لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 1:5-24

یوخه‌ننه‌ن 1:5-24 PNTZS

دوای ئه‌وه‌ جه‌ژنێكی جووه‌كان هه‌بوو و ئیشۆع سه‌ركه‌وته‌ یروشلایم. له‌ یروشلایم له‌لای ده‌روازه‌ی كاوڕ گۆماوێک هه‌بوو به‌ عیبری پێیان ده‌ووت بتحه‌سدا، پێنج هه‌یوانی هه‌بوو. له‌وێ جه‌ماوه‌رێكی زۆر ڕاكشابوون، نه‌خۆش و كوێر و شه‌ل و گۆج، چاوه‌ڕێی جوڵانی ئاوه‌كه‌ بوون، چونكه‌ هه‌ندێک جار فریشته‌یه‌ک بۆ گۆمه‌كه‌‌ داده‌به‌زی و ئاوه‌كه‌ی ده‌جوڵاند، جا ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س بچووبووایه‌ نێو گۆمه‌كه‌، له‌ هه‌ر نه‌خۆشییه‌ک هه‌یبووایه‌ چاک ده‌بووه‌وه‌. كابرایه‌ک له‌وێ بوو سی و هه‌شت ساڵ نه‌خۆش بوو. ئیشۆع ئه‌م كابرایه‌ی بینی پاڵكه‌وتووه‌ و زانی ماوه‌یه‌كی درێژه‌ وایه‌، پێی فه‌رموو: “ده‌ته‌وێ چاكبیته‌وه‌؟” نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “گه‌وره‌م، كاتێ ئاوه‌كه‌ ده‌جوڵێت كه‌سم نییه‌ بمخاته‌ نێو گۆمه‌كه‌. كاتێكیش دێم، یه‌كێكی دیكه‌ پێش من ده‌چێته‌ نێوی”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “هه‌سته‌! نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و ڕێ بكه‌” یه‌كسه‌ر كابرا چاكبووه‌وه‌، نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ڕێی كرد. ئه‌و ڕۆژه‌ش شه‌ممه‌ بوو. جووه‌كان به‌ چاكبووه‌وه‌یان وت: “شه‌ممه‌یه‌! دروست نییه‌ نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگریت”. وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ئه‌وه‌ی چاكیكردمه‌وه‌ ئه‌و پێی فه‌رمووم: نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و ڕێ بكه‌”. لێیان پرسی: “ئه‌و پیاوه‌ كێیه‌ كه‌پێی وتی: نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و ڕێ بكه‌؟” به‌ڵام چاكبووه‌وه‌كه‌ نه‌یده‌زانی كێیه‌، چونكه‌ ئیشۆع له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ خۆی كێشایه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ ئیشۆع ئه‌وی له‌ په‌رستگا بینییه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌تا چاكبوویته‌وه‌. ئیتر گوناه‌ مه‌كه‌، نه‌وه‌ک خراپترت به‌سه‌ر بێت”. كابراش چوو و به‌ جووه‌كانی وت كه‌ ئیشۆع بووه‌ چاكیكردۆته‌وه‌. بۆیه‌ جووه‌كان ئیشۆعیان قاوده‌دا و هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن، چونكه‌ ئه‌م شته‌ی له‌ شه‌ممه‌دا كرد. جا ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “تا ئێستا باوكم كارده‌كات، منیش كار ده‌كه‌م”. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ جووه‌كان زیاتر هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن، چونكه‌ ته‌نها شه‌ممه‌ی نه‌ده‌شكاند، به‌ڵكو ده‌یووت كه‌ خودا باوكییه‌تی، خۆی له‌گه‌ڵ خودا یه‌كسان ده‌كرد. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ڕۆڵه‌ ناتوانێت له‌ خۆیه‌وه‌ شتێک بكات ته‌نها ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینێت باوک ده‌یكات، چونكه‌ هه‌رچی ئه‌و ده‌یكات، ڕۆڵه‌ش هه‌مان شت ده‌كات. چونكه‌ باوک ڕۆڵه‌ی خۆشده‌وێت و هه‌موو كاره‌كانی خۆی پیشان ده‌دات، كاری له‌مانه‌ش مه‌زنتری پیشان ده‌دات، تاكو ئێوه‌ سه‌رسام بن. چونكه‌ وه‌ک باوک مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌ و زیندوو ده‌كاته‌وه‌، ڕۆڵه‌ش ئه‌وه‌ی بیه‌وێت زیندووی ده‌كاته‌وه‌. چونكه‌ باوک كه‌س حوكم نادات، به‌ڵكو هه‌موو حوكمدانی داوه‌ته‌ ڕۆڵه‌، تاكو هه‌مووان ڕێزی ڕۆڵه‌ بگرن هه‌روه‌ک ڕێزی باوک ده‌گرن. ئه‌وه‌ی ڕێزی ڕۆڵه‌ نه‌گرێ، ڕێزی باوكیش ناگرێ كه‌ ناردوویه‌تی. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی گوێ له‌ قسه‌كه‌م بگرێت و باوه‌ڕ بهێنێت به‌وه‌ی ناردوومی ژیانی جاویدانی ده‌بێت و نایه‌ته‌ حوكمدان، به‌ڵكو له‌ مه‌رگه‌وه‌ بۆ ژیان گواستراوه‌ته‌وه‌.