێره‌ ڕاوه‌ستاون مه‌رگ ناچێژن تاكو پاشایه‌تیی خودا ده‌بینن”. نزیكه‌ی هه‌شت ڕۆژ دوای ئه‌م فه‌رموودانه‌، په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌ن و یاقووی برد و سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر چیایه‌ک تاكو نوێژ بكات. كاتێ نوێژی ده‌كرد، شێوه‌ی ڕووخساری گۆڕا و جله‌كانی سپی بریسكه‌دار هه‌ڵگه‌ڕان. دوو پیاویش له‌گه‌ڵی ده‌دووان، مووشێ و ئیلییا بوون. به‌ شكۆوه‌ ده‌ركه‌وتن و له‌باره‌ی ده‌رچوونه‌كه‌ی كه‌ خه‌ریكبوو له‌ یروشلایم ته‌واوی بكات قسه‌یان كرد. به‌ڵام په‌تڕۆس و هاوڕێیانی خه‌و چاوی قورس كردبوون، كاتێ خه‌به‌ریان‌ بووه‌وه‌ شكۆی ئه‌و و دوو پیاوه‌كه‌یان بینی كه‌ له‌گه‌ڵی ڕاوه‌ستابوون. كاتێ لێی جیا ده‌بوونه‌وه‌، په‌تڕۆس به‌ ئیشۆعی وت: “ڕابی، پێمان باشه‌ لێره‌ بین. با سێ كه‌پر هه‌ڵبده‌ین، یه‌كێک بۆ تۆ، یه‌كێک بۆ مووشێ، یه‌كێكیش بۆ ئیلییا”. نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێت. كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد، هه‌ورێک هات و سێبه‌ری خسته‌ سه‌ریان، كه‌ كه‌وتنه‌ نێو هه‌وره‌كه‌، ترسان. ده‌نگێک له‌ نێو هه‌وره‌كه‌وه‌ هات و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م، گوێی لێ بگرن”. كه‌ ده‌نگه‌كه‌ دووا، ئیشۆع به‌ ته‌نیا بینرا. ئه‌وانیش بێده‌نگ بوون و له‌و ڕۆژانه‌دا له‌لای كه‌س باسی ئه‌و شتانه‌یان نه‌كرد كه‌ بینییان. بۆ به‌یانی، كه‌ له‌ چیاكه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆر تووشی بوون. له‌نێوان كۆمه‌ڵه‌كه‌دا پیاوێک هاواری كرد: “ڕابی، لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ ته‌ماشای كوڕه‌كه‌م بكه‌، چونكه‌ تاقه‌ كوڕمه‌. ڕووحێک ده‌یبات و له‌ناكاو هاوار ده‌كات، خووگرتی ده‌كات و كه‌ف ده‌كات، به‌ زه‌حمه‌ت وازی لێ ده‌هێنێت و برینداری ده‌كات. له‌ قوتابییه‌كانت پاڕامه‌وه‌ تاكو ده‌ریبكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی نه‌وه‌ی بێباوه‌ڕ و چه‌وت، تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم و به‌رگه‌تان بگرم؟ كوڕه‌كه‌ت بهێنه‌ ئێره‌!”. كاتێ كوڕه‌كه‌ ده‌هات، شه‌یتانه‌كه‌ ڕایته‌كاند و خووگرتی كرد، ئیشۆعیش له‌ ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ی ڕاخوڕی و كوڕه‌كه‌ی چاككرده‌وه‌، ڕاده‌ستی باوكی كرد. هه‌موو له‌ مه‌زنایه‌تیی خودا سه‌رسام بوون. كاتێ هه‌موو سه‌رسام مابوون له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی ئیشۆع كردی، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو