لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 16:4-44

لۆقا 16:4-44 PNTZS

هاته‌ ناسڕه‌ت‌ كه‌ لێی گه‌وره‌ بووه‌، وه‌ک نه‌ریتی خۆی ڕۆژی شه‌ممه‌ چووه‌ كه‌نیشت، بۆ خوێندنه‌وه‌ ڕاوه‌ستا. سیپاره‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ریان پێ دا، كاتێ كردیه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ی دۆزییه‌وه‌ كه‌ تیایدا نووسراوه‌: “ڕووحی په‌روه‌ردگارم له‌سه‌ره‌، چونكه‌ ده‌ستنیشانی كردووم بۆ موژده‌دان به‌ هه‌ژاران، ناردوومی تاكو دڵشكاوان چاكبكه‌مه‌وه‌ و بانگه‌وازی ئازادی بۆ دیلكراوان و بینایی بۆ نابینایان بده‌م، پێشێلكراوان به‌ره‌و ئازادی بنێرم و ساڵی ڕه‌زامه‌ندی په‌روه‌ردگار ڕابگه‌یێنم”. ئینجا سیپاره‌كه‌ی پێچایه‌وه‌، ڕاده‌ستی ڕاژه‌وانه‌كه‌ی كرد و دانیشت. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌نیشت بوون چاویان تێبڕی بوو. جا پێی وتن: “ئه‌مڕۆ ئه‌م نووسراوه‌ی گوێتان لێبوو هاته‌ دی”. هه‌موو گه‌واهییان بۆ ده‌دا و سه‌رسام بوون له‌و وشه‌ به‌خششدارانه‌ی له‌ ده‌می ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌یانووت: “ئه‌مه‌ كوڕه‌كه‌ی یۆسپ نییه‌؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “به‌هه‌رحاڵ ئه‌م په‌نده‌شم پێ ده‌ڵێن: {ئه‌ی پزیشک چاره‌سه‌ری خۆت بكه‌!} ئه‌وه‌ی بیستمان و له‌ كپه‌ڕناخوم كردت، لێره‌ش له‌ شاره‌كه‌تدا بیكه‌”. هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هیچ پێغه‌مبه‌رێک له‌ نیشتمانی خۆی په‌سه‌ند ناكرێت. له‌ ڕه‌وادا پێتان ده‌ڵێم: له‌ سه‌رده‌می ئیلییا زۆر بێوه‌ژن له‌ ئیسڕائیلدا هه‌بوون، كاتێ سێ ساڵ و شه‌ش مانگ ئاسمان به‌سترا، كاتێ له‌ هه‌موو زه‌ویه‌كه‌دا بووه‌ برسێتییه‌كی مه‌زن، به‌ڵام ئیلییا بۆ ئه‌وان نه‌نێردرا، به‌ڵكو بۆ بێوه‌ژنێک له‌ سرپه‌تی سه‌یده‌ن. له‌ سه‌رده‌می ئه‌لیشه‌ع پێغه‌مبه‌ریش زۆر گول له‌ ئیسڕائیلدا هه‌بوون، هیچیان پێگه‌رد نه‌بوونه‌وه‌، نوعمانی سیریانی نه‌بێت”. جا كه‌ ئه‌مه‌یان بیست هه‌موو له‌ كه‌نیشته‌كه‌ لێی تووڕه‌بوون. هه‌ستان و ده‌ریانكرده‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، هێنایانه‌ لێواری ئه‌و چیایه‌ی شاره‌كه‌یانی له‌سه‌ر بنیاد نرابوو، تاكو فڕێیبده‌نه‌ خواره‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و به‌ نێویاندا تێپه‌ڕی و ڕۆیشت. به‌ره‌و كپه‌ڕناخوم دابه‌زی، كه‌ شارێكی گلیلاییه‌ و له‌ شه‌مماندا ئامۆژگاریی ده‌كردن. له‌ ئامۆژگاریه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ فه‌رمووده‌كانی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بوو. له‌ كه‌نیشته‌كه‌دا پیاوێک هه‌بوو ڕووحی شه‌یتانێكی گڵاوی تێدابوو. به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: “ئای! ئیشۆعی ناسڕه‌تی چیت لێمان ده‌وێت؟ هاتووی له‌ناومان ببه‌یت؟ من ده‌تناسم تۆ كێیت، پارسا‌كه‌ی خودایت!”. ئیشۆع لێی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: “بێده‌نگ به‌! لێی بڕۆ ده‌ره‌وه‌!” شه‌یتانه‌كه‌ له‌ناوه‌ندیان به‌ زه‌ویدا دا و لێی ده‌رچوو، هیچ زیانیشی پێ نه‌گه‌یاند. هه‌مووش سامگرتوو بوون و به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ئه‌مه‌ چ وشه‌یه‌كه‌؟ چونكه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و هێزه‌وه‌ فه‌رمان به‌ ڕووحه‌ گڵاوه‌كان ده‌دات و ده‌رده‌چن!”. ئیتر ناوبانگی له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ر بڵاو بووه‌وه‌. له‌ كه‌نیشت هه‌ستا و چووه‌ ماڵی شیمعون. خه‌سووی شیمعون تایه‌كی توندی لێبوو، له‌به‌ر ئه‌و تكایان لێكرد. ئه‌ویش له‌سه‌ری ڕاوه‌ستا، له‌ تاكه‌ی ڕاخوڕی و به‌ریدا! یه‌كسه‌ر هه‌ستایه‌وه‌ و ڕاژه‌ی كردن. خۆر ئاوابوو، هه‌موو نه‌خۆشه‌كانیان هێنایه‌ لای ئیشۆع، به‌ نه‌خۆشی جۆراوجۆره‌وه‌، ئه‌ویش ده‌ستی له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان دانا و چاكیكردنه‌وه‌. شه‌یتانه‌كانیش له‌ زۆر كه‌س ده‌رده‌چوون و هاواریان ده‌كرد: “تۆ مه‌سیحیت ڕۆڵه‌ی خودای!” ئه‌ویش لێیانی ڕاده‌خوڕی و نه‌یده‌هێشت بدوێن، چونكه‌ زانییان مه‌سیحه‌كه‌یه‌. كاتێ خۆر هه‌ڵات، هه‌ستا و چووه‌ جێگایه‌كی چۆڵ، كۆمه‌ڵه‌كه‌ش به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕان و هاتنه‌ لای، ڕایانگرت تاكو له‌لایان نه‌ڕوات. پێی فه‌رموون: “له‌سه‌رمه‌ موژده‌ی پاشایه‌تی خودا بده‌مه‌ شاره‌كانی دیكه‌ش، چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ نێردراوم”. جا له‌ كه‌نیشته‌كانی ئیهوود بانگه‌وازی ده‌كرد.