لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:10-14

لۆقا 1:10-14 PNTZS

پاش ئه‌مه‌ په‌روه‌ردگار حه‌فتای دیكه‌ی ده‌ستنیشان كرد، له‌پێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هه‌ر شار و جێگایه‌ک كه‌ به‌ته‌مابوو بۆی بچێت. جا پێی فه‌رموون: “دروێنه‌ زۆره‌، به‌ڵام سه‌پان كه‌مه‌. جا داوا له‌ خاوه‌ن دروێنه‌ بكه‌ن تاكو سه‌پان بۆ دروێنه‌كه‌ی بنێرێت. بڕۆن! ئه‌وا من وه‌ک كاوڕ بۆ نێو گورگان ده‌تاننێرم. نه‌ كیسه‌ی پاره‌ و نه‌ توره‌گه‌ و نه‌ سۆل هه‌ڵمه‌گرن، له‌ ڕێگاش سڵاو له‌ كه‌س مه‌كه‌ن. چوونه‌ هه‌ر ماڵێكیش، یه‌كه‌مجار بڵێن: ئاشتی بۆ ئه‌م ماڵه‌، ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی ئاشتی له‌وێ بێت، ئه‌وا ئاشتیتان ده‌چێته‌ سه‌ری، ئه‌گینا بۆ خۆتان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌و ماڵه‌ بمێننه‌وه‌ و له‌وه‌ی هه‌یانه‌ بخۆن و بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ كارگه‌ر شایانی كرێی خۆیه‌تی. ماڵه‌ و ماڵیش مه‌كه‌ن. چوونه‌ هه‌ر شارێک و پێشوازییان لێكردن، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌متانی داده‌نێن بیخۆن، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی تیایه‌تی چاكی بكه‌نه‌وه‌ و پێیان بڵێن: پاشایه‌تی خودا لێتان نزیكبۆته‌وه‌. به‌ڵام چوونه‌ هه‌ر شارێک و پێشوازییان لێ نه‌كردن، بڕۆنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی و بڵێن: ته‌نانه‌ت تۆزی شاره‌كه‌تان كه‌ به‌ پێمانه‌وه‌ لكاوه‌ بۆتانی ده‌ته‌كێنین، به‌ڵام ئه‌مه‌ بزانن: پاشایه‌تی خودا لێتان نزیكبۆته‌وه‌. پێتان ده‌ڵێم: له‌و ڕۆژه‌دا دۆخی سه‌دوم سوكتر ده‌بێت له‌و شاره‌. وه‌ی به‌حاڵت كوره‌زین! وه‌ی به‌حاڵت به‌یتسه‌یده‌ن! چونكه‌ ئه‌و په‌رجوانه‌ی له‌نێو ئێوه‌دا كران، ئه‌گه‌ر له‌ سووڕ و سه‌یده‌ن بكرابوونایه‌، هه‌ر زوو به‌ به‌رگی ماته‌م و له‌ نێو خۆڵه‌مێش داده‌نیشتن و تۆبه‌یان ده‌كرد. به‌ڵام له‌ لێپرسینه‌وه‌دا، دۆخی سووڕ و سه‌یده‌ن سوكتر ده‌بێت له‌وه‌ی ئێوه‌یه‌.