لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 6:23-16

لۆقا 6:23-16 PNTZS

كاتێ پیڵاتوس ناوی گلیلای بیست، پرسی كرد “ئاخۆ پیاوه‌كه‌ گلیلاییه‌؟”. كه‌ زانی له‌ ده‌سه‌ڵاتی هیڕوودسه‌، بۆ هیڕوودسی نارد، كه‌ له‌و ڕۆژانه‌دا ئه‌ویش له‌ یروشلایم بوو. كاتێ هیڕوودس ئیشۆعی بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونكه‌ ده‌مێک بوو ده‌یه‌ویست بیبینێت، چونكه‌ زۆر شتی ده‌رباره‌ی بیستبوو و به‌ ئومێد بوو ببینێت په‌رجوێک به‌هۆی ئه‌و ببێت. جۆره‌ها پرسی لێكرد، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕاوه‌ستان و به‌ توندی سكاڵایان لێی ده‌كرد. هیڕوودس و سه‌ربازانی سووكایه‌تی و گاڵته‌یان پێیكرد. جلێكی بریسكه‌دارای له‌به‌ری كرد و ناردیه‌وه‌ بۆ پیڵاتوس. پیڵاتوس و هیڕوودس له‌و ڕۆژه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كتری بوونه‌ دۆست، چونكه‌ پێشتر دوژمنی یه‌كتر بوون. پیڵاتوس كاهینانی باڵا و پێشه‌وایان و گه‌لی بانگكرد و پێی وتن: “ئه‌م پیاوه‌تان هێنایه‌ لام وه‌ک یه‌كێک خه‌ڵک تێكبدات، ئه‌وه‌تا منیش له‌به‌رده‌متان لێم كۆڵییه‌وه‌ و هیچ تاوانێكم له‌م پیاوه‌دا نه‌بینی له‌وه‌ی سكاڵای لێده‌كه‌ن. نه‌ هیڕوودسیش، چونكه‌ بۆ لای ئێمه‌ی ناردۆته‌وه‌. ئه‌وه‌تا هیچ شتێكی نه‌كردووه‌ شایانی مه‌رگ بێت. بۆیه‌ ته‌مبێی ده‌كه‌م و ئازادی ده‌كه‌م”.