لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 20:7-50

لۆقا 20:7-50 PNTZS

كاتێ پیاوه‌كان هاتنه‌ لای ئیشۆع، وتیان: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار ئێمه‌ی بۆ لات ناردووه‌، ده‌ڵێت: تۆی ئه‌وه‌ی دێیت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟” له‌و كاته‌دا زۆر كه‌سی له‌ نه‌خۆشی و ده‌رد و ڕووحی گڵاو چاككرده‌وه‌، بۆ زۆر كوێریش بینینی به‌خشی. ئینجا ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “بڕۆن چیتان بینی و بیستتان به‌ یوخه‌ننه‌نی ڕابگه‌یه‌نن: كوێره‌كان ده‌بینن و شه‌له‌كان ڕێ ده‌كه‌ن و گوله‌كان بێگه‌رد ده‌بنه‌وه‌ و كه‌ڕه‌كان ده‌بیستن و مردووه‌كان هه‌ڵده‌ستن و هه‌ژاره‌كان موژده‌یان ده‌درێتێ. به‌خته‌وه‌ریش بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ساتمه‌م لێ ناكات”. كه‌ په‌یامنێرانی یوخه‌ننه‌ن ڕۆیشتن، ئیشۆع ده‌رباره‌ی یوخه‌ننه‌ن بۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی فه‌رموو: “بۆ بینینی چی ده‌رچوونه‌ ده‌شتوده‌ر؟ قامیشێک كه‌ با ده‌یهه‌ژێنێ؟ ئه‌ی بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ مرۆڤێک كه‌ به‌رگی نه‌رمی پۆشیوه‌؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی به‌رگیان نایابه‌ و سه‌ڵته‌نه‌ت لێده‌ده‌ن وا له‌ كۆشكی پاشاكانن. كه‌واته‌ ده‌رچوون چی ببینن؟ پێغه‌مبه‌رێک؟ به‌ڵێ پێتان ده‌ڵێم له‌ پێغه‌مبه‌ریش باشتر! ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا فریشته‌ی خۆم له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات!} چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: له‌نێو له‌ ژنبوواندا هیچ پێغه‌مبه‌رێک له‌ یوخه‌ننه‌ن مه‌زنتر نییه‌، به‌ڵام بچووكترینی پاشایه‌تیی خودا له‌و مه‌زنتره”. هه‌موو گه‌ل كه‌ گوێیان لێبوو، ته‌نانه‌ت باجگرانیش دانیان نا به‌ دادپه‌روه‌ریی خودا، چونكه‌ به‌ عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن عه‌مادكرابوون. به‌ڵام په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كان خواستی خودایان ده‌رهه‌ق به‌ خۆیان ڕه‌تكرده‌وه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و عه‌ماد نه‌كرابوون. ئینجا په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “خه‌ڵكی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ چی بچووێنم؟ له‌ چی ده‌چن؟ له‌و كوڕانه‌ ده‌چن كه‌ له‌ بازاڕدا دانیشتوون یه‌كتری بانگ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: زوڕنامان بۆ لێدان و هه‌ڵنه‌په‌ڕین، شیوه‌نمان بۆ كردن و نه‌گریان. چونكه‌ یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار هات، نه‌ نان ده‌خوات و نه‌ مه‌ی ده‌خواته‌وه‌، وتتان: ڕووحی شه‌یتانی تیادایه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هات، ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌، وتتان: كابرایه‌كی بخۆر و سه‌رخۆشه‌، خۆشه‌ویستی باجگران و گوناهبارانه‌. به‌ڵام دانایی به‌ كرده‌وه‌ی هه‌موو ڕۆڵه‌كانی سه‌لمێندرا”. یه‌كێک له‌ په‌ڕیشییه‌كان داوای لێكرد نانی له‌گه‌ڵ بخوات، ئه‌ویش چووه‌ ماڵی په‌ڕیشییه‌كه‌ و له‌سه‌ر خوان پاڵیدایه‌وه‌. له‌ شاره‌كه‌ ژنێكی گوناهبار هه‌بوو، زانی له‌ ماڵی په‌ڕیشییه‌كه‌ دانیشتووه‌، بوتڵێكی بۆنی خۆشی هێنا، له‌ دواوه‌ به‌ گریانه‌وه‌ له‌لای پێی ڕاوه‌ستا، پێیه‌كانی به‌ فرمێسک ته‌ڕ كرد و به‌ قژی سه‌ری ده‌یسڕییه‌وه‌، پێی ماچ ده‌كرد و به‌ بۆنه‌كه‌ چه‌وری ده‌كرد. كاتێ په‌ڕیشییه‌كه‌ی داوه‌تی كردبوو ئه‌مه‌ی بینی، له‌ دڵیدا وتی: “ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ر بووایه‌، ده‌یزانی ئه‌م ژنه‌ی ده‌ستی لێ ده‌دات كێیه‌ و چییه‌! چونكه‌ گوناهباره‌”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “شیمعون، ده‌مه‌وێ شتێكت پێ بڵێم”. وتی: “بفه‌رموو ڕابی”. “قه‌رزده‌رێک دوو قه‌رزاری هه‌بوو، لای یه‌كێک پێنج سه‌د دینار، ئه‌وه‌ی دیكه‌ په‌نجا. نه‌یانبوو بیده‌نه‌وه‌، كابرا له‌ هه‌ردووكیان خۆشبوو. پێم بڵێ: كامیان زیاتر خۆشیده‌وێت؟” شیمعون وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ زۆره‌كه‌ لێی خۆشبوو”. پێی فه‌رموو: “حوكمه‌كه‌ت ڕاسته‌”. ڕووی كرده‌ ژنه‌كه‌ و به‌ شیمعونی فه‌رموو: “ئه‌م ژنه‌ ده‌بینیت؟ هاتمه‌ ماڵه‌كه‌ت و ئاوت نه‌دامێ بۆ پێم، به‌ڵام ئه‌م به‌ فرمێسک پێی ته‌ڕ كردم و به‌ قژی سڕییه‌وه‌. خۆ ماچێكت نه‌كردم، به‌ڵام ئه‌م له‌وه‌ته‌ی هاتوومه‌ته‌ ژووره‌وه‌ له‌ ماچكردنی پێم نه‌وه‌ستاوه‌. تۆ به‌ زه‌یت سه‌رت چه‌ور نه‌كردم، به‌ڵام ئه‌م به‌ بۆن پێمی چه‌وركرد. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ پێت ده‌ڵێم: گوناهه‌ زۆره‌كانی به‌خشران چونكه‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی زۆره‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌م به‌خشراوه‌، خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی كه‌م ده‌بێت”. ئینجا به‌ ژنه‌كه‌ی فه‌رموو: “گوناهه‌كانت به‌خشران”. ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی دانیشتبوون له‌ دڵی خۆیان وتیان: “ئه‌مه‌ كێیه‌ ته‌نانه‌ت گوناهیش ده‌به‌خشێت؟” ئیشۆع به‌ ژنه‌كه‌ی فه‌رموو: “باوه‌ڕت ڕزگاری كردیت. به‌ ئاشتی بڕۆ”.