لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 18:13-38

یوخه‌ننه‌ن 18:13-38 PNTZS

باسی هه‌مووتان ناكه‌م. ئه‌وانه‌ی هه‌ڵمبژاردوون ده‌یانناسم، به‌ڵام تاكو نووسراوه‌كه‌ بێته‌ دی: {ئه‌وه‌ی نانم له‌گه‌ڵ ده‌خوات، لێم هه‌ڵگه‌ڕا} . له‌ ئێستاوه‌ پێتان ده‌ڵێم پێش ڕوودانی، تاكو كاتێ ڕوویدا، باوه‌ڕ بهێنن كه‌ من ئه‌وم. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ بكات كه‌ من ده‌ینێرم، ئه‌وا په‌سه‌ندی من ده‌كات، ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی من بكات، په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناردوومی”. كاتێ ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، له‌ ڕووحدا شڵه‌ژا و گه‌واهیی دا و فه‌رمووی: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان ڕاده‌ستم ده‌كات!”. قوتابییه‌كان سه‌یری یه‌كتریان ده‌كرد و دڵنیا نه‌بوون مه‌به‌ستی كێیه‌. یه‌كێک له‌ قوتابییه‌كان كه‌ ئیشۆع خۆشیده‌ویست له‌ باوه‌شیدا پاڵیدابووه‌وه‌، شیمعون په‌تڕۆس ئاماژه‌ی بۆ كرد تاكو پرس بكات مه‌به‌ستی له‌ كێیه‌. ئه‌ویش شانی به‌سه‌ر سینگی ئیشۆعدا دا و پێی وت: “گه‌وره‌م، كێیه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاروو ده‌ژه‌نم و ده‌یده‌مێ!”. ئینجا پارووه‌كه‌ی ژه‌نی و دایه‌ ئیهوودای شیمعونی ئه‌سخه‌ریوتی. پاش پارووه‌كه‌، شه‌یتان چووه‌ نێویه‌وه‌. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌یت خێرا بیكه‌”. له‌وانه‌ی دانیشتبوون كه‌سیان تێنه‌گه‌یشت بۆچی ئه‌مه‌ی پێ فه‌رموو، چونكه‌ چه‌مه‌دانی پاره‌ش له‌لای ئیهوودا بوو، هه‌ندێكیان وایانزانی پێی ده‌فه‌رمووێ: چیمان پێویسته‌ بۆ جه‌ژن بیكڕه‌، یان شتێک بداته‌ هه‌ژاران. ئه‌ویش كه‌ پارووه‌كه‌ی وه‌رگرت یه‌كسه‌ر ده‌رچوو. شه‌ویش بوو. كاتێ ده‌رچوو، ئیشۆع فه‌رمووی: “ئێستا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ شكۆدار كرا و خوداش تیایدا شكۆدار كرا. جا ئه‌گه‌ر خودا تیایدا شكۆدار كرا، خوداش له‌ خۆیدا شكۆداری ده‌كات، خێراش شكۆداری ده‌كات. ڕۆڵه‌كانم، ماوه‌یه‌كی كورته‌ له‌گه‌ڵتانم. جا به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێن، وه‌ک به‌ جووه‌كانم وت، ئێستا به‌ ئێوه‌شی ده‌ڵێم: ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم. ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان ده‌ده‌مێ: یه‌كتریتان خۆشبووێ. وه‌ک خۆشمویستن، ئێوه‌ش یه‌كتریتان خۆشبووێ. به‌مه‌ هه‌مووان ده‌زانن كه‌ قوتابیی منن، ئه‌گه‌ر یه‌كترتان خۆشبووێ. شیمعون په‌تڕۆسیش پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆ كوێ ده‌ڕۆیت؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌و شوێنه‌ی بۆی ده‌ڕۆم، ئێستا ناتوانیت دوام بكه‌ویت، به‌ڵام دواتر دوام ده‌كه‌ویت”. په‌تڕۆس پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆچی ئێستا ناتوانم دوات بكه‌وم؟ ژیانم بۆ تۆ داده‌نێم”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ژیانت بۆ من داده‌نێیت؟ ڕه‌وا ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: تا كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت!