لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌یامی پارسا ئیهوودا 1:1-25

په‌یامی پارسا ئیهوودا 1:1-25 PNTZS

ئیهوودا، به‌نده‌ی ئیشۆعی مه‌سیح، برای یاقوو، بۆ بانگكراوه‌كان و پارساكان خودای باوک، پارێزراوان به‌ ئیشۆعی مه‌سیح: میهره‌بانی و ئاشتی و خۆشویستن بۆتان زیاد بێت. خۆشه‌ویستان، ئه‌وپه‌ڕی كۆششم كرد تاكو له‌باره‌ی ڕزگاریی هاوبه‌شمان بۆتان بنووسم، به‌ڵام ناچار بووم ئه‌مه‌تان بۆ بنووسم، ئامۆژگاریتان بكه‌م كه‌ تێبكۆشن له‌پێناوی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ته‌نها یه‌ک جار ڕاده‌ستی پارساكان كراوه‌. چونكه‌ كه‌سانێک به‌ دزییه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناوه‌وه‌، له‌كۆنه‌وه‌ بۆ ئه‌م حوكمه‌ نووسراون، خوانه‌ناسن، به‌خششی خوداوه‌ندمان بۆ به‌ڕه‌ڵایی ده‌گۆڕن و نكۆڵی له‌ ئیشۆعی مه‌سیح ده‌كه‌ن، تاقه‌ سه‌روه‌ر و په‌روه‌ردگارمان. جا ده‌مه‌وێت به‌ یادتان بهێنمه‌وه‌ كه‌ خۆتان ده‌یزانن، په‌روه‌ردگار كه‌ گه‌له‌كه‌ی خۆی له‌ خاكی میسڕ ده‌رباز كرد، دواتر ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان نه‌هێنا له‌ناوی بردن. هه‌روه‌ها ئه‌و فریشتانه‌ی پایه‌كانی خۆیان نه‌پاراست، به‌ڵكو شوێنی خۆیان به‌جێهێشت، به‌ كۆتی جاویدانی بۆ سزای ڕۆژی مه‌زن له‌ ژێر تاریكیدا هه‌ڵگیران. هه‌روه‌ها سه‌دوم و عامووڕه‌ و شاره‌كانی ده‌وروبه‌ریان به‌ هه‌مان ڕێگا داوێنپیسییان كرد و به‌ ناسروشتی هه‌وه‌سبازییان كرد، جا بوونه‌ په‌ندی چێژتنی سزای ئاگری جاویدانی. ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، جه‌سته‌ گڵاو ده‌كه‌ن و گه‌وره‌یی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و بوختان به‌ شكۆداران ده‌كه‌ن. به‌ڵام میخائێلی سه‌رۆكی فریشته‌كان، كاتێ دژایه‌تی شه‌یتانی كرد و سه‌باره‌ت به‌ ته‌رمی مووشێ به‌رگریی كرد، نه‌یوێرا به‌ بوختان سكاڵای لێ بكات، به‌ڵكو وتی: “په‌روه‌ردگار سه‌رزه‌نشتت بكات!”. كه‌چی ئه‌مانه‌ قسه‌ بۆ شتێک هه‌ڵده‌به‌ستن كه‌ نایزانن. ئه‌وه‌ی به‌ سروشتیش ده‌یزانن، وه‌ک ئاژه‌ڵی به‌سته‌زمان، له‌مانه‌دا تێكی ده‌ده‌ن. وه‌ی به‌حاڵیان! چونكه‌ ڕێگای قائینیان گرتووه‌، بۆ بڕێک ده‌ستكه‌وت خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ست چه‌واشه‌یی به‌لعه‌مه‌وه، له‌ یاخیبوونه‌كه‌ی قۆڕه‌ح له‌ناوچوون. ئه‌وانه‌ له‌ داوه‌ته‌كانی خۆشویستنی ئێوه‌ له‌كه‌دارن، بێ ترس نانتان له‌گه‌ڵ ده‌خۆن، خۆیان ده‌له‌وه‌ڕێنن. هه‌وری بێ ئاون و به‌ با ده‌هاژوورێن، داری بێبه‌ری پاییزن، دوو جار مردوون و هه‌ڵكه‌ندراون، شه‌پۆلی ده‌ریای هه‌ڵچوون به‌ كه‌فی شه‌رمه‌زاری، ئه‌ستێره‌ی وێلن كه‌ تاهه‌تایه‌ ڕه‌شایی تاریكییان بۆ هه‌ڵگیراوه‌. ئه‌خنوخی حه‌وته‌م له‌ ئاده‌مه‌وه‌، له‌باره‌ی ئه‌وانه‌وه‌ پێشبینی كرد و وتی: “ئه‌وه‌تا په‌روه‌ردگار له‌نێو هه‌زارانی پارسایاندا دێت، تاكو هه‌مووان حوكم بكات و هه‌موو خوانه‌ناسان سزا بدات، له‌به‌ر هه‌موو كرداره‌ خوانه‌ناسییه‌كانیان كه‌وا له‌ ڕێبازی خوانه‌ناسی كردوویانه‌ و ئه‌و قسه‌ ڕه‌قانه‌ی ئه‌و گوناهباره‌ خوانه‌ناسانه‌ له‌ دژی وتوویانه‌”. ئه‌وانه‌ بۆڵه‌بۆڵكار و گله‌ییكارن، به‌گوێره‌ی هه‌وه‌سه‌كانیان ڕه‌فتار ده‌كه‌ن و قسه‌ی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، به‌ ڕووپامایی ستایشی خه‌ڵک ده‌كه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان. به‌ڵام ئێوه‌ ئه‌ی خۆشه‌ویستان، قسه‌كانی په‌یامبه‌رانی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح بهێننه‌وه‌ یاد كه‌ پێشتر وتوویانه‌. پێی وتن: “له‌ كۆتایی ڕۆژگار، هه‌ندێک گاڵته‌جاڕ په‌یدا ده‌بن و دوای هه‌وه‌سه‌ خوانه‌ناسییه‌كانیان ده‌كه‌ون”. ئه‌وانه‌ خۆیان جیا ده‌كه‌نه‌وه‌، سروشتی مرۆڤانه‌ن و ڕووحه‌كه‌یان نییه‌. به‌ڵام ئێوه‌ خۆشه‌ویستان، خۆتان له‌سه‌ر باوه‌ڕی پارساتان بنیاد بنێن، به‌ ڕووحی پارسا نوێژ بكه‌ن، خۆتان له‌نێو خۆشویستنی خودا بپارێزن، چاوه‌ڕوانی به‌زه‌یی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان بن بۆ ژیانی جاویدانی. به‌زه‌ییتان به‌وانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ گومان ده‌كه‌ن. هه‌ندێک له‌ ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بكه‌ن، له‌ ترسدا به‌زه‌ییتان به‌ هه‌ندێک بێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ڕقتان له‌و به‌رگانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ به‌ جه‌سته‌ گڵاو بوونه‌. بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ تواناداره‌ بێ ساتمه‌كردن بتانپارێزێت، به‌ شادی بێ گله‌یی له‌به‌رده‌م شكۆكه‌ی ڕاتانبگرێت، بۆ تاكه‌ خوداوه‌ندی دانا و ڕزگاریده‌رمان، شكۆ و مه‌زنی و توانا و ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌، ئێستا و تا هه‌موو ڕۆژگار. ئامین.