گه‌یشته شارێكی شمرنی پێی ده‌ووترا سوخار، نزیک ئه‌و پارچه زه‌وییه‌ی یاقوو دابوویه یۆسپی كوڕی. بیری یاقووش له‌وێ بوو. جا ئیشۆع له گه‌شته‌كه ماندوو بوو، له‌لای بیره‌كه دانیشت، نزیكه‌ی كاژێر شه‌ش بوو. ژنێكی شمرنی هات ئاو ببات، ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئاوم بده‌رێ با بخۆمه‌وه”. چونكه قوتابییه‌كانی چووبوونه شار تاكو خواردن بكڕن. جا ژنه شمرنیه‌كه پێی وت: “تۆ جوویت و منیش ژنێكی شمرنیم، چۆن داوای ئاوم لێ ده‌كه‌یت تا بخۆیته‌وه؟” چونكه جوو تێكه‌ڵی شمرنیه‌كان نابن. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه و پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر به‌خششی خودات ده‌زانی و ده‌تزانی كێیه ئه‌وه‌ی پێت ده‌ڵێت ئاوم بده‌رێ تا بخۆمه‌وه، ئه‌وسا تۆ داوات لێ ده‌كرد و ئه‌ویش ئاوی زیندووی پێ ده‌دایت”. ژنه‌كه پێی وت: “گه‌وره‌م، دۆلكه‌ت پێ نییه و بیره‌كه‌ش قووڵه. ئیتر ئاوی زیندووت له‌كوێ بوو؟ خۆ له یاقووی باوكمان مه‌زنتر نیت كه بیره‌كه‌ی پێ داوین، خۆی و كوڕه‌كانی و ماڵاتیشی لێیان خوارده‌وه؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه و پێی فه‌رموو: “هه‌ر كه‌سێک له‌م ئاوه بخواته‌وه تینووی ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و ئاوه بخواته‌وه كه من ده‌یده‌مێ، تاهه‌تایه تینووی نابێ، به‌ڵكو ئه‌و ئاوه‌ی ده‌یده‌مێ تیایدا ده‌بێته كانیاوێک و هه‌ڵده‌قوڵێت و ژیانی جاویدانی ده‌به‌خشێ”. ژنه‌كه‌ش پێی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌و ئاوه‌م بده‌رێ تاكو تینوو نه‌بم و نه‌یه‌مه‌وه ئێره بۆ ئاوكێشان”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “بڕۆ، مێرده‌كه‌ت بانگ بكه و وه‌ره‌وه ئێره”. ژنه‌كه وه‌ڵامی دایه‌وه و وتی: “مێردم نییه”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕاست ده‌كه‌یت كه ده‌ڵێی مێردم نییه. چونكه پێنج مێردت هه‌بوو، ئێستاش ئه‌وه‌ی هه‌ته مێردت نییه. ڕاست ده‌كه‌یت”. ژنه‌كه پێی وت: “گه‌وره‌م، ده‌بینم تۆ پێغه‌مبه‌ریت! باوكانمان له‌سه‌ر ئه‌م شاخه كڕنۆشیان برد، به‌ڵام ئێوه ده‌ڵێن یروشلایم ئه‌و شوێنه‌یه كه پێویسته كڕنۆشی تیادا ببرێت”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “خانم، بڕوام پێ بكه، كاتێ دێت نه له‌سه‌ر ئه‌م شاخه و نه له یروشلایم كڕنۆش بۆ باوک ده‌به‌ن. ئه‌وه‌ی ئێوه كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن نایناسن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ین ده‌یناسین، چونكه ڕزگاری له جووه‌وه‌یه. به‌ڵام كاتێ دێت وا ئێستایه كه كڕنۆشبه‌ره ڕاسته‌قینه‌كان به ڕووح و ڕه‌وا كڕنۆش بۆ باوک ده‌به‌ن، چونكه باوک داوای ئه‌م جۆره كڕنۆشبه‌رانه ده‌كات. خودا ڕووحه، پێویسته ئه‌وانه‌ی كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن به ڕووح و ڕه‌وا كڕنۆشی بۆ ببه‌ن”. ژنه‌كه پێی وت: “ده‌زانم مه‌سیا دێت، كه پێی ده‌ووترێ مه‌سیح، كه ئه‌و هات هه‌موو شتێكمان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نێت”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “من ئه‌وم، ئه‌وه‌ی قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات”. لێره‌دا قوتابییه‌كانی گه‌یشتن، سه‌رسام بوون كه له‌گه‌ڵ ژنێک قسه‌ده‌كات. به‌ڵام كه‌س نه‌یووت: “چیت ده‌وێت؟” یان “بۆچی قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت؟” ئینجا ژنه‌كه گۆزه‌كه‌ی به‌جێهێشت، چووه نێو شار و به خه‌ڵكی وت: “وه‌رن كه‌سێک ببینن هه‌رچییه‌كم كردووه پێی فه‌رمووم! ده‌بێ ئه‌وه مه‌سیح نه‌بێت؟” ئیتر له شار ده‌رچون و هاتنه لای.
یوخه‌ننه‌ن 4 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یوخه‌ننه‌ن 4
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یوخه‌ننه‌ن 5:4-30
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان