لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 1:13-29

یوخه‌ننه‌ن 1:13-29 PNTZS

پێش جه‌ژنی په‌سخه‌، ئیشۆع ده‌یزانی كاتی هاتووه‌ و ئه‌م جیهانه‌ به‌جێبهێڵێت بۆ لای باوک، جا ئه‌وانه‌ی هی خۆی بوون له‌ جیهاندا خۆشیویستن، تاكو ئه‌وپه‌ڕی خۆشویستن. ژه‌می ئێواره‌ بوو، شه‌یتان خستبوویه‌ دڵی ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كوڕی شیمعون، كه‌وا ڕاده‌ستی بكات. ئیشۆعیش ده‌یزانی باوک هه‌موو شتێكی به‌ ده‌ستی داوه‌ و له‌ خوداوه‌ هاتووه‌ و بۆ خوداش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌سه‌ر خوان هه‌ستا، كراسه‌كه‌ی داكه‌ند و خاولییه‌كی هه‌ڵگرت و له‌ ناوقه‌دی به‌ستا، ئینجا ئاوی له‌ ده‌ستشۆرێكی كرد و ده‌ستی به‌ شوشتنی پێی قوتابییه‌كان كرد و به‌و خاولییه‌ی به‌ ناوقه‌دیه‌وه‌ به‌ستبووی ده‌یسڕییه‌وه‌. كاتێ گه‌یشته‌ لای شیمعون په‌تڕۆس، شیمعون پێی وت: “گه‌وره‌م، تۆ پێی من ده‌شۆیت!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئێستا ئه‌مه‌ی ده‌یكه‌م تێناگه‌یت، به‌ڵام دواتر تێده‌گه‌یت”. په‌تڕۆس پێی وت: “هه‌رگیز پێم ناشۆیت!”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌گه‌ر نه‌تشۆم، له‌گه‌ڵ من به‌شت نابێت”. جا شیمعون په‌تڕۆس پێی وت: “گه‌وره‌م، ته‌نها پێم نا، به‌ڵكو ده‌ست و سه‌ریشم!” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی خۆی شوشتبێت ته‌نها پێویستی به‌ پێ شوشتن هه‌یه‌، هه‌مووی بێگه‌رده‌. ئێوه‌ش بێگه‌ردن به‌ڵام هه‌مووتان نا”. چونكه‌ ده‌یزانی كێ ڕاده‌ستی ده‌كات، بۆیه‌ فه‌رمووی: “هه‌مووتان بێگه‌رد نین”. كه‌ پێیانی شوشت، كراسه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و دانیشته‌وه‌، پێی فه‌رموون: “ئایا له‌وه‌ی بۆم كردن تێگه‌یشتن؟ ئێوه‌ به‌ ڕابی و گه‌وره‌ بانگم ده‌كه‌ن و ڕاست ده‌كه‌ن، چونكه‌ وام. جا كه‌ من گه‌وره‌ و ڕابیم و پێم شوشتن، ئێوه‌ش له‌سه‌رتانه‌ پێی یه‌كتری بشۆن. چونكه‌ نموونه‌یه‌كم پێدان تاكو ئه‌وه‌ی من بۆم كردن ئێوه‌ش بیكه‌ن. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كۆیله‌ له‌ گه‌وره‌كه‌ی مه‌زنتر نییه‌، په‌یامبه‌ریش له‌وه‌ی ناردوویه‌تی مه‌زنتر نییه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تان زانی، به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وتان كرد. باسی هه‌مووتان ناكه‌م. ئه‌وانه‌ی هه‌ڵمبژاردوون ده‌یانناسم، به‌ڵام تاكو نووسراوه‌كه‌ بێته‌ دی: {ئه‌وه‌ی نانم له‌گه‌ڵ ده‌خوات، لێم هه‌ڵگه‌ڕا} . له‌ ئێستاوه‌ پێتان ده‌ڵێم پێش ڕوودانی، تاكو كاتێ ڕوویدا، باوه‌ڕ بهێنن كه‌ من ئه‌وم. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ بكات كه‌ من ده‌ینێرم، ئه‌وا په‌سه‌ندی من ده‌كات، ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی من بكات، په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناردوومی”. كاتێ ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، له‌ ڕووحدا شڵه‌ژا و گه‌واهیی دا و فه‌رمووی: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان ڕاده‌ستم ده‌كات!”. قوتابییه‌كان سه‌یری یه‌كتریان ده‌كرد و دڵنیا نه‌بوون مه‌به‌ستی كێیه‌. یه‌كێک له‌ قوتابییه‌كان كه‌ ئیشۆع خۆشیده‌ویست له‌ باوه‌شیدا پاڵیدابووه‌وه‌، شیمعون په‌تڕۆس ئاماژه‌ی بۆ كرد تاكو پرس بكات مه‌به‌ستی له‌ كێیه‌. ئه‌ویش شانی به‌سه‌ر سینگی ئیشۆعدا دا و پێی وت: “گه‌وره‌م، كێیه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاروو ده‌ژه‌نم و ده‌یده‌مێ!”. ئینجا پارووه‌كه‌ی ژه‌نی و دایه‌ ئیهوودای شیمعونی ئه‌سخه‌ریوتی. پاش پارووه‌كه‌، شه‌یتان چووه‌ نێویه‌وه‌. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌یت خێرا بیكه‌”. له‌وانه‌ی دانیشتبوون كه‌سیان تێنه‌گه‌یشت بۆچی ئه‌مه‌ی پێ فه‌رموو، چونكه‌ چه‌مه‌دانی پاره‌ش له‌لای ئیهوودا بوو، هه‌ندێكیان وایانزانی پێی ده‌فه‌رمووێ: چیمان پێویسته‌ بۆ جه‌ژن بیكڕه‌، یان شتێک بداته‌ هه‌ژاران.