لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 1:6-24

یوخه‌ننه‌ن 1:6-24 PNTZS

دوای ئه‌مه‌ ئیشۆع چووه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریای گلیلا، كه‌ ده‌ریای ته‌به‌ریه‌یه‌، كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وتن، چونكه‌ ئه‌و نیشانانه‌یان بینیبوو كه‌ له‌ نه‌خۆشه‌كاندا ده‌یكرد. ئینجا ئیشۆع چووه‌ سه‌ر شاخێک و له‌وێ له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی دانیشت. جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوو نزیک بوو. ئیشۆعیش چاوی هه‌ڵبڕی و كۆمه‌ڵانێكی زۆری بینی ده‌هاتنه‌ لای، به‌ پیلیپوسی فه‌رموو: “له‌كوێ نان بكڕین بۆئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ بخۆن؟” ئه‌مه‌ی فه‌رموو تاكو تاقیی بكاته‌وه‌، چونكه‌ خۆی زانی به‌ نیازه‌ چی بكات. پیلیپوس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “بایی دوو سه‌د دیناریش نان به‌شیان ناكات، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان كه‌مێكی به‌ركه‌وێت”. یه‌كێک له‌ قوتابییه‌كانی كه‌ ئه‌ندراوسی برای شیمعون په‌تڕۆس بوو پێی وت: “كوڕێک لێره‌یه‌ پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیه‌. به‌ڵام ئه‌ونده‌ چییه‌ بۆ ئه‌م هه‌مووه‌؟” ئیشۆع فه‌رمووی: “خه‌ڵكه‌كه‌ دابنیشێنن”. ئه‌و شوێنه‌ گیایه‌كی زۆری لێبوو، جا پیاوه‌كان كه‌ پێنج هه‌زار ده‌بوون دانیشتن. ئیشۆعیش نانه‌كانی برد و سوپاسی كرد، به‌سه‌ر قوتابیه‌كان دابه‌شیكرد، قوتابیه‌كانیش به‌سه‌ر دانیشتووان دابه‌شیان كرد، ماسیه‌كانیش هه‌ر ئاوا، ئه‌وه‌نده‌ی ویستیان. كاتێ تێربوون، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ئه‌و له‌ته‌نانه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ كۆی بكه‌نه‌وه‌ تاكو هیچ به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات”. ئه‌وانیش كۆیان كرده‌وه‌ و دوازده‌ سه‌به‌ته‌یان پڕ كرد له‌و له‌ته‌نانه‌ی ئه‌و پێنج نانه‌ جۆیه‌ی له‌ نانخۆران مابووه‌وه‌. كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ بینییان ئیشۆع چ په‌رجوێكی كرد، وتیان: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌كه‌ وا بۆ جیهان دێت!”. به‌ڵام ئیشۆع زانی ئه‌وان به‌ نیازن بێن و بیگرن تاكو بیكه‌نه‌ پاشا، دیسان به‌ ته‌نیا چووه‌ سه‌ر شاخ. كاتێ ئێواره‌ داهات قوتابییه‌كانی بۆ لای ده‌ریاكه‌ چوونه‌ خواره‌وه‌، سواری كه‌شتیێک بوون و به‌ ده‌ریادا بۆ كپه‌ڕناخوم كه‌وتنه‌ڕێ. تاریک داهات و ئیشۆع هه‌ر نه‌هاته‌ لایان. ڕه‌شه‌بایه‌كی مه‌زن هه‌ڵیكرد و ده‌ریا هه‌ڵچوو. كه‌ نزیكه‌ی بیست و پێنج تاكو سی تیرهاوێژ سه‌وڵیان لێدابوو، ئیشۆعیان بینی به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ڕێده‌كات و له‌ كه‌شتیه‌كه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌، جا ترسان. پێی فه‌رموون: “منم، مه‌ترسن!” كه‌ ڕازی بوون سواری كه‌شتیه‌كه‌ی بكه‌ن، یه‌كسه‌ر كه‌شتیه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و كه‌ناره‌ی بۆی ده‌چوون. بۆ به‌یانی، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌ ڕاوه‌ستابوون بینییان له‌و كه‌شتیه‌ زیاتر له‌وێ نه‌بوو، كه‌ قوتابیان سواری ببون، ئیشۆعیش له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتی نه‌بوو، به‌ڵكو قوتابییه‌كانی به‌ ته‌نها به‌ڕێكه‌وتن. به‌ڵام كه‌شتیی دیكه‌ش له‌ ته‌به‌ریه‌وه‌ هاتنه‌ نزیک ئه‌و شوێنه‌ی نانه‌كه‌یان لێی خوارد كه‌ په‌روه‌ردگار سوپاسی كرد. كاتێ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بینییان نه‌ ئیشۆع له‌وێیه‌ و نه‌ قوتابییه‌كانی، سواری كه‌شتیه‌كان بوون و هاتنه‌ كپه‌ڕناخوم، له‌ ئیشۆع ده‌گه‌ڕان.