لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 14:7-44

یوخه‌ننه‌ن 14:7-44 PNTZS

كاتێ نیوه‌ی جه‌ژن بوو، ئیشۆع چووه‌ په‌رستگا و ئامۆژگاریی ده‌كرد. جووه‌كان سه‌رسام بوون و پرسییان: “ئه‌مه‌ كه‌ فێرنه‌كراوه‌ چۆن له‌ سیپاره‌كان ده‌زانێت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “فێركردنم هی خۆم نییه‌، به‌ڵكو هی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناردوومی. ئه‌گه‌ر كه‌سێک بیه‌وێت به‌ خواستی ئه‌و بكات، له‌ فێركردن ده‌زانێت، ئاخۆ هی خودایه‌ یان له‌ خۆمه‌وه‌ ده‌دوێم. ئه‌وه‌ی له‌ خۆیه‌وه‌ بدوێت، داوای شكۆی خۆی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داوای شكۆی ئه‌وه‌ بكات كه‌ ناردوویه‌تی، ئه‌وه‌ ڕاستگۆیه‌ و فێڵی تێدا نییه‌. ئایا مووشێ ته‌وراتی نه‌داونه‌تێ؟ كه‌سیش له‌ ئێوه‌ كار به‌ ته‌ورات ناكات. بۆچی هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن؟” كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “شه‌یتانت تێدایه‌! كێ هه‌وڵی كوشتنت ده‌دات؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “كارێكم كرد و هه‌موو سه‌رسام بوون. بۆیه‌ مووشێ خروسه‌ بڕانی دایه‌ ئێوه‌، ئه‌مه‌ له‌ مووشێوه‌ نه‌بوو به‌ڵكو له‌ باوكانه‌وه‌ بوو له‌ شه‌ممه‌ش مرۆڤ خروسه‌ بڕان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌ شه‌ممه‌دا خروسه‌ی ببڕدرێت تاكو ته‌وراتی مووشێ نه‌شكێت، باشه‌ له‌ من تووڕه‌ ده‌بن كه‌ له‌ شه‌ممه‌ سه‌راپای مرۆڤێكم چاككرده‌وه‌؟ به‌ ڕواڵه‌ت حوكم مه‌ده‌ن، به‌ڵكو حوكمێكی دادپه‌روه‌رانه‌ بده‌ن”. بۆیه‌ هه‌ندێک له‌ خه‌ڵكی یروشلایم وتیان: “ئه‌مه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بیكوژن؟ ئه‌وه‌تا به‌ ئاشكرا قسه‌ده‌كات و هیچی پێ ناڵێن! ڕه‌نگه‌ سه‌رۆكه‌كان زانیوویانه‌ كه‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی مه‌سیحه‌كه‌یه‌؟ به‌ڵام ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌مه‌ خه‌ڵكی كوێیه‌. به‌ڵام كاتێ مه‌سیح دێت كه‌س نازانێت خه‌ڵكی كوێیه‌”. ئیشۆعیش كه‌ له‌ په‌رستگا ئامۆژگاریی ده‌كرد، هاواری كرد و فه‌رمووی: “ده‌مناسن و ده‌زانن خه‌ڵكی كوێم. له‌ خۆمه‌وه‌ نه‌هاتووم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناردوومی ڕه‌وایه‌، ئه‌وه‌ی نایناسن. من ده‌یناسم چونكه‌ له‌وم و ئه‌ویش ناردوومی”. جا هه‌وڵیان ده‌دا بیگرن، به‌ڵام كه‌س ده‌ستگیری نه‌كرد، چونكه‌ هێشتا كاتی نه‌هاتبوو. زۆر له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ش باوه‌ڕیان پێی هێنا و وتیان: “ئایا كاتێ مه‌سیح دێت، په‌رجوی زیاتر ده‌كات له‌وه‌ی ئه‌مه‌ كردوویه‌تی؟”. په‌ڕیشییه‌كان گوێیان له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بوو كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و چرپه‌چرپی ئه‌مانه‌یانه‌، جا كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان ڕاژه‌وانیان نارد تاكو بیگرن. ئیشۆع پێیان فه‌رموو: “ماوه‌یه‌كی كه‌مم له‌گه‌ڵتان‌ ماوه، ئینجا ده‌چمه‌ لای ئه‌وه‌ی ناردوومی. داوام ده‌كه‌ن و نامدۆزنه‌وه‌، ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی منی لێیه‌”. ئیتر جووه‌كان له‌نێو خۆیاندا وتیان: “ئه‌مه‌ به‌ نیازه‌ بۆ كوێ بڕوات كه‌ نایدۆزینه‌وه‌؟ ئایا بۆ په‌راگه‌نده‌كانی نێو یۆنانییه‌كان ده‌ڕوات، تاكو یۆنانییه‌كان فێر بكات؟ ئه‌م قسه‌یه‌ چییه‌ ده‌یكات: داوام ده‌كه‌ن و نامدۆزنه‌وه‌ و ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی منی لێیه‌؟”. له‌دوایین ڕۆژی گه‌وره‌ی جه‌ژن، ئیشۆع ڕاوه‌ستا و هاواری كرد، فه‌رمووی: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک تینووی بوو با بێته‌ لام و بخواته‌وه‌. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، وه‌ک سیپاره‌كه‌ فه‌رموویه‌تی، له‌ ناخییه‌وه‌ ڕووباره‌كانی ئاوی زیندوو ڕێده‌كات”. لێره‌دا مه‌به‌ستی له‌ ڕووحه‌كه‌ بوو، كه‌ خه‌ریک بوو باوه‌ڕداران وه‌ریبگرن، چونكه‌ هێشتا ڕووحی پارسا نه‌درابوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیشۆع شكۆدار نه‌ببوو. زۆر له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ كه‌ ئه‌م قسه‌یان بیست‌، وتیان: “ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌”. هه‌ندێكی دیكه‌، وتیان: “ئه‌مه‌ مه‌سیحه‌كه‌یه‌!”. هه‌ندێكی دیكه‌ش وتیان: “ده‌بێ مه‌سیح له‌ گلیلاوه‌ بێت؟ ئایا سیپاره‌كه‌ نافه‌رمووێت، مه‌سیح له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی داوید و له‌ بێتلخمه‌وه‌ دێت، گونده‌كه‌ی داویدی لێبوو؟” جا به‌هۆی ئه‌و دووبه‌ره‌كی كه‌وته‌ نێوان كۆمه‌ڵه‌كه‌. هه‌ندێک له‌وان ویستیان بیگرن، به‌ڵام كه‌س ده‌ستگیری نه‌كرد.