لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 4:21-17

یوخه‌ننه‌ن 4:21-17 PNTZS

كاتی به‌ره‌به‌یان، ئیشۆع له‌سه‌ر كه‌ناره‌كه‌ وه‌ستا، به‌ڵام قوتابییه‌كان نه‌یانزانی ئه‌وه‌ ئیشۆعه‌. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كوڕینه‌، هیچ ماسیتان پێ نییه‌؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “نه‌خێر!”. پێی فه‌رموون: “تۆڕه‌كه‌ هه‌ڵبده‌نه‌ لای ڕاستی كه‌شتیه‌كه‌، ده‌بیننه‌وه‌”. جا هه‌ڵیاندا و ئیتر له‌به‌ر زۆری ئه‌و ماسییانه‌ی تیایدا بوو نه‌یانتوانی ڕایكێشنه‌وه‌. ئه‌و قوتابییه‌ی ئیشۆع خۆشیده‌ویست به‌ په‌تڕۆسی وت: “ئه‌وه‌ په‌روه‌ردگاره‌!” كاتێ شیمعون په‌تڕۆس بیستی ئه‌وه‌ په‌روه‌ردگاره‌، خۆی به‌ جله‌كانی داپۆشی چونكه‌ ڕووت بوو، خۆی هه‌ڵدایه‌ نێو ده‌ریاكه‌. قوتابییه‌كانی دیكه‌ به‌ كه‌شتیه‌كه‌ هاتن و تۆڕی ماسییه‌كه‌یان ڕاده‌كێشا، چونكه‌ له‌ وشكایی دوور نه‌بوون، ته‌نها دوو سه‌د گه‌ز. كاتێ دابه‌زینه‌ وشكایی، بینییان وا پشكۆ دانراوه‌ و ماسی خراوه‌ته‌ سه‌ری له‌گه‌ڵ نان. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “له‌و ماسییانه‌ بهێنن كه‌ ئێستا گرتتان”. شیمعون په‌تڕۆسیش سه‌ركه‌وت و تۆڕه‌كه‌ی ڕاكێشایه‌ سه‌ر وشكانی، سه‌د و په‌نجا و سێ ماسی گه‌وره‌ی تێدابوو، له‌گه‌ڵ زۆریه‌كه‌شی تۆڕه‌كه‌ نه‌دڕا. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “وه‌رن بخۆن!”. كه‌س له‌ قوتابییه‌كان نه‌یوێرا لێ بپرسێت: تۆ كێیت؟ چونكه‌ زانییان په‌روه‌ردگاره‌. ئینجا ئیشۆع هات و نانه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و پێیدان، ماسیه‌كه‌ش ئاوا. ئه‌مه‌ سێیه‌م جار بوو ئیشۆع بۆ قوتابییه‌كان ده‌ركه‌وێت پاش هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردوواندا. دوای ئه‌وه‌ی نانیان خوارد ئیشۆع به‌ شیمعون په‌تڕۆسی فه‌رموو: “شیمعونی یۆنا، منت له‌مانه‌ زیاتر خۆشده‌وێت؟” پێی وت: “به‌ڵێ په‌روه‌ردگار، خۆت ده‌زانیت من خۆشمده‌وێیت”. پێی فه‌رموو: “شوانایه‌تی كاوڕه‌كانم بكه‌‌”. دیسان پێی فه‌رمووه‌وه‌: “شیمعونی یۆنا، منت خۆشده‌وێت؟” پێی وت: “به‌ڵێ په‌روه‌ردگار، خۆت ده‌زانیت من خۆشمده‌وێیت”. پێی فه‌رموو: “شوانایه‌تی مه‌ڕه‌كانم بكه‌”. سێیه‌م جار پێی فه‌رموو: “شیمعونی یۆنا، منت خۆشده‌وێت؟” په‌تڕۆس دڵگران بوو، چونكه‌ سێیه‌م جار پێی فه‌رموو: منت خۆشده‌وێت؟ پێی وت: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، خۆت هه‌موو شتێک ده‌زانیت. ده‌زانیت من‌ خۆشمده‌وێیت”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شوانایه‌تی مه‌ڕه‌كانم بكه‌.