لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 26:18-43

لۆقا 26:18-43 PNTZS

ئه‌وانه‌ی گوێیان لێبوو وتیان: “كه‌واته‌ كێ ده‌توانێت ڕزگاری بێت؟” فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی لای خه‌ڵكی مه‌حاڵه‌، لای خودا ده‌بێت”. په‌تڕۆس وتی: “ئه‌وه‌تا ئێمه‌ هه‌موو شتێكمان به‌جێهێشتووه‌ و دوات كه‌وتووین”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كه‌س نییه‌ ماڵ یان باوک و دایک یان برا یان ژن یان منداڵی له‌پێناوی پاشایه‌تیی خودا به‌جێهێشتبێت، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی زۆرتر وه‌رنه‌گرێته‌وه‌، له‌م ڕۆژگاره‌دا و له‌ ڕۆژگاری داهاتووش ژیانی جاویدانی”. ئینجا دوازده‌كه‌ی برد و پێی فه‌رموون: “ئه‌وا سه‌رده‌كه‌وینه‌ یروشلایم، هه‌رچی پێغه‌مبه‌ران له‌باره‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌وه‌ نووسیویانه‌ دێته‌ دی. چونكه‌ ڕاده‌ستی نه‌ته‌وه‌كان ده‌كرێت و گاڵته‌ی پێ ده‌كرێت و جنێوی پێ ده‌درێت و تفی لێ ده‌كرێت، به‌ قامچی لێی ده‌ده‌ن و ده‌یكوژن. له‌ ڕۆژی سێیه‌میشدا هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. به‌ڵام ئه‌وان هیچ له‌مه‌ تێنه‌گه‌یشتن و ئه‌م باسه‌یان لێ شاراوه‌ بوو، ئه‌وه‌ی وترا دركیان پێی نه‌كرد. كاتێ ئیشۆع له‌ ئه‌ریخو نزیكبووه‌وه‌، نابینایه‌ک له‌سه‌ر ڕێگا دانیشتبوو سواڵی ده‌كرد. كه‌ گوێی له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بوو تێده‌په‌ڕین، پرسی كرد “ده‌بێ ئه‌مه‌ چی بێت؟”. پێیان وت كه‌ ئیشۆعی ناسڕه‌تی لێره‌وه‌ تێده‌په‌ڕێت. جا هاواری كرد و وتی: “ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌!” پێشڕه‌وان لێیان ڕاخوڕی تاكو بێده‌نگ بێت، به‌ڵام ئه‌و زۆر زیاتر هاواری كرد: “ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌!” ئیشۆع ڕاوه‌ستا و فه‌رمانی دا بیهێننه‌ لای. كاتێ نزیكبووه‌وه‌، لێی پرسی: فه‌رمووی “چیت ده‌وێ بۆت بكه‌م؟” وتی: “گه‌وره‌م، ببینم!”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ببینه‌، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌”. یه‌كسه‌ر بینی، دوای كه‌وت و خودای شكۆدار ده‌كرد. هه‌موو گه‌لیش كه‌ بینییان ستایشی خودایان كرد.