لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 17:11-37

یوخه‌ننه‌ن 17:11-37 PNTZS

كاتێ ئیشۆع هات، زانی وا چوار ڕۆژه‌ له‌ گۆڕدایه‌. بتعه‌نیاش نزیكه‌ی پازده‌ تیرهاوێژ له‌ یروشلایمه‌وه‌ دوور بوو. زۆر جوو هاتنه‌ لای مه‌رتا و مه‌ریه‌م تاكو سه‌ره‌خۆشی براكه‌یان لێ بكه‌ن. كاتێ مه‌رتا بیستی ئیشۆع هاتووه‌، به‌ره‌وپیری چوو، مه‌ریه‌میش له‌ ماڵ مایه‌وه‌. ئینجا مه‌رتا به‌ ئیشۆعی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد! به‌ڵام من ئێستاش ده‌زانم هه‌رچی له‌ خودا داوا بكه‌یت، خودا ده‌تداتێ”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “براكه‌ت هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. مه‌رتاش پێی وت: “ده‌زانم له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ڕۆژی دوایی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “منم هه‌ستانه‌وه‌ و ژیان. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌گه‌ر بشمرێت ده‌ژیێته‌وه‌. هه‌ر كه‌سێكیش كه‌ زیندووه‌ و باوه‌ڕم پێ بهێنێت تاهه‌تایه‌ نامرێت. باوه‌ڕ به‌مه‌ ده‌كه‌یت؟” پێی وت: “به‌ڵێ گه‌وره‌م. باوه‌ڕم هێناوه‌ كه‌ تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، ڕۆڵه‌ی خودای، ئه‌وه‌ی بۆ جیهان دێت”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، چوو مه‌ریه‌می خوشكی بانگكرد و به‌ نهێنی وتی: “ڕابی هاتووه‌، بانگت ده‌كات”. ئه‌ویش كه‌ ئه‌مه‌ی بیست خێرا هه‌ستا و هاته‌ لای. ئیشۆع هێشتا نه‌هاتبووه‌ نێو گونده‌كه‌، به‌ڵكو له‌و شوێنه‌ بوو كه‌ مه‌رتای لێ بینی. ئه‌و جووانه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵی بوون و دڵنه‌واییان ده‌كرد، بینییان مه‌ریه‌م خێرا هه‌ستا و چووه‌ ده‌ره‌وه‌، دوای كه‌وتن و وتیان: “دیاره‌ ده‌چێته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ تاكو له‌وێ بگریێت”. كاتێ مه‌ریه‌م گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌ی ئیشۆعی لێبوو و ئه‌وی بینی، به‌سه‌ر پێیدا كه‌وت و پێی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد”. ئیشۆعیش كه‌ بینی ده‌گریێت و ئه‌و جووانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون ده‌گریێن، كاری له‌ ڕووحی كرد و په‌شۆكا، فه‌رمووی: “له‌كوێتان داناوه‌؟” پێیان وت: “گه‌وره‌م، وه‌ره‌ و ببینه‌”. ئیشۆع گریا. جووه‌كانیش وتیان: “سه‌یركه‌ن چه‌ند خۆشیده‌ویست!” هه‌ندێكیان وتیان: “ئه‌مه‌ كه‌ چاوی نابیناكه‌ی كرده‌وه‌، ئایا نه‌یده‌توانی وای بكردایه‌ ئه‌میش نه‌مردایه‌؟”.