لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:10-24

لۆقا 1:10-24 PNTZS

پاش ئه‌مه‌ په‌روه‌ردگار حه‌فتای دیكه‌ی ده‌ستنیشان كرد، له‌پێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هه‌ر شار و جێگایه‌ک كه‌ به‌ته‌مابوو بۆی بچێت. جا پێی فه‌رموون: “دروێنه‌ زۆره‌، به‌ڵام سه‌پان كه‌مه‌. جا داوا له‌ خاوه‌ن دروێنه‌ بكه‌ن تاكو سه‌پان بۆ دروێنه‌كه‌ی بنێرێت. بڕۆن! ئه‌وا من وه‌ک كاوڕ بۆ نێو گورگان ده‌تاننێرم. نه‌ كیسه‌ی پاره‌ و نه‌ توره‌گه‌ و نه‌ سۆل هه‌ڵمه‌گرن، له‌ ڕێگاش سڵاو له‌ كه‌س مه‌كه‌ن. چوونه‌ هه‌ر ماڵێكیش، یه‌كه‌مجار بڵێن: ئاشتی بۆ ئه‌م ماڵه‌، ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی ئاشتی له‌وێ بێت، ئه‌وا ئاشتیتان ده‌چێته‌ سه‌ری، ئه‌گینا بۆ خۆتان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌و ماڵه‌ بمێننه‌وه‌ و له‌وه‌ی هه‌یانه‌ بخۆن و بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ كارگه‌ر شایانی كرێی خۆیه‌تی. ماڵه‌ و ماڵیش مه‌كه‌ن. چوونه‌ هه‌ر شارێک و پێشوازییان لێكردن، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌متانی داده‌نێن بیخۆن، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی تیایه‌تی چاكی بكه‌نه‌وه‌ و پێیان بڵێن: پاشایه‌تی خودا لێتان نزیكبۆته‌وه‌. به‌ڵام چوونه‌ هه‌ر شارێک و پێشوازییان لێ نه‌كردن، بڕۆنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی و بڵێن: ته‌نانه‌ت تۆزی شاره‌كه‌تان كه‌ به‌ پێمانه‌وه‌ لكاوه‌ بۆتانی ده‌ته‌كێنین، به‌ڵام ئه‌مه‌ بزانن: پاشایه‌تی خودا لێتان نزیكبۆته‌وه‌. پێتان ده‌ڵێم: له‌و ڕۆژه‌دا دۆخی سه‌دوم سوكتر ده‌بێت له‌و شاره‌. وه‌ی به‌حاڵت كوره‌زین! وه‌ی به‌حاڵت به‌یتسه‌یده‌ن! چونكه‌ ئه‌و په‌رجوانه‌ی له‌نێو ئێوه‌دا كران، ئه‌گه‌ر له‌ سووڕ و سه‌یده‌ن بكرابوونایه‌، هه‌ر زوو به‌ به‌رگی ماته‌م و له‌ نێو خۆڵه‌مێش داده‌نیشتن و تۆبه‌یان ده‌كرد. به‌ڵام له‌ لێپرسینه‌وه‌دا، دۆخی سووڕ و سه‌یده‌ن سوكتر ده‌بێت له‌وه‌ی ئێوه‌یه‌. تۆش ئه‌ی كپه‌ڕناخوم، كه‌ بۆ ئاسمان به‌رز بوویته‌! تۆ ده‌كه‌ویته‌ دۆڵی بێبن. ئه‌وه‌ی گوێتان لێ بگرێت، گوێ له‌ من ده‌گرێت، ئه‌وه‌ی ڕه‌تتان ده‌كاته‌وه‌ من ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌. ئه‌وه‌ش من ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ منی ناردووه‌”. حه‌فتاكه‌ به‌ شادییه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و وتیان: “په‌روه‌ردگار، ته‌نانه‌ت شه‌یتانه‌كانیش به‌ ناوی تۆوه‌ ملكه‌چمانن!”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “شه‌یتانم بینی وه‌ک بروسكه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌كه‌وت. ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵاتم پێتانداوه‌ پێ به‌ مار و دووپشک و هه‌موو هێزی دوژمندا بنێن، هیچ زیانیشتان پێناگه‌یه‌نێت. به‌ڵام به‌مه‌ دڵخۆش مه‌بن كه‌ ڕووحه‌كان ملكه‌چتانن، به‌ڵكو دڵخۆشبن كه‌ ناوتان له‌ ئاسماناندا نووسراوه‌”. له‌و كاته‌دا ئیشۆع به‌ ڕووحی پارسا شادمان بوو و فه‌رمووی: “سوپاست ده‌كه‌م ئه‌ی باوک، په‌روه‌ردگاری ئاسمان و زه‌وی، چونكه‌ ئه‌مانه‌ت له‌ دانا و تێگه‌یشتووان شاردۆته‌وه‌ و بۆ منداڵان ئاشكرات كردووه‌. به‌ڵێ ئه‌ی باوک، چونكه‌ به‌لای تۆوه‌ ئاوا خۆش بوو!” ئینجا ئاوڕی له‌ قوتابیه‌كانی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “له‌ باوكمه‌وه‌ هه‌موو شتێكم پێ دراوه‌. كه‌س نازانێت ڕۆڵه‌ كێیه‌ باوک نه‌بێت، یان باوک كێیه‌ ڕۆڵه‌ و ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ڕۆڵه‌ ده‌یه‌وێ بۆی ئاشكرا بكات”. به‌ ته‌نیا ئاوڕی له‌ قوتابییه‌كان دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و چاوانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ ئێوه‌ ده‌یبینن! چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: زۆر پێغه‌مبه‌ر و پاشا ویستیان ئه‌وه‌ ببینن كه‌ ئێوه‌ ده‌یبینن، به‌ڵام نه‌یانبینی، ئه‌وه‌ش ببیستن كه‌ ئێوه‌ ده‌یبیستن، به‌ڵام نه‌یانبیست”.