لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 18:5-47

یوخه‌ننه‌ن 18:5-47 PNTZS

له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ جووه‌كان زیاتر هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن، چونكه‌ ته‌نها شه‌ممه‌ی نه‌ده‌شكاند، به‌ڵكو ده‌یووت كه‌ خودا باوكییه‌تی، خۆی له‌گه‌ڵ خودا یه‌كسان ده‌كرد. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ڕۆڵه‌ ناتوانێت له‌ خۆیه‌وه‌ شتێک بكات ته‌نها ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینێت باوک ده‌یكات، چونكه‌ هه‌رچی ئه‌و ده‌یكات، ڕۆڵه‌ش هه‌مان شت ده‌كات. چونكه‌ باوک ڕۆڵه‌ی خۆشده‌وێت و هه‌موو كاره‌كانی خۆی پیشان ده‌دات، كاری له‌مانه‌ش مه‌زنتری پیشان ده‌دات، تاكو ئێوه‌ سه‌رسام بن. چونكه‌ وه‌ک باوک مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌ و زیندوو ده‌كاته‌وه‌، ڕۆڵه‌ش ئه‌وه‌ی بیه‌وێت زیندووی ده‌كاته‌وه‌. چونكه‌ باوک كه‌س حوكم نادات، به‌ڵكو هه‌موو حوكمدانی داوه‌ته‌ ڕۆڵه‌، تاكو هه‌مووان ڕێزی ڕۆڵه‌ بگرن هه‌روه‌ک ڕێزی باوک ده‌گرن. ئه‌وه‌ی ڕێزی ڕۆڵه‌ نه‌گرێ، ڕێزی باوكیش ناگرێ كه‌ ناردوویه‌تی. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی گوێ له‌ قسه‌كه‌م بگرێت و باوه‌ڕ بهێنێت به‌وه‌ی ناردوومی ژیانی جاویدانی ده‌بێت و نایه‌ته‌ حوكمدان، به‌ڵكو له‌ مه‌رگه‌وه‌ بۆ ژیان گواستراوه‌ته‌وه‌. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كاتێک دێت كه‌ ئێستایه‌، كاتێک مردووان ده‌نگی ڕۆڵه‌ی خودا ده‌بیستن، گوێگرانیش ده‌ژین. چونكه‌ وه‌ک باوک ژیانی له‌ خۆیدا هه‌یه‌، به‌ ڕۆڵه‌شی داوه‌ ژیانی له‌ خۆیدا هه‌بێت. ده‌سه‌ڵاتی حوكمدانیشی پێی داوه‌، چونكه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌. له‌مه‌ سه‌رسام مه‌بن، چونكه‌ كاتێک دێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌نێو گۆڕدان ده‌نگی ده‌بیستن و ئه‌وانه‌ی كرداری چاكیان كردووه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی ژیان ده‌رده‌چن، ئه‌وانه‌ش كه‌ كرداری خراپیان كردووه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی حوكمدان. من له‌خۆمه‌وه‌ ناتوانم هیچ بكه‌م. وه‌ک ده‌بیستم حوكم ده‌ده‌م، حوكمدانه‌كه‌شم دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، چونكه‌ داوای خواستی خۆم ناكه‌م، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی ناردوومی. ئه‌گه‌ر گه‌واهی بۆ خۆم بده‌م گه‌واهییه‌كه‌م ڕه‌وا نییه‌. یه‌كێكی دیكه‌ گه‌واهیم بۆ ده‌دات، منیش ده‌زانم ئه‌و گه‌واهییه‌ی بۆ منی ده‌دات ڕه‌وایه‌. له‌دوای یوخه‌ننه‌نتان نارد، ئه‌ویش گه‌واهیی بۆ ڕه‌وا دا. من گه‌واهیی له‌ مرۆڤ په‌سه‌ند ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌مانه‌ ده‌ڵێم تاكو ئێوه‌ ڕزگاربن. ئه‌و چرایه‌كی هه‌ڵگیرساو و بریسكه‌دار بوو، ئێوه‌ش ده‌تانویست ماوه‌یه‌ک به‌ ڕووناكییه‌كه‌ی دڵخۆش بن. به‌ڵام من گه‌واهییه‌كم هه‌یه‌ له‌وه‌ی یوخه‌ننه‌ن مه‌زنتره‌، چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ی باوكم پێی داوم ته‌واوی بكه‌م، ئه‌م كارانه‌ خۆیان گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن كه‌ باوكم ناردوومی. باوكیش كه‌ ناردوومی، خۆی گه‌واهیم بۆ ده‌دات. ئێوه‌ هه‌رگیز ده‌نگیتان نه‌بیستووه‌ و ڕواڵه‌تیتان نه‌بینیوه‌، وشه‌كه‌شی له‌ ئێوه‌دا جێگیر نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناردوویه‌تی ئێوه‌ باوه‌ڕی پێ ناهێنن. سیپاره‌كان بپشكنن، چونكه‌ ده‌زانن ژیانی جاویدانی بۆ ئێوه‌ تێدایه‌. ئه‌وانه‌ش گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ناتانه‌وێ بێنه‌ لام تاكو ژیانتان هه‌بێت. من شكۆ له‌ خه‌ڵک په‌سه‌ند ناكه‌م. به‌ڵام ئێوه‌م ناسی كه‌ خۆشویستنی خوداتان له‌ دڵدا نییه‌. به‌ ناوی باوكمه‌وه‌ هاتووم، په‌سه‌ندیشم ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر یه‌كێكی دیكه‌ به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ بێت، په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن. چۆن ده‌توانن باوه‌ڕ بهێنن ئه‌گه‌ر شكۆ له‌ یه‌كتری وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ئه‌و شكۆیه‌ی له‌ تاكه‌ خوداوه‌یه‌ داوا ناكه‌ن؟ وا مه‌زانن من له‌لای باوک سكاڵاتان لێ ده‌كه‌م. یه‌كێک هه‌یه‌ سكاڵاتان لێ بكات، كه‌ مووشێیه‌، ئه‌وه‌ی هیواتان پێیه‌تی. چونكه‌ ئه‌گه‌ر بڕواتان به‌ مووشێ بكردایه‌، بڕواتان به‌ منیش ده‌كرد، چونكه‌ له‌ باره‌ی منه‌وه‌ نووسیویه‌تی. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیش به‌ په‌رتووكه‌كانی ئه‌و نه‌كه‌ن، چۆن باوه‌ڕ به‌ وته‌كانی من ده‌كه‌ن؟”