لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 32:23-46

لۆقا 32:23-46 PNTZS

دوو تاوانباری دیكه‌شیان هێنا تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بكوژرێن. كاتێ گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی به‌ {كاسه‌سه‌ر} ناوده‌برا، له‌وێ له‌گه‌ڵ دوو تاوانباره‌كه‌ له‌خاچیان دا، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و ئه‌وی دیكه‌ له‌لای چه‌پ. ئیشۆعیش فه‌رمووی: “باوكه‌، لێیان خۆش به‌، چونكه‌ نازانن چی ده‌كه‌ن”. ئینجا به‌ تیروپشک كراسه‌كه‌یان دابه‌ش كرد. گه‌ل ڕاوه‌ستابوون سه‌یریان ده‌كرد، سه‌رۆكه‌كان گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و ده‌یانووت: “خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگار كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ مه‌سیحی ده‌ستنیشانكراوی خودایه‌، با خۆی ڕزگار بكات!” سه‌ربازانیش گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و ده‌هاتنه‌ لای و سركه‌یان پێ ده‌دا، ده‌یانووت: “ئه‌گه‌ر تۆ پاشای جوویت، خۆت ڕزگار بكه‌!” نووسراوێكیش له‌ ژوور سه‌ریه‌وه‌ هه‌بوو به‌ پیتی یۆنانی و ڕۆمانی و عیبڕانی نووسرابوو: “ئه‌مه‌ پاشای جووه‌”. یه‌كێک له‌ تاوانباره‌ هه‌ڵواسراوه‌كان، كفری دژی ده‌كرد و ده‌یووت: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، خۆت و ئێمه‌ش ڕزگار بكه!” ئه‌وی دیكه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كرد، وتی: “له‌ خودا ناترسی، كه‌ تۆش هه‌مان سزات به‌سه‌ر دراوه‌؟ سزای ئێمه‌ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، له‌ جیاتی كردارمانه‌ وه‌ریده‌گرین، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ شتێكی ناشیاوی نه‌كردووه‌”. ئینجا به‌ ئیشۆعی وت: “په‌روه‌ردگار منت له‌یاد بێت كاتێ له‌ پاشایه‌تیه‌كه‌ی خۆت دێی”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ من له‌ به‌هه‌شتدا ده‌بیت”. نزیكی كاژێر شه‌ش، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو، تاكو كاژێر نۆ، خۆر تاریک بوو. په‌رده‌ی په‌رستگاش شه‌قبوو و بووه‌ دوو پارچه‌. ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و فه‌رمووی: “باوكه‌، ڕووحی خۆم به‌ ده‌ستی تۆ ده‌سپێرم”. ئه‌مه‌ی فه‌رموو و ڕووحی سپارد.