لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 1:12-31

یوخه‌ننه‌ن 1:12-31 PNTZS

شه‌ش ڕۆژ پێش جه‌ژنی په‌سخه‌ ئیشۆع هاته‌ بتعه‌نیا كه‌ له‌عازه‌ڕی لێبوو، ئه‌وه‌ی مردبوو و له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌. له‌وێ شێوێكیان بۆی كرد، مه‌رتا ڕاژه‌ی ده‌كرد، له‌عازه‌ڕیش یه‌كێک بوو له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی پاڵیدابووه‌وه‌. مه‌ریه‌میش مه‌نناێک بۆنی ناردینی ساده‌ی گرانبه‌های هێنا و پێی ئیشۆعی چه‌وركرد، ئینجا به‌ قژی پێی سڕییه‌وه‌، ماڵه‌كه‌ش پڕبوو له‌ بۆنه‌ خۆشه‌كه‌. ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ یه‌كێک بوو له‌ قوتابییه‌كانی و به‌ته‌مابوو ڕاده‌ستی بكات، وتی: “بۆچی ئه‌م بۆنه‌ به‌ سێ سه‌د دینار نه‌فرۆشرا و نه‌‌درا هه‌ژاران؟” ئه‌مه‌ی وت نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌می هه‌ژاران ده‌خوات، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دز بوو و چه‌مه‌دانی پاره‌شی له‌لا بوو، هه‌رچی تێدا دابنرابایه‌ ده‌یبرد. ئیشۆعیش فه‌رمووی: “لێیگه‌ڕێن، بۆ ڕۆژی كفن كردنم هه‌ڵیگرتبوو، چونكه‌ هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌لاتانن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم”. كاتێ كۆمه‌ڵانێک جوو زانییان ئه‌و له‌وێیه‌، هاتن، نه‌ک ته‌نها له‌به‌ر ئیشۆع، به‌ڵكو بۆ بینینی له‌عازه‌ڕیش كه‌ له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌. ئه‌وسا كاهینانی باڵا ڕاوێژیان كرد له‌عازه‌ڕیش بكوژن، چونكه‌ زۆر جوو له‌به‌ر ئه‌و ده‌ڕۆیشتن و باوه‌ڕیان به‌ ئیشۆع ده‌هێنا. بۆ به‌یانی، ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ زۆره‌ی هاتبوونه‌ جه‌ژن، بیستیان ئیشۆع دێته‌ یروشلایم. لقه‌ دارخورمایان برد و به‌ره‌وپیری چوون، هاواریان ده‌كرد: “هۆسانا! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت! پاشای ئیسڕائیل!” ئیشۆع جاشێكی بینی، سواری بوو، وه‌ک نووسراوه‌: {مه‌ترسه‌ ئه‌ی كچی سهیۆن، ئه‌وه‌تا پاشاكه‌ت دێت به‌ سواری جاش ماكه‌رێك} . سه‌ره‌تا قوتابییه‌كانی له‌مانه‌ تێنه‌گه‌یشتن. به‌ڵام كه‌ ئیشۆع شكۆدار بوو، ئه‌وسا بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و نووسراون، ئه‌وانیش ئه‌مانه‌یان بۆ ئه‌و كرد. كۆمه‌ڵه‌كه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون كاتێ له‌عازه‌ڕی له‌ گۆڕه‌كه‌وه‌ بانگكرد و له‌نێو مردوواندا هه‌ستاندیه‌وه‌، گه‌واهییان بۆی ده‌دا. بۆیه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێشوازییان كرد، چونكه‌ بیستیان ئه‌و په‌رجوه‌‌ی كردووه‌. په‌ڕیشییه‌كانیش به‌ یه‌كتریان وت: “ده‌بینن! ئێوه‌ هیچتان له‌ ده‌ست نایه‌ت! ئه‌وه‌تا هه‌موو جیهان دوای كه‌وت!”. هه‌ندێک یۆنانی له‌نێو ئه‌وانه‌ بوون كه‌ هاتبوون له‌ جه‌ژندا كڕنۆش ببه‌ن، ئه‌مان هاتنه‌ لای پیلیپوسی خه‌ڵكی بتسه‌یده‌نی گلیلا، پێیان وت: “گه‌وره‌م، ده‌مانه‌وێت ئیشۆع ببینین”. پیلیپوسیش هات و به‌ ئه‌ندراوسی وت، ئینجا ئه‌ندراوس و فلیپۆس هاتن و به‌ ئیشۆعیان وت. به‌ڵام ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “كاتی شكۆداركردنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ده‌نكه‌ گه‌نم ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وێته‌ نێو زه‌وی و نه‌مرێت، به‌ ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام كه‌ مرد، ئه‌وسا به‌رهه‌می زۆر ده‌دات. ئه‌وه‌ی خۆی خۆشده‌وێت، ده‌یدۆڕێنێت. ئه‌وه‌ش كه‌ له‌م جیهانه‌دا ڕقی له‌ خۆی ده‌بێته‌وه‌، بۆ ژیانی جاویدانی هه‌ڵیده‌گرێت. ئه‌وه‌ی ڕاژه‌م ده‌كات با به‌دوام بكه‌وێت. جا له‌ هه‌ر شوێنێک بم، ڕاژه‌وانیشم له‌وێیه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک ڕاژه‌م بكات باوک ڕێزی لێ ده‌گرێت. ئێستا دڵم شڵه‌ژاوه‌، چی بڵێم؟ باوكه‌ له‌م كاته‌ ڕزگارم بكه‌؟ به‌ڵام من بۆ ئه‌م كاته‌ هاتووم. باوكه‌، ناوت شكۆدار بكه‌!” جا ده‌نگێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات: “شكۆدارم كردووه‌ و شكۆداریشی ده‌كه‌مه‌وه‌!”. كۆمه‌ڵه‌كه‌ كه‌ ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێبوو، وتیان: “هه‌وره‌تریشقه‌ بوو!” هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “فریشته‌یه‌ک قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد!”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌م ده‌نگه‌ی هات بۆ من نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئێوه‌ بوو. ئێستا حوكمدانی ئه‌م جیهانه‌یه‌. ئێستا سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌كرێته‌ ده‌ره‌وه‌.