لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 19:14-31

یوخه‌ننه‌ن 19:14-31 PNTZS

پاش كه‌مێک ئیتر جیهان نامبینێت، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌مبینن. من زیندووم و ئێوه‌ش ده‌ژین. له‌و ڕۆژه‌دا ده‌زانن من له‌ باوكمدام، ئێوه‌ش له‌ مندان، منیش له‌ ئێوه‌دام. ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌كانی منی له‌لایه‌ و ده‌یپارێزێت، ئه‌وا منی خۆشده‌وێت. ئه‌وه‌ی منی خۆشبووێ، باوكم خۆشیده‌وێت، منیش خۆشمده‌وێت و خۆمی بۆ ده‌رده‌خه‌م”. ئیهووداش، ئه‌سخه‌ریوتییه‌كه‌ نا، پێی وت: “گه‌وره‌م، چی بووه‌ تاكو به‌ نیازیت خۆت بۆ ئێمه‌ ده‌ربخه‌یت، به‌ڵام بۆ جیهان نا؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی منی خۆشبووێ وته‌كه‌م ده‌پارێزێت، باوكیشم خۆشیده‌وێت و دێینه‌ لای، له‌لای ئه‌ویش ماڵێک سازده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ی منیشی خۆشناوێت، وته‌كه‌م ناپارێزێت. ئه‌م وته‌ی ده‌یبیستن هی من نییه‌، به‌ڵكو هی ئه‌و باوكه‌یه‌ كه‌ ناردوومی. ئه‌مانه‌م پێ وتن كه‌ هێشتا له‌لاتانم. به‌ڵام دڵنه‌واییده‌ره‌كه‌، ڕووحی پارسا، ئه‌وه‌ی باوک به‌ ناوی من ده‌ینێرێت، ئه‌و هه‌موو شتێكتان فێرده‌كات و هه‌موو وته‌كانم بیرتان ده‌خاته‌وه‌. ئاشتیتان بۆ به‌جێ ده‌هێڵم، ئاشتیی خۆمتان ده‌ده‌مێ. ئه‌وه‌ی من ده‌تانده‌مێ وه‌ک ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ جیهان ده‌یدات. دڵتان نه‌شڵه‌ژێت و مه‌ترسن. بیستتان پێم وتن: ده‌ڕۆم و پاشان دێمه‌وه‌ لاتان. ئه‌گه‌ر منتان خۆشبووێ، دڵشاد ده‌بن كه‌ ده‌ڕۆمه‌ لای باوک، چونكه‌ باوک له‌ من مه‌زنتره‌. ئه‌وه‌تا پێش ڕوودانی ئێستا پێم وتن، تاكو كاتێ ڕوویدا باوه‌ڕ بهێنن. درێژه‌ به‌ قسه‌ ناده‌م، چونكه‌ سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه ‌وا دێت و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له‌سه‌ر من نییه‌. به‌ڵام تاكو جیهان تێبگات من باوكم خۆشده‌وێت و وه‌ک باوک ڕایسپاردم ئاوا ده‌كه‌م. هه‌ستن با لێره‌ بڕۆین.