لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 18:19-40

لۆقا 18:19-40 PNTZS

دووه‌میان هات و وتی: گه‌وره‌م میناكه‌ت پێنج مینای كردووه‌. به‌مه‌شیانی وت: تۆش به‌سه‌ر پێنج شار به‌. ئه‌وی دیكه‌ هات و وتی: گه‌وره‌م ئه‌وه‌تا میناكه‌ت، له‌ ده‌سته‌سڕێک پێچابوومه‌وه‌ و هه‌ڵمگرتبوو. چونكه‌ لێت ترسام، له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤێكی توندیت، ئه‌وه‌ی داتنه‌ناوه‌ ده‌یبه‌یت و ئه‌وه‌ی نه‌تچاندووه‌ دروێنه‌ی ده‌كه‌یت. ئه‌ویش پێی وت: ئه‌ی كۆیله‌ی به‌دكار، به‌ زارت تاوانبارت ده‌كه‌م، كه‌ ده‌تزانی كابرایه‌كی توندم، ئه‌وه‌ی دامنه‌ناوه‌ ده‌یبه‌م و ئه‌وه‌ی نه‌مچاندووه‌ دروێنه‌ی ده‌كه‌م. بۆچی زیوه‌كه‌مت لای پاره‌گۆڕه‌وه‌كانت دانه‌نا، كاتێ ده‌هاتمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قازانجه‌كه‌ی وه‌رمده‌گرته‌وه‌؟ به‌ ئاماده‌بووانی وت: میناكه‌ی لێ بستێننه‌وه‌ و بیده‌نه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ میناكه‌ی پێیه‌. ئه‌وانیش پێیان وت: گه‌وره‌م، ده‌ مینای هه‌یه‌! پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی پێی ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نییه‌تی، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی هه‌شیه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌. دوژمنانیشم، ئه‌وانه‌ی نه‌یانده‌ویست پاشایه‌تییان بكه‌م، بیانهێننه‌ ئێره‌ و له‌به‌رچاوم سه‌ریان ببڕن”. كاتێ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، به‌ڕێكه‌وت و به‌ره‌و یروشلایم سه‌ركه‌وت. كاتێ له‌ بتپاگی و بتعه‌نیا نزیكبووه‌وه‌، بۆ ئه‌و كێوه‌ی كه‌ كێوی زه‌یتوونی پێ ده‌ووترێت، دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، فه‌رمووی: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، كه‌ ده‌چنه‌ نێوی، ده‌بینن جاشێک به‌ستراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا كه‌س سواری نه‌بووه‌، بیكه‌نه‌وه‌ و بیهێنن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک پرسی لێكردن: بۆچی ده‌یكه‌نه‌وه‌؟ بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی”. جا په‌یامبه‌ره‌كان چوون و چۆنی پێ وتبوون ئاوایان بینییه‌وه‌. كاتێ جاشه‌كه‌یان ده‌كرده‌وه‌، خاوه‌نه‌كانی پێیان وتن: “بۆچی جاشه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟” وتیان: “په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی”. ئینجا بۆ ئیشۆعیان هێنا و كراسه‌كانیان خسته‌ سه‌ر جاشه‌كه‌ و ئیشۆعیان سواری كرد. كاتێ به‌ڕێوه‌ بوو، خه‌ڵک كراسه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگا ڕاده‌خست. كاتێ له‌ لێژاییه‌كه‌ی كێوی زه‌یتوون نزیكبووه‌وه‌، هه‌موو جه‌ماوه‌ری قوتابییه‌كان ده‌ستیان به‌ شادی كرد و به‌ ده‌نگی مه‌زن ستایشی خودایان كرد، بۆ هه‌موو ئه‌و په‌رجوانه‌ی بینییان، ده‌یانووت: “پیرۆزه‌ ئه‌و پاشایه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت! ئاشتی له‌ ئاسمان و شكۆ له‌ به‌رزایی!” هه‌ندێک په‌ڕیشی نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌، پێیان وت: “ڕابی، له‌ قوتابییه‌كانت ڕاخوڕه‌!”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ بێده‌نگ بن، به‌رده‌كان هاوار ده‌كه‌ن!”.