لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:13-25

لۆقا 1:13-25 PNTZS

له‌و كاته‌دا هه‌ندێک له‌وێ بوون، باسی ئه‌و گلیلاییانه‌یان بۆ ئیشۆع كرد كه‌ پیڵاتوس خوێنی له‌گه‌ڵ قوربانییه‌كانیان تێكه‌ڵاو كرد. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “واده‌زانن ئه‌و گلیلاییانه‌ له‌ هه‌موو گلیلاییه‌كان گوناهبارتر بوون، چونكه‌ ئه‌و شتانه‌یان چێژت؟ نه‌خێر! پێتان ده‌ڵێم: به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆبه‌ نه‌كه‌ن هه‌مووتان ئاوا تیاده‌چن. یان ئه‌و هه‌ژده‌ كه‌سه‌ی له‌ سیلوام قوللـه‌كه‌یان به‌سه‌ردا كه‌وت و كوشتنی، له‌ هه‌موو دانیشتووانی یروشلایم گوناهبارتر بوون؟ نه‌خێر! پێتان ده‌ڵێم: به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆبه‌ نه‌كه‌ن هه‌مووتان ئاوا تیاده‌چن”. ئینجا ئه‌م په‌نده‌ی گێڕایه‌وه‌: “كابرایه‌ک دارهه‌نجیرێكی چاندراوی له‌ ڕه‌زه‌كه‌ی دا هه‌بوو، بۆ به‌رهه‌م هات و پێوه‌ی نه‌بینی. به‌ ڕه‌زه‌وانه‌كه‌ی وت: ئه‌وه‌ سێ ساڵه‌ بۆ به‌رهه‌می ئه‌م دارهه‌نجیره‌ دێم و پێوه‌ی نابینم. بیبڕه‌وه‌! بۆچی زه‌ویش داگیر بكات؟ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: گه‌وره‌م، ئه‌م ساڵه‌ش لێیگه‌ڕێ، تاكو ده‌وروبه‌ری هه‌ڵده‌گێڕمه‌وه‌ و په‌یینی پێدا ده‌كه‌م. به‌ڵكو دواتر به‌ر بگرێت، ئه‌گینا بیبڕه‌وه‌”. ئیشۆع له‌ شه‌ممه‌دا له‌ یه‌كێک له‌ كه‌نیشته‌كان خه‌ریكی ئامۆژگاری بوو، ژنێک هه‌ژده‌ ساڵ لاوازیه‌كی هه‌بوو، قه‌مبوور بوو و هه‌رگیز نه‌یده‌توانی ڕاستبێته‌وه‌. كاتێ ئیشۆع ژنه‌كه‌ی بینی، بانگی كرد و پێی فه‌رموو: “خانم، له‌ لاوازییه‌كه‌ت ئازاد كرایت!”. ئینجا هه‌ردوو ده‌ستی خسته‌ سه‌ری و یه‌كسه‌ر ڕاستبووه‌وه‌ و خودای شكۆدار كرد. پێشه‌وای كه‌نیشتیش تووڕه‌ بوو كه‌وا ئیشۆع له‌ شه‌ممه‌دا خه‌ڵكی چاككرده‌وه‌، به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی وت: “شه‌ش ڕۆژ هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ كاریان تێدا بكرێت، له‌واندا وه‌رن و چاكبنه‌وه‌، نه‌ک له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌!” په‌روه‌ردگاریش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی ڕووپاما! ئایا هه‌ر یه‌ک له‌ ئێوه‌ له‌ شه‌ممه‌دا گا یان كه‌ره‌كه‌ی له‌ ئاخوڕ ناكاته‌وه‌ و بیبات ئاوی بدات؟ ئه‌مه‌ش كه‌ ڕۆڵه‌ی ئه‌وڕاهه‌مه‌ و هه‌ژده‌ ساڵه‌ شه‌یتان به‌ستویه‌تییه‌وه‌، نه‌ده‌بوو له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا له‌م به‌نده‌ ئازاد بێت؟” كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، هه‌موو به‌رهه‌ڵستكارانی شه‌رمه‌زار بوون، هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ش به‌ گشت ئه‌و كاره‌ شكۆدارانه‌ی به‌و ئه‌نجام ده‌دران دڵشاد بوون. ئینجا فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی خودا له‌ چی ده‌چێت؟ به‌ چی بیچوێنم؟ له‌ ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌ک ده‌چێت، كابرایه‌ک بردی و فڕێیدا نێو باخه‌كه‌ی، جا گه‌شه‌ی كرد و بووه‌ دارێكی گه‌وره‌، باڵنده‌ی ئاسمان له‌نێو لقه‌كانی هه‌ڵنیشتن”. دیسان فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی خودا به‌ چی بچوێنم؟ له‌ هه‌وێنێک ده‌چێت، ژنێک هێنای و كردییه‌ نێو سێ پێوانه‌ ئارده‌وه‌، تاكو هه‌مووی هه‌ڵهات”. كاتێ ده‌چووه‌ یروشلایم، به‌ شار و گونده‌كاندا تێده‌په‌ڕی و خه‌ڵكی ئامۆژگاری ده‌كرد. یه‌كێک پێی وت: “گه‌وره‌م، ئایا ئه‌وانه‌ی ڕزگاریان ده‌بێت كه‌من؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “كۆشش بكه‌ن تاكو له‌ ده‌رگای ته‌سک بچنه‌ ژووره‌وه‌، چونكه‌، پێتان ده‌ڵێم: زۆر كه‌س هه‌وڵده‌ده‌ن بچنه‌ ژووره‌وه‌ و ناتوانن. له‌و ده‌مه‌ی خاوه‌ن ماڵ هه‌ڵده‌ستێت و ده‌رگا داده‌خات، ئێوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌وه‌ستن، له‌ ده‌رگا ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگار، په‌روه‌ردگار، لێمان بكه‌وه‌! وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و پێتان ده‌ڵێ: ناتانناسم ئێوه‌ خه‌ڵكی كوێن!