لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:20-26

لۆقا 1:20-26 PNTZS

ڕۆژێكیان له‌ په‌رستگا ئامۆژگاریی خه‌ڵكی ده‌كرد و موژده‌ی ده‌دا، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزان له‌گه‌ڵ پیران له‌وێدا وه‌ستان، پێیان وت: “پێمان بڵێ: به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ تۆ داوه‌؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش پرسێكتان لێ ده‌كه‌م. پێم بڵێن: عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن، له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟” له‌نێو خۆیاندا ڕاوێژیان كرد و وتیان: “ئه‌گه‌ر بڵێین: له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو، ده‌ڵێت بۆ باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا؟ ئه‌گه‌ریش بڵێن له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو، ئه‌وا هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ردبارانمان ده‌كه‌ن، چونكه‌ دڵنیان كه‌ یوخه‌ننه‌ن پێغه‌مبه‌ره‌”. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ كه‌ نازانن له‌كوێوه‌ بووه‌. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م”. ئینجا ئه‌م په‌نده‌ی بۆ گه‌له‌كه‌ گێڕایه‌وه‌: “كابرایه‌ک ڕه‌زێكی چاند و به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد، ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌شتی كرد. له‌ وه‌رزی خۆی كۆیله‌یه‌كی بۆ ڕه‌زه‌وانه‌كان نارد، تاكو له‌ به‌رهه‌می ڕه‌زه‌كه‌ی بده‌نێ، به‌ڵام ڕه‌زه‌وانه‌كان لێیان دا و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌. كۆیله‌یه‌كی دیكه‌شی نارد، به‌ڵام له‌مه‌شیان دا و سووكایه‌تییان پێكرد و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌. سێیه‌میشی نارد، ئه‌مه‌شیان بریندار كرد و ده‌ریانكرد. خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ وتی: چی بكه‌م؟ كوڕه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م ده‌نێرم، له‌وانه‌یه‌ كاتێ بیبینن ڕێزی لێ بگرن! به‌ڵام كه‌ ڕه‌زه‌وانه‌كان بینییان، نێوان خۆیان پیلانیان گێڕا و وتیان: ئه‌وه‌تا میراتگر! با بیكوژین، تاكو میراته‌كه‌ بۆ ئێمه‌ بێت! جا بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌ و كوشتیان. ئیتر ده‌بێت خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ چییان لێ بكات؟ دێت و ئه‌و ڕه‌زه‌وانانه‌ ده‌كوژێت و ڕه‌زه‌كه‌ ده‌داته‌ خه‌ڵكی دیكه‌”. كاتێ گوێیان لێبوو وتیان: “حاشا!” ئه‌ویش سه‌یری كردن و فه‌رمووی: “كه‌واته‌ ئه‌مه‌ی نووسراوه‌ چییه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌، بووه‌ به‌ردی قولینچك} ؟ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر به‌رده‌كه‌دا بكه‌وێت تێكده‌شكێت، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌سه‌ریدا بكه‌وێت وردوخاشی ده‌كات!” ته‌وراتزانه‌كان و كاهینانی باڵا هه‌وڵیان دا له‌و كاته‌ ده‌ستگیری بكه‌ن، به‌ڵام له‌ گه‌له‌كه‌ ترسان، چونكه‌ زانییان له‌و په‌نده‌یه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وان بوو. ئینجا چاودێرییان كرد و سیخوڕیان نارد كه‌ خۆیان به‌ خوداناس ده‌رده‌خست، تاكو به‌ قسه‌ی خۆی تووشی بكه‌ن و ڕاده‌ستی حوكم و ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وای بكه‌ن. پرسیان لێكرد و وتیان: “ڕابی، ده‌زانین له‌ قسه‌كردن و ئامۆژگاریتدا ڕه‌وایت، جوداخوازی كه‌سیش ناكه‌یت، به‌ڵكو ڕێگای خودا به‌ ڕه‌وا فێر ده‌كه‌یت. ئایا دروسته‌ سه‌رانه‌ بده‌ینه‌ قه‌یسه‌ڕ یان نا؟” به‌ فێڵه‌كه‌یانی زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی تاقیم ده‌كنه‌وه‌؟ دینارێكم پیشان بده‌ن. ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “هی قه‌یسه‌ڕه‌”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “كه‌واته‌ هی قه‌یسه‌ڕ بده‌نه‌ قه‌یسه‌ڕ، هی خوداش بده‌نه‌ خودا”. نه‌یانتوانی له‌به‌رده‌م گه‌ل به‌ قسه‌كه‌ی تووشی بكه‌ن، سه‌رسامیش بوون له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی و بێده‌نگ بوون.