لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 29:19-48

لۆقا 29:19-48 PNTZS

كاتێ له‌ بتپاگی و بتعه‌نیا نزیكبووه‌وه‌، بۆ ئه‌و كێوه‌ی كه‌ كێوی زه‌یتوونی پێ ده‌ووترێت، دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، فه‌رمووی: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، كه‌ ده‌چنه‌ نێوی، ده‌بینن جاشێک به‌ستراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا كه‌س سواری نه‌بووه‌، بیكه‌نه‌وه‌ و بیهێنن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک پرسی لێكردن: بۆچی ده‌یكه‌نه‌وه‌؟ بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی”. جا په‌یامبه‌ره‌كان چوون و چۆنی پێ وتبوون ئاوایان بینییه‌وه‌. كاتێ جاشه‌كه‌یان ده‌كرده‌وه‌، خاوه‌نه‌كانی پێیان وتن: “بۆچی جاشه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟” وتیان: “په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی”. ئینجا بۆ ئیشۆعیان هێنا و كراسه‌كانیان خسته‌ سه‌ر جاشه‌كه‌ و ئیشۆعیان سواری كرد. كاتێ به‌ڕێوه‌ بوو، خه‌ڵک كراسه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگا ڕاده‌خست. كاتێ له‌ لێژاییه‌كه‌ی كێوی زه‌یتوون نزیكبووه‌وه‌، هه‌موو جه‌ماوه‌ری قوتابییه‌كان ده‌ستیان به‌ شادی كرد و به‌ ده‌نگی مه‌زن ستایشی خودایان كرد، بۆ هه‌موو ئه‌و په‌رجوانه‌ی بینییان، ده‌یانووت: “پیرۆزه‌ ئه‌و پاشایه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت! ئاشتی له‌ ئاسمان و شكۆ له‌ به‌رزایی!” هه‌ندێک په‌ڕیشی نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌، پێیان وت: “ڕابی، له‌ قوتابییه‌كانت ڕاخوڕه‌!”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ بێده‌نگ بن، به‌رده‌كان هاوار ده‌كه‌ن!”. كاتێ نزیک ده‌بووه‌وه‌ و شاره‌كه‌ی بینی، بۆی گریا، فه‌رمووی: “خۆزگه‌ بتزانیبایه‌، ته‌نانه‌ت تۆش، له‌م ڕۆژه‌شتدا چ شتێک بۆ ئاشتییه‌! به‌ڵام ئێستا له‌به‌رچاوت شاراوه‌ بووه‌. چونكه‌ ڕۆژانێكت به‌سه‌ر دێت، دوژمنانت سه‌نگه‌رت لێ ده‌گرن، ئابڵوقه‌ت ده‌ده‌ن و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌ورت ده‌گرن. خۆت و ڕۆڵه‌كانت له‌ تۆدا زه‌وی ته‌خت ده‌كه‌ن. به‌ردت به‌سه‌ر به‌رده‌وه‌ ناهێڵن، چونكه‌ كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ت نه‌زانی”. كاتێ چووه‌ په‌رستگا، ده‌ستی به‌ ده‌ركردنی فرۆشیاران كرد. پێی فه‌رموون: “نووسراوه‌: {ماڵه‌كه‌م ماڵی نوێژه}‌ ، كه‌چی ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان!} ”. ڕۆژانه‌ له‌ په‌رستگا ئامۆژگاریی خه‌ڵكی ده‌كرد، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان و ڕابه‌رانی گه‌ل هه‌وڵیان ده‌دا له‌ناوی بده‌ن. به‌ڵام هیچیان بۆ ئه‌نجامدانی نه‌ده‌دۆزییه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو گه‌ل په‌یوه‌ستی بیستنی بوون.