لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:23-29

لۆقا 1:23-29 PNTZS

ئینجا هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌یان هه‌ستان و بردییانه‌ لای پیڵاتوس. ده‌ستیانكرد به‌ سكاڵاكردن لێی، وتیان: “بینیمان ئه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان چه‌واشه‌ ده‌كات و قه‌ده‌غه‌ له‌ سه‌رانه‌دان ده‌كات بۆ قه‌یسه‌ڕ و خۆی به‌ مه‌سیحێكی پاشا ناوده‌بات”. پیڵاتوس لێی پرسی وتی: “تۆ پاشای جووی؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “تۆ وتته‌وه‌”. پیڵاتوسیش به‌ كاهینانی باڵا و كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی وت: “هیچ تاوانێک له‌م پیاوه‌ نابینم”. به‌ڵام مكوڕ بوون و وتیان: “گه‌ل ده‌وروژێنێت، له‌ هه‌موو ئیهوود خه‌ڵک فێرده‌كات، ده‌ستپێک له‌ گلیلاوه‌ تاكو ئێره‌”. كاتێ پیڵاتوس ناوی گلیلای بیست، پرسی كرد “ئاخۆ پیاوه‌كه‌ گلیلاییه‌؟”. كه‌ زانی له‌ ده‌سه‌ڵاتی هیڕوودسه‌، بۆ هیڕوودسی نارد، كه‌ له‌و ڕۆژانه‌دا ئه‌ویش له‌ یروشلایم بوو. كاتێ هیڕوودس ئیشۆعی بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونكه‌ ده‌مێک بوو ده‌یه‌ویست بیبینێت، چونكه‌ زۆر شتی ده‌رباره‌ی بیستبوو و به‌ ئومێد بوو ببینێت په‌رجوێک به‌هۆی ئه‌و ببێت. جۆره‌ها پرسی لێكرد، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕاوه‌ستان و به‌ توندی سكاڵایان لێی ده‌كرد. هیڕوودس و سه‌ربازانی سووكایه‌تی و گاڵته‌یان پێیكرد. جلێكی بریسكه‌دارای له‌به‌ری كرد و ناردیه‌وه‌ بۆ پیڵاتوس. پیڵاتوس و هیڕوودس له‌و ڕۆژه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كتری بوونه‌ دۆست، چونكه‌ پێشتر دوژمنی یه‌كتر بوون. پیڵاتوس كاهینانی باڵا و پێشه‌وایان و گه‌لی بانگكرد و پێی وتن: “ئه‌م پیاوه‌تان هێنایه‌ لام وه‌ک یه‌كێک خه‌ڵک تێكبدات، ئه‌وه‌تا منیش له‌به‌رده‌متان لێم كۆڵییه‌وه‌ و هیچ تاوانێكم له‌م پیاوه‌دا نه‌بینی له‌وه‌ی سكاڵای لێده‌كه‌ن. نه‌ هیڕوودسیش، چونكه‌ بۆ لای ئێمه‌ی ناردۆته‌وه‌. ئه‌وه‌تا هیچ شتێكی نه‌كردووه‌ شایانی مه‌رگ بێت. بۆیه‌ ته‌مبێی ده‌كه‌م و ئازادی ده‌كه‌م”. ناچار بوو له‌ هه‌موو جه‌ژنێكدا یه‌كێكیان بۆ ئازاد بكات. به‌ڵام تێكڕا هاواریان كرد، “ئه‌مه‌ ببه‌! به‌ڕئه‌ببامان بۆ ئازاد بكه‌!” ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ئاژاوه‌یه‌ک كه‌ له‌ شاردا ڕوویدابوو و له‌به‌ر كوشتن فڕێدرابووه‌ زیندانه‌وه‌. پیڵاتوس دیسان بانگیكردن، ده‌یویست ئیشۆع ئازاد بكات. به‌ڵام هاواریان كرد و وتیان: “له‌خاچی بده‌! له‌خاچی بده‌!” سێیه‌مجار پێی وتن: “ئه‌مه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟ تاوانێكی تێدا نابینم كه‌ سزاكه‌ی مه‌رگ بێت. بۆیه‌ ته‌مبێی ده‌كه‌م و ئازادی ده‌كه‌م”. به‌ڵام پێیانداگرت و به‌ ده‌نگی به‌رز داوایان كرد له‌خاچ بدرێت، جا ده‌نگییان و ده‌نگی كاهینانی باڵا به‌هێز بوو. پیڵاتوسیش بڕیاری دا داواكارییه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ئاژاوه‌ و كوشتن فڕێدرابووه‌ زیندانه‌وه‌ ئازادی كرد، ئه‌وه‌ی داوایان كرد، ئیشۆعیشی ڕاده‌ستی خواستی ئه‌وانی كرد. كاتێ بردییان، شیمعونی قه‌ورینێیان گرت كه‌ له‌ كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌، خاچه‌كه‌یان خسته‌ كۆڵی تاكو به‌دوای ئیشۆعه‌وه‌ هه‌ڵیبگرێت. جه‌ماوه‌رێكی زۆری گه‌ل و ئه‌و ژنانه‌ی شیوه‌نیان ده‌كرد و بۆی ده‌گریان دوای كه‌وتن. ئیشۆع ئاوڕی لێ دانه‌وه‌، فه‌رمووی: “كچانی یروشلایم، بۆ من مه‌گریێن، به‌ڵكو بۆ خۆتان و منداڵه‌كانتان بگریێن. ئه‌وه‌تا ڕۆژانێک دێت، تیایدا ده‌ڵێن: خۆزگه‌ به‌ نه‌زۆک و به‌و سكانه‌ی منداڵیان نه‌بووه‌ و به‌و مه‌مكانه‌ی شیریان نه‌داوه‌!