لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 28:8-59

یوخه‌ننه‌ن 28:8-59 PNTZS

جا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كاتێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤتان به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌وسا تێده‌گه‌ن كه‌ من ئه‌وم، له‌ خۆمه‌وه‌ هیچ ناكه‌م، به‌ڵكو وه‌ک باوک فێری كردووم قسه‌ ده‌كه‌م. ئه‌وه‌ی ناردوومی له‌گه‌ڵمدایه‌، باوكیش به‌ ته‌نها به‌جێی نه‌هێشتووم، چونكه‌ من هه‌میشه‌ به‌گوێره‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و ده‌كه‌م”. كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌فه‌رموو، زۆر كه‌س باوه‌ڕیان پێی هێنا. ئه‌وسا ئیشۆع به‌ جووه‌كانی فه‌رموو كه‌ باوه‌ڕیان پێی هێنابوو: “ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ قسه‌كه‌مدا جێگیربن، ئه‌وا به‌ ڕاستی قوتابی منن و ڕه‌وا ده‌ناسن، ڕه‌واش ئازادتان ده‌كات”. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئێمه‌ نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌مین، هه‌رگیز كۆیله‌ی كه‌س نه‌بووینه‌! ئیتر چۆن ده‌فه‌رمووی: ئازاد ده‌بن؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ر كه‌سێک گوناه‌ بكات كۆیله‌ی گوناهه‌. كۆیله‌ تاهه‌تایه‌ له‌ ماڵ نامێنێته‌وه‌، به‌ڵام ڕۆڵه‌ تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ ئازادی كردن، ئه‌وا به‌ ڕاستی ئازاد ده‌بن. من ده‌زانم ئێوه‌ نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌من. به‌ڵام هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، چونكه‌ قسه‌كه‌م له‌ ئێوه‌دا جێگه‌ی نییه‌. چیم له‌لای باوكم بینیوه‌ ده‌یڵێم، ئێوه‌ش چیتان له‌ باوكتانه‌وه‌ بینیوه‌ ده‌یكه‌ن. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان وت: “باوكمان ئه‌وڕاهه‌مه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی ئه‌وڕاهه‌م بوونایه‌، كرداره‌كانی ئه‌وڕاهه‌متان ده‌كرد! به‌ڵام ئێستا هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، منیش ئه‌و كه‌سه‌م ئه‌و ڕه‌وایه‌ی له‌ خوداوه‌ بیستم پێم وتن. ئه‌مه‌ش ئه‌وڕاهه‌م نه‌یكردووه‌. ئێوه‌ كرداره‌كانی باوكتان ده‌كه‌ن”. جا پێیان وت: “به‌ داوێنپیسی له‌دایک نه‌بووین. یه‌ک باوكمان هه‌یه‌ كه‌ خودایه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر خودا باوكتان بووایه‌، منتان خۆشده‌ویست، چونكه‌ له‌ خوداوه‌ ده‌رچووم و هاتووم. چونكه‌ له‌ خۆمه‌وه‌ نه‌هاتووم، به‌ڵكو ئه‌و ناردوومی. بۆچی له‌ قسه‌كانم تێناگه‌ن؟ چونكه‌ ناتوانن گوێ له‌ قسه‌كه‌م بگرن. ئێوه‌ له‌ باوكێكن كه‌ ئیبلیسه‌، ده‌تانه‌وێت به‌ ئاره‌زووه‌كانی باوكتان بكه‌ن. ئه‌و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بكوژ بووه‌، له‌ ڕه‌وادا جێگیر نه‌بووه‌، چونكه‌ ڕه‌وا له‌ودا نییه‌. كاتێكیش درۆ ده‌كات، باسی شتی خۆی ده‌كات، چونكه‌ درۆزنه‌ و باوكی درۆیه‌. به‌ڵام من چونكه‌ ڕه‌وا ده‌ڵێم باوه‌ڕم پێ ناهێنن. كامه‌تان ده‌توانێت گوناهێكم له‌سه‌ر بسه‌لمێنێ؟ جا ئه‌گه‌ر ڕه‌وا ده‌ڵێم، بۆچی باوه‌ڕم پێ ناهێنن؟ ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌یه‌، گوێ له‌ وته‌ی خودا ده‌گرێت. بۆیه‌ ئێوه‌ گوێ ناگرن، چونكه‌ له‌ خوداوه‌ نین”. جووه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان وت: “ئایا ئێمه‌ ڕاست ناڵێین كه‌ تۆ شمرنیت و شه‌یتانت تێدایه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “من شه‌یتانم تێدا نییه‌، به‌ڵام ڕێزی باوكم ده‌گرم و ئێوه‌ش سووكایه‌تیم پێ ده‌كه‌ن. داوای شكۆ بۆ خۆم ناكه‌م، به‌ڵام هه‌یه‌ بۆم داوا بكات و حوكم بدات. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر یه‌كێک قسه‌كانم بپارێزێت تاهه‌تایه‌ مه‌رگ نابینێت”. جووه‌كان پێیان وت: “ئێستا زانیمان شه‌یتانت تێدایه‌. ئه‌وڕاهه‌م و پێغه‌مبه‌ران مردن، كه‌چی تۆ ده‌ڵێی: ئه‌گه‌ر یه‌كێک وشه‌كانم بپارێزێت هه‌رگیز مه‌رگ ناچێژێت. ئایا تۆ له‌ ئه‌وڕاهه‌می باوكمان مه‌زنتری كه‌ مرد؟ پێغه‌مبه‌رانیش مردن. خۆت به‌ چی داده‌نێیت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌گه‌ر خۆم شكۆدار بكه‌م، ئه‌وا شكۆكه‌م هیچ نییه‌. باوكمه‌ كه‌وا شكۆدارم ده‌كات، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌ڵێن خودامانه‌، كه‌ نایناسن. به‌ڵام من ده‌یناسم. ئه‌گه‌ر بڵێم نایناسم، وه‌ک ئێوه‌ ده‌بمه‌ درۆزن. به‌ڵام ده‌یناسم و قسه‌كه‌ی ده‌پارێزم. ئه‌وڕاهه‌می باوكتان دڵشاد بوو كه‌ ڕۆژی من ببینێت، جا بینی و دڵخۆش بوو”. جووه‌كانیش پێیان وت: “تۆ جارێ په‌نجا ساڵ نیت، ئه‌وڕاهه‌مت بینیوه‌؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌م ببێت، من هه‌م”. ئه‌وسا به‌ردیان هه‌ڵگرت تاكو به‌ردبارانی بكه‌ن، به‌ڵام ئیشۆع له‌به‌رچاو نه‌ما و له‌ په‌رستگاكه‌ ده‌رچوو.