لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 1:8-30

یوخه‌ننه‌ن 1:8-30 PNTZS

به‌ڵام ئیشۆع چووه‌ كێوی زه‌یتوون. له‌ به‌ره‌به‌یاندا له‌ په‌رستگادا ئاماده‌بوو، هه‌موو گه‌ل هاتنه‌ لای و ئه‌ویش دانیشت و ئامۆژگاریی كردن. ته‌وراتزانه‌كان و په‌ڕیشییه‌كان ژنێكیان هێنایه‌ لای كه‌ له‌ كاتی داوێنپیسیدا گیرابوو، كاتێ له‌ ناوه‌ڕاستدا ڕایانگرت، پێیان وت: “ڕابی، ئه‌م ژنه‌ له‌ داوێنپیسیكردندا گیراوه‌. مووشێش له‌ ته‌وراتدا ڕایسپاردووین ژنی ئاوا به‌ردباران بكرێت. تۆ چی ده‌ڵێی؟” ئه‌مه‌یان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی وت، تاكو شتێكیان هه‌بێت سكاڵای لێ بكه‌ن. به‌ڵام ئیشۆع خۆی چه‌مانده‌وه‌ و به‌ په‌نجه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ینووسی. كاتێ به‌رده‌وام بوون له‌ پرسكردن، هه‌ستاوه‌ و پێی فه‌رموون: “كامه‌تان بێ گوناهه‌ با یه‌كه‌م بێت به‌ردێكی تێبگرێ!”. دیسان خۆی چه‌مانده‌وه‌ و له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ینووسی. ئه‌وانه‌ی گوێیان لێبوو، ویژدانیان سه‌ركۆنه‌ی كردن و یه‌ک له‌دوای یه‌ک ڕۆیشتن، ده‌ستپێک له‌ پیرانه‌وه‌. ئه‌وسا ئیشۆع به‌ ته‌نها مایه‌وه‌، ژنه‌كه‌ش له‌ناوه‌ڕاست. كاتێ ئیشۆع ڕاست بووه‌وه‌ له‌ ژنه‌كه‌ زیاتر كه‌سی نه‌بینی، پێی فه‌رموو: “خانم، كوا ئه‌وانه‌ی سكاڵایان لێت ده‌كرد؟ كه‌س تاوانباری نه‌كردوویت؟ وتی: “كه‌س، گه‌وره‌م”. ئیشۆع فه‌رمووی: “منیش حوكمت ناده‌م. بڕۆ ئیتر گوناه مه‌كه‌”. دیسان ئیشۆع قسه‌ی بۆ كردن و فه‌رمووی: “منم ڕووناكیی جیهان. ئه‌وه‌ی دوام بكه‌وێت ئیتر به‌ تاریكیدا ڕێ ناكات، به‌ڵكو ڕووناكیی ژیانی ده‌بێت”. جا په‌ڕیشییه‌كان پێیان وت: “تۆ گه‌واهیی بۆ خۆت ده‌ده‌یت. گه‌واهییه‌كه‌ت ڕه‌وا نییه‌”. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر من گه‌واهیش بۆ خۆم بده‌م، گه‌واهییه‌كه‌م ڕه‌وایه‌، چونكه‌ ده‌زانم له‌كوێوه‌ هاتووم و بۆ كوێ ده‌ڕۆم. به‌ڵام ئێوه‌ نازانن له‌كوێوه‌ هاتووم و بۆ كوێ ده‌ڕۆم”. ئێوه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ حوكم ده‌ده‌ن، به‌ڵام من كه‌س حوكم ناده‌م. ئه‌گه‌ر حوكمیش بده‌م حوكمدانه‌كه‌م ڕه‌وایه‌، چونكه‌ به‌ ته‌نها نیم، به‌ڵكو من و باوكین، ئه‌وه‌ی ناردوومی. هه‌روه‌ها له‌ ته‌وراتی ئێوه‌شدا نووسراوه‌ كه‌ گه‌واهیی دوو كه‌س ڕه‌وایه‌. منم گه‌واهیی بۆ خۆم ده‌ده‌م، باوكیش كه‌ ناردوومی گه‌واهیم بۆ ده‌دات. پێیان وت: “باوكت له‌كوێیه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “نه‌ من ده‌ناسن و نه‌ باوكیشم. ئه‌گه‌ر منتان بناسیبایه‌ باوكی منیشتان ده‌ناسی”. ئه‌م فه‌رموودانه‌ی له‌ گه‌نجینه‌دا فه‌رموو، كاتێ له‌ په‌رستگا ئامۆژگاریی ده‌كرد، كه‌سیش نه‌یگرت، چونكه‌ هێشتا كاتی نه‌هاتبوو. دیسان ئیشۆع پێی فه‌رموون: “من ده‌ڕۆم و داوام ده‌كه‌ن، له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن. ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم”. جووه‌كان وتیان: “ئایا خۆی ده‌كوژێت؟ چونكه‌ ده‌ڵێ: ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم؟”. پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ هی خواره‌وه‌ن، به‌ڵام من هی سه‌ره‌وه‌م. ئێوه‌ هی ئه‌م جیهانه‌ن، به‌ڵام من هی ئه‌م جیهانه‌ نیم. بۆیه‌ پێم وتن: له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ باوه‌ڕ نه‌هێنن كه‌ من ئه‌وم، له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن”. پێیان وت: “تۆ كێیت؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێم وتوون. زۆر شتم له‌سه‌رتان هه‌یه‌ بیڵێم و حوكمی پێ بده‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناردوومی ڕه‌وایه‌، هه‌رچیم له‌و بیستووه‌ به‌ جیهانی ده‌ڵێم”. ئه‌وان تێنه‌گه‌یشتن كه‌ باسی باوكیان بۆ ده‌كات. جا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كاتێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤتان به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌وسا تێده‌گه‌ن كه‌ من ئه‌وم، له‌ خۆمه‌وه‌ هیچ ناكه‌م، به‌ڵكو وه‌ک باوک فێری كردووم قسه‌ ده‌كه‌م. ئه‌وه‌ی ناردوومی له‌گه‌ڵمدایه‌، باوكیش به‌ ته‌نها به‌جێی نه‌هێشتووم، چونكه‌ من هه‌میشه‌ به‌گوێره‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و ده‌كه‌م”. كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌فه‌رموو، زۆر كه‌س باوه‌ڕیان پێی هێنا.