لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 1:18-27

یوخه‌ننه‌ن 1:18-27 PNTZS

ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو و له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی ده‌رچوون بۆ ئه‌وبه‌ری دۆڵی قه‌درون كه‌ باخچه‌یه‌كی لێبوو، خۆی و قوتابییه‌كانی چوونه‌ نێوی. ئیهووداش ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد، شوێنه‌كه‌ی ده‌ناسی، چونكه‌ ئیشۆع زۆر جار له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی له‌وێ كۆده‌بووه‌وه‌. ئینجا ئیهوودا سه‌رباز و ڕاژه‌وانه‌كانی كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كانی برد، به‌ مه‌شخه‌ڵ و چرا و چه‌كه‌وه‌ هاته‌ ئه‌وێ. ئیشۆعیش هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌زانی كه‌ به‌سه‌ری ده‌هات، ده‌رچوو و پێی فه‌رموون: “كێتان ده‌وێ؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئیشۆعی ناسڕه‌تی”. پێی فه‌رموون: “من ئه‌وم”. ئیهووداش كه‌ ڕاده‌ستی ده‌كات له‌گه‌ڵیان ڕاوه‌ستابوو. كاتێ پێی فه‌رموون: “من ئه‌وم”، گه‌ڕانه‌وه‌ دواوه‌ و كه‌وتنه‌ سه‌ر زه‌وی. دیسان لێی پرسینه‌وه‌: “كێتان ده‌وێ؟” وتیان: “ئیشۆعی ناسڕه‌تی”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “پێم وتن: من ئه‌وم”. ئه‌گه‌ر منتان ده‌وێ، با ئه‌مانه‌ بڕۆن”. بۆ هاتنه‌دیی ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ فه‌رمووی: “ئه‌وانه‌ی پێت دابووم كه‌سیانم له‌ناونه‌برد”. شیمعون په‌تڕۆس شمشێرێكی پێبوو، ده‌ریهێنا و له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵای دا و گوێی ڕاستی بڕی. ناوی كوێله‌كه‌ش مه‌لخۆس بوو. ئیشۆع به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كێلانه‌كه‌ی! ئه‌و جامه‌ی باوک پێی داوم نه‌یخۆمه‌وه‌؟”. ئیتر سه‌ربازه‌كان و فه‌رمانده‌كه‌یان و ڕاژه‌وانانی جووه‌كان ئیشۆعیان گرت و به‌ستیانه‌وه‌. یه‌كه‌مجار بردییانه‌ لای خه‌ننه‌ن، چونكه‌ خه‌زووری قه‌یاپا بوو كه‌ ئه‌وساڵه‌ كاهینی باڵا بوو. قه‌یاپاش ئه‌و پیاوه‌ بوو ڕاوێژی بۆ جووه‌كان كردبوو كه‌ باشتر وایه‌ پیاوێک له‌جیاتی هه‌موو گه‌ل بمرێت. شیمعون په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كی دیكه‌ شوێنی ئیشۆع كه‌وت. چونكه‌ ئه‌و قوتابییه‌ له‌لای كاهینی باڵا ناسراو بوو، له‌گه‌ڵ ئیشۆع چووه‌ خانووی كاهینی باڵا، به‌ڵام په‌تڕۆس له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌لای ده‌رگاكه‌ ڕاوه‌ستابوو. به‌ڵام قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌‌ كه‌ كاهینی باڵا ده‌یناسی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كچه‌ ده‌رگاوانه‌كه‌ كرد و په‌تڕۆسی هێنایه‌ ژووره‌وه‌. كه‌نیزه‌ ده‌رگاوانه‌كه‌ به‌ په‌تڕۆسی وت: “تۆش له‌ قوتابییه‌كانی ئه‌م كابرایه‌ نیت؟” ئه‌ویش وتی: “من نیم!”. كۆیله‌ و ڕاژه‌وانه‌كان ڕاوه‌ستابوون، ئاگریان كردبووه‌وه‌ و خۆیان گه‌رم ده‌كرده‌وه‌، چونكه‌ سه‌رما بوو، په‌تڕۆسیش له‌گه‌ڵیان وه‌ستابوو، خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌. كاهینی باڵا ده‌رباره‌ی قوتابییه‌كانی و فێركردنه‌كه‌ی له‌ ئیشۆعی پرسی. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “به‌ ئاشكرا بۆ جیهان دوام، من هه‌رده‌م له‌ كه‌نیشت و په‌رستگادا خه‌ڵكم فێرده‌كرد، كه‌ هه‌میشه‌ هه‌موو جوو لێی كۆده‌بنه‌وه‌. هیچم به‌ نهێنی نه‌ووتووه‌. بۆچی پرس له‌ من ده‌كه‌یت؟ له‌وانه‌ بپرسه‌ كه‌ گوێیان لێبووه‌ چیم پێیان وتووه‌. ئه‌وانه‌ ده‌زانن من چیم وتووه‌”. كاتێ ئه‌مه‌ی فه‌رموو یه‌كێک له‌ ڕاژه‌وانان كه‌ له‌لای ڕاوه‌ستابوو زللـه‌یه‌كی له‌ ئیشۆع دا و وتی: “ئاوا وه‌ڵامی كاهینی باڵا ده‌ده‌یته‌وه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌گه‌ر قسه‌ی خراپم كردووه‌، گه‌واهیی له‌سه‌ر خراپه‌كه‌ بده‌. ئه‌گه‌ر باشیشه‌، بۆچی لێم ده‌ده‌یت؟” ئینجا خه‌ننه‌ن به‌ به‌ستراوه‌یی بۆ قه‌یاپا كاهینی باڵای نارد. شیمعون په‌تڕۆسیش ڕاوه‌ستابوو، خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌، پێیان وت: “تۆش له‌ قوتابییه‌كانی ئه‌و نیت؟” ئه‌ویش نكۆڵیی كرد و وتی: “من نیم!”. یه‌كێک له‌ كۆیله‌كانی كاهینی باڵا خزمی ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌تڕۆس گوێی لێكرده‌وه‌، وتی: “ئه‌ی له‌ باخچه‌كه‌دا تۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌بینی؟” دیسان په‌تڕۆس نكۆڵیی كرد. یه‌كسه‌ر كه‌ڵه‌شێر قوولاندی.