لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 22:10-39

یوخه‌ننه‌ن 22:10-39 PNTZS

زستان بوو و له‌ یروشلایم جه‌ژنی ته‌رخانكردن بوو، ئیشۆعیش له‌ په‌رستگادا له‌ هه‌یوانی شلیمون پیاسه‌ی ده‌كرد. جووه‌كان لێی كۆبوونه‌وه‌ و پێیان وت: “تا كه‌ی به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌مانهێڵیته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، به‌ ئاشكرا پێمان بڵێ”. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “من پێم وتن به‌ڵام باوه‌ڕ ناهێنن. ئه‌و كارانه‌ی به‌ ناوی باوكمه‌وه‌ ده‌یكه‌م، گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن. به‌ڵام باوه‌ڕ ناهێنن، چونكه‌ له‌ كاوڕه‌كانم نین وه‌كو پێم وتن. كاوڕه‌كانم گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرن، منیش ده‌یانناسم و دوامده‌كه‌ون، ژیانی جاویدانیان ده‌ده‌مێ و تاهه‌تایه‌ له‌ناو ناچن، كه‌سیش له‌ ده‌ستم نایانڕفێنێت. باوكم كه‌ به‌ منی داون له‌ هه‌مووان مه‌زنتره‌، كه‌سیش ناتوانێت له‌ ده‌ستی باوكم بیانڕفێنێت. من و باوک یه‌كین”. دیسان جووه‌كان به‌ردیان هه‌ڵگرت تاكو به‌ردبارانی بكه‌ن. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “زۆر كاری چاكم له‌لایه‌ن باوكه‌وه‌ پیشاندان، به‌هۆی كامیانه‌وه‌ به‌ردبارانم ده‌كه‌ن؟” جووه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “له‌به‌ر كردارێكی چاک به‌ردبارانت ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌هۆی كفره‌وه‌، چونكه‌ تۆ مرۆڤیت و خۆت ده‌كه‌یت به‌ خودا”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ئایا له‌ ته‌وراته‌كه‌تان نه‌نووسراوه‌: {من وتم ئێوه‌ خوداوه‌نده‌كانن} ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ به‌ خوداوه‌نده‌كان بانگ بكات كه‌ وشه‌ی خودا بۆ ئه‌وان هاتووه‌ و ناتوانرێت په‌رتووكه‌كه‌ بشكێندرێت چۆن ئه‌وه‌ی كه‌ باوک پارسای كردووه‌ و بۆ جیهانی ناردووه‌ ده‌ڵێن: كفر ده‌كات، چونكه‌ وتم: ڕۆڵه‌ی خودام؟ ئه‌گه‌ر كاره‌كانی باوكم ناكه‌م، باوه‌ڕم پێ مه‌هێنن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌یكه‌م، ئێوه‌ باوه‌ڕیشم پێ ناهێنن، باوه‌ڕ به‌و كارانه‌ بهێنن، تاكو بزانن و باوه‌ڕ بهێنن كه‌ باوک له‌ مندایه‌ و منیش له‌ باوكدام”. دیسان ویستیان بیگرن، به‌ڵام له‌ ده‌ستیان ده‌رچوو.