لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 1:21-25

یوخه‌ننه‌ن 1:21-25 PNTZS

دوای ئه‌مه‌ دیسان ئیشۆع له‌ ده‌ریای ته‌به‌ریه‌ خۆی بۆ قوتابییه‌كان ده‌رخست، ئاوا خۆی ده‌رخست: شیمعون په‌تڕۆس و تۆما كه‌ به‌ جمک ناسراوه‌، له‌گه‌ڵ نه‌تنیئێل كه‌ خه‌ڵكی قه‌نتێی گلیلا بوو، هه‌روه‌ها دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی و دوو قوتابی دیكه‌ پێكه‌وه‌ بوون. شیمعون په‌تڕۆس پێی وتن: “من بۆ ڕاو ده‌ڕۆم”. پێیان وت: “ئێمه‌ش له‌گه‌ڵت دێین”. ئینجا ده‌رچوون و یه‌كسه‌ر سواری كه‌شتی بوون، له‌و شه‌وه‌دا هیچیان نه‌گرت. كاتی به‌ره‌به‌یان، ئیشۆع له‌سه‌ر كه‌ناره‌كه‌ وه‌ستا، به‌ڵام قوتابییه‌كان نه‌یانزانی ئه‌وه‌ ئیشۆعه‌. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كوڕینه‌، هیچ ماسیتان پێ نییه‌؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “نه‌خێر!”. پێی فه‌رموون: “تۆڕه‌كه‌ هه‌ڵبده‌نه‌ لای ڕاستی كه‌شتیه‌كه‌، ده‌بیننه‌وه‌”. جا هه‌ڵیاندا و ئیتر له‌به‌ر زۆری ئه‌و ماسییانه‌ی تیایدا بوو نه‌یانتوانی ڕایكێشنه‌وه‌. ئه‌و قوتابییه‌ی ئیشۆع خۆشیده‌ویست به‌ په‌تڕۆسی وت: “ئه‌وه‌ په‌روه‌ردگاره‌!” كاتێ شیمعون په‌تڕۆس بیستی ئه‌وه‌ په‌روه‌ردگاره‌، خۆی به‌ جله‌كانی داپۆشی چونكه‌ ڕووت بوو، خۆی هه‌ڵدایه‌ نێو ده‌ریاكه‌. قوتابییه‌كانی دیكه‌ به‌ كه‌شتیه‌كه‌ هاتن و تۆڕی ماسییه‌كه‌یان ڕاده‌كێشا، چونكه‌ له‌ وشكایی دوور نه‌بوون، ته‌نها دوو سه‌د گه‌ز. كاتێ دابه‌زینه‌ وشكایی، بینییان وا پشكۆ دانراوه‌ و ماسی خراوه‌ته‌ سه‌ری له‌گه‌ڵ نان. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “له‌و ماسییانه‌ بهێنن كه‌ ئێستا گرتتان”. شیمعون په‌تڕۆسیش سه‌ركه‌وت و تۆڕه‌كه‌ی ڕاكێشایه‌ سه‌ر وشكانی، سه‌د و په‌نجا و سێ ماسی گه‌وره‌ی تێدابوو، له‌گه‌ڵ زۆریه‌كه‌شی تۆڕه‌كه‌ نه‌دڕا. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “وه‌رن بخۆن!”. كه‌س له‌ قوتابییه‌كان نه‌یوێرا لێ بپرسێت: تۆ كێیت؟ چونكه‌ زانییان په‌روه‌ردگاره‌. ئینجا ئیشۆع هات و نانه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و پێیدان، ماسیه‌كه‌ش ئاوا. ئه‌مه‌ سێیه‌م جار بوو ئیشۆع بۆ قوتابییه‌كان ده‌ركه‌وێت پاش هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردوواندا. دوای ئه‌وه‌ی نانیان خوارد ئیشۆع به‌ شیمعون په‌تڕۆسی فه‌رموو: “شیمعونی یۆنا، منت له‌مانه‌ زیاتر خۆشده‌وێت؟” پێی وت: “به‌ڵێ په‌روه‌ردگار، خۆت ده‌زانیت من خۆشمده‌وێیت”. پێی فه‌رموو: “شوانایه‌تی كاوڕه‌كانم بكه‌‌”. دیسان پێی فه‌رمووه‌وه‌: “شیمعونی یۆنا، منت خۆشده‌وێت؟” پێی وت: “به‌ڵێ په‌روه‌ردگار، خۆت ده‌زانیت من خۆشمده‌وێیت”. پێی فه‌رموو: “شوانایه‌تی مه‌ڕه‌كانم بكه‌”. سێیه‌م جار پێی فه‌رموو: “شیمعونی یۆنا، منت خۆشده‌وێت؟” په‌تڕۆس دڵگران بوو، چونكه‌ سێیه‌م جار پێی فه‌رموو: منت خۆشده‌وێت؟ پێی وت: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، خۆت هه‌موو شتێک ده‌زانیت. ده‌زانیت من‌ خۆشمده‌وێیت”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شوانایه‌تی مه‌ڕه‌كانم بكه‌. ڕه‌وا ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم، كاتێ گه‌نج بوویت پشتێنه‌كه‌ت ده‌به‌ست و بۆ هه‌ر شوێنێک بتویستایه‌ ده‌ڕۆیشتی. به‌ڵام كاتێ پیر ده‌بیت ده‌ستت درێژ ده‌كه‌یت و یه‌كێكی دیكه‌ پشتێنه‌كه‌ت ده‌به‌ستێت و ده‌تباته‌ شوێنێک كه‌ ناته‌وێت”. ئه‌مه‌ی وت وه‌ک ئاماژه‌كردنێک بۆ مردنی په‌تڕۆس كه‌ خودا شكۆدار ده‌كات. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌!” په‌تڕۆس ئاوڕی دایه‌وه‌ و ئه‌و قوتابییه‌ی بینی كه‌ ئیشۆع خۆشیده‌ویست دوایان كه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی شێوه‌كه‌ شانی به‌ سینگی ئیشۆع دابوو، وتی: “گه‌وره‌م، كێیه‌ ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستت ده‌كات؟” كاتێ په‌تڕۆس ئه‌مه‌ی بینی به‌ ئیشۆعی وت: “په‌روه‌ردگار ئه‌ی ئه‌مه‌ چی لێدێت؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌مێنێته‌وه‌ تاكو دێمه‌وه‌، به‌ تۆ چی؟ تۆ دوام بكه‌وه‌!”. ئیتر ئه‌م قسه‌یه‌ له‌نێو برایان وا بڵاو بووه‌وه‌ كه‌ ئه‌و قوتابییه‌ نامرێت. به‌ڵام ئیشۆع پێی نه‌فه‌رموو كه‌ نامرێت، به‌ڵكو: “ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌مێنێته‌وه‌ تاكو دێمه‌وه‌، به‌ تۆ چی؟”. ئـه‌مـه‌ش ئـه‌و قـوتـابـیـیـه‌یـه‌ كـه‌ ده‌ربـاره‌ی ئـه‌م شـتـانـه‌ گـــه‌واهـیـی ده‌دات و ئـه‌م شـتـانـه‌ی نـووســیـوه‌. ئــێــمـه‌ش ده‌زانــیـن گــه‌واهـیـیـه‌كــه‌ی ڕه‌وایــــه‌. زۆر شتی دیكه‌ هه‌یه‌ ئیشۆع كردوویه‌تی ئه‌گه‌ر یه‌ک له‌دوای یه‌ک بنووسرایه‌، وابزانم خودی جیهان جێگای ئه‌و په‌رتـووكـه‌ نـووسـراوانـه‌ی تێدا نه‌ده‌بووه‌وه‌. ئامین.