لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:11-23

لۆقا 1:11-23 PNTZS

كه‌ ئیشۆع له‌ شوێنێكدا نوێژی ده‌كرد، كاتێ ته‌واوی كرد، یه‌كێک له‌ قوتابییه‌كانی پێی وت: “په‌روه‌ردگار، فێری نوێژمان بكه‌، هه‌روه‌ک یوخه‌ننه‌نیش قوتابییه‌كانی خۆی فێركرد”. پێی فه‌رموون: “كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن، بڵێن: (بابمان وا له‌ ئاسمانانی، ناوت پارسا بێت، پاشایه‌تییه‌كه‌ت بێ، خواستت له‌سه‌ر زه‌وی بێت وه‌ک له‌ ئاسمان. نانی به‌سكردنی ڕۆژانه‌مان بده‌رێ. گوناهه‌كانمان ببه‌خشه‌‌، ئێمه‌ش له‌قه‌رزاره‌كانمان خۆشده‌بین. مه‌مانخه‌ره‌ نێو تاقیكردنه‌وه‌، به‌ڵكو ڕزگارمان بكه‌ له‌ به‌دكار) ”. ئینجا پێی فه‌رموون: “كێ له‌ ئێوه‌ هاوڕێیه‌كی هه‌بێت و له‌ نیوه‌ شه‌ودا بچێته‌ لای و پێی بڵێت: هاوڕێم، سێ كولێره‌م به‌ قه‌رز بده‌رێ، چونكه‌ هاوڕێیه‌كم له‌ دووره‌وه‌ بۆ لام هاتووه‌، هیچم نییه‌ له‌به‌رده‌می دابنێم. ئه‌ویش له‌ ژووره‌وه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: هه‌راسانم مه‌كه‌! ئێستا ده‌رگا داخراوه‌، خۆم و منداڵم له‌نێو جێگاداین، ناتوانم هه‌ستم و بتده‌مێ. پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هاوڕێیه‌تی هه‌ڵنه‌ستێ و بیداتێ، له‌به‌ر پێداگرتنی چه‌ندی پێویست بێت هه‌ڵده‌ستێ و ده‌یداتێ. منیش پێتان ده‌ڵێم: داوا بكه‌ن، پێتان ده‌درێت، بگه‌ڕێن ده‌دۆزنه‌وه‌، له‌ ده‌رگا بده‌ن، لێتان ده‌كرێته‌وه‌. چونكه‌ هه‌ر كه‌سێک داوا بكات، وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێت، ده‌دۆزێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ ده‌رگا بدات لێی ده‌كرێته‌وه‌. چ باوكێک له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌ی داوای نانی لێ بكات، ئایا به‌ردی ده‌داتێ؟ یان داوای ماسی بكات، ماری ده‌داتێ؟ یان داوای هێلكه‌ بكات دووپشكی ده‌داتێ؟ جا ئێوه‌ كه‌ به‌دكارن، بزانن دیاریی باش بده‌نه‌ منداڵه‌كانتان، باوک كه‌ له‌ ئاسمانه‌، چه‌ند زیاتر ڕووحی پارسا ده‌داته‌ ئه‌وانه‌ی لێی داوا ده‌كه‌ن”. ئیشۆع شه‌یتانێكی ده‌رده‌كرد كه‌ لاڵ بوو، كاتێ شه‌یتانه‌كه‌ ده‌ركرا، لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد و خه‌ڵكه‌كه‌ سه‌رسام بوون. به‌ڵام هه‌ندێكیان وتیان: “به‌ به‌عله‌زبولی سه‌رۆكی شه‌یتانه‌كان، شه‌یتانان ده‌رده‌كات”. هه‌ندێكی دیكه‌ش تاقییان ده‌كرده‌وه‌، داوای په‌رجوێكیان لێی كرد له‌ ئاسمانه‌وه‌. ئه‌ویش به‌ بیركردنه‌وه‌یانی زانی، پێی فه‌رموون: “هه‌ر پاشایه‌تیێک دووبه‌ره‌كی تێبكه‌وێت وێران ده‌بێت، ماڵیش دوو به‌ش بێت تێكده‌چێت. ئه‌گه‌ر شه‌یتانیش دوو به‌ش بێت چۆن پاشایه‌تیه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌گرێت؟ چونكه‌ ئێوه‌ ده‌ڵێن: من به‌ به‌عله‌زبول شه‌یتانه‌كان ده‌رده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر من به‌ به‌عله‌زبول شه‌یتانان ده‌ربكه‌م، ئه‌ی ڕۆڵه‌كانتان به‌ كێ ده‌ریان ده‌كه‌ن؟ بۆیه‌ ئه‌وان حوكمتان ده‌ده‌ن! به‌ڵام ئه‌گه‌ر من به‌ په‌نجه‌ی خودا شه‌یتانه‌كان ده‌ربكه‌م، ئه‌وا پاشایه‌تی خودا هاتۆته‌ سه‌رتان. كاتێ مرۆڤی به‌ هێز و چه‌كدار پارێزگاری له‌ ماڵه‌كه‌ی ده‌كات، ماڵه‌كه‌ی پارێزراوه‌. به‌ڵام كاتێک یه‌كێكی له‌ خۆی به‌هێزتر بێته‌ سه‌ری ده‌یبه‌زێنێت، چه‌كه‌كانی لێ ده‌ستێنێ كه‌ پشتی پێی به‌ستبوو، ده‌سكه‌وته‌كانیش دابه‌ش ده‌كات. ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم نییه‌ دژی منه‌، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵم كۆناكاته‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌.